هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان..
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن، لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە 30ی 9ی 2018 و، لەدوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانی هەڵبژاردن و ئاکامەکانی، #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە پشوودرێژی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکان لە مانگی 11ی 2018یەوە دەست پێ کرد. بۆ ئەوەی تەبایی و یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان بپارێزرێت و ڕێگە لە هەر کەلێنێک لە پڕۆسەی پێکهێنانی دامودەزگە شەرعییەکانی هەرێم بگیرێت. هەروەها لەپێناو ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ڕهەندێکی نیشتیمانیی بەرفراوان وەربگرێت، پارتی سەردانی هەموو لایەنەکانی کردووە و خەڵکی کوردستان و هەموو لایەک شاهیدی ئەو پشوودرێژی و نیازپاکییەی پارتی دیموکراتی کوردستانن.
لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماکانی بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە جومگەکانی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و پڕۆسەی چاکسازی، لە 4ی 3ی 2019 لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕێککەوتنێکمان ئیمزا کرد. هەروەها بۆ ڕەچاوکردنی پڕەنسیپی شەراکەت لە 5ی 5ی 2019 ڕێککەوتنێکی تر لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئیمزا کرا لەسەر ئەو پشک و پێگانەی کە یەکێتی لە حکوومەتی داهاتووی کوردستان وەری دەگرێت.
هەروەها لە ڕێککەوتی 4ی 3ی 2019 لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ #کەرکووک# و ناوچەکانی ماددەی 140، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک ڕێککەوتین. بە جۆرێک کە هاوتەریب لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگای کەرکووک بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی.
لەدوای ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریکردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕێک کەوتبوون. هەروەها سەبارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێکتێگەییشتن و ڕێککەوتن لەنێوان سەرۆک بارزانی و بەڕێز کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی هەبووە لەسەر دیاریکردنی کەسێکی کوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەکێتی پابەندی ئەو ڕێککەتنە بن. کەچی کاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەرکردەیەکی یەکێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری کەرکووک بۆ ئێمە ناردووە کە ئەمە پێشێلکردنی ڕێککەوتن و بەڵێنەکان بووە.
بە داخەوە برادەرانی یەکێتی بە بێی ڕەچاوکردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێککەوتنەکان کرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم نەبوون، هەروەکچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێککەوتن کرد و بەشداری کۆبوونەوەی 18ی 2ی 2019ی پارلەمانی کوردستان نەبوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی هەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانکاری لەبەرانبەر یەکێتی گرتەبەر. هەر ئەوەیش بووە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان کە ئەو دواکەوتنەیش زیانی بۆ پێگەی هەرێم و پڕۆسەی سیاسی هەبووە بە تایبەتی کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا گوزەر دەکەن و پێویستیمان بە حکوومەتێکی بەهێز و ناوماڵێکی تەبا و یەکڕیز بۆ کوردستان هەیە.
بەداخەوە پشتکردنی برایانی یەکێتی لە ڕێککەوتنەکان و هەوڵدان بۆ کاتکوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەکات کە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە کە پڕۆسەی سیاسیی دوابخرێت و پەکبخرێت و بە ئەنجام نەگات.
#28-05-2019#