ڕژێمی تورکیا کە ئاداری 2018#عەفرین#ی داگیر کرد، بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژ تاوانی دژبە مرۆڤایەتی و شەڕ دەکات. هەروەها سروشت تێکدەدات.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA)، لە پارەوە تاکوو ئێستا لە عەفرین و گوندەکانی ڕووبەری 11 هەزار هێکتار دارستان سووتێنراوە. ئەو دارستانانەی کە سووتێنراون بریتین لە: چیاکانی ساری سینێ، خرابێ سماق، کورێ، کومرەشێ، سوورکێ و جرقا-ی ناوچەی ڕاجۆ.
هەروەها نزیکەی نیوەی دارستانی چیاکانی بافرانێ، قەڵای هاوارێ و ڕشا ئیسیێ، چیاکانی گوندی ڕووت ا(دۆڵی جەهەننەم)، ڕەمەدانا و گوردای ناوچەی ماباتا سووتێنراون. دارستانەکانی گوندی تەتەرا، حاجی حەسەن، قازقلی، شێخ محەمەد و چوولاقای ناوچەی جندرێس ئاگریان تێبەردراوە.
هاوکات دارستانی ناوەندی دەریاچەی مەیدانکی، دارستانەکانی تەتەرا، قەسیری و قازقلیی ناوچەی جندرێس و ڕووبەرا لەنێوان گوندەکانی گوبەکا و سێویا لە ناوچەی ماباتا سووتێنراون.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی گەلی هەرێمی عەفرین نورشان حوسێن له و بارەیەوە ڕایگەیاند، تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی هەوڵ دەدەن دیمۆگرافیای کانتۆنەکە لە هەموو لایەکەوە بگۆرن. هاوڵاتییان ناچار دەکەن کۆچ بکەن. هەروەها بەردەوامن لە کوشتن و پێشێلکارییەکانی دژبە مافی مرۆڤ.
نورشان گوتی، (تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی دەزانن کە خەڵکی عەفرین ئەوانەی لە شەهبا جێگیرن، بە بەرخۆدانەوە گرێدراون و بەسەر تیرۆردا سەردەکەون، بۆیە ژینگە و سروشتی عەفرین تێکدەدەن و دارستانەکان دەسووتێنن.)
ناوبراو داوای لە ڕێکخراوەکانی بواری سروشت و ژینگە کرد لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا لە ئاست سروشت و دارستانەکانی عەفرین هەڵوێستیان هەبێت.[1]
#29-05-2019#