بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەن و بەرپرسی سەرجەم مەکتەب و دەستە و دەزگا و لقەکانی پارتیمان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 1ی 6ی 2019، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجامدا و، چەند بابەتێکی گرینگ و هەنوکەیی خستە بەر باس و گفتوگۆکردن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا. لە دەستپێکدا کۆبوونەوە وێڕای خۆشحاڵی، پشتگیری خۆی بۆ هەڤاڵ #نێچیرڤان بارزانی# دەربڕی لە ئەرکی تازەیدا وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و، پیرۆزبایی لێ کرد.
دواتر لە ڕوانگەی خوێندنەوەیەکی واقعیانەی قۆناغی ئێستای کۆمەڵگاکەمان و هەستیاریی بارودۆخی سیاسی و عەسکەری و ئابووریی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و کوردستان بە تایبەتی کە, ڕوداو و گۆڕانکاری زۆر و خێرا بەخویەوە دەبینێ و، ناوچەکە بە کوردستانیشەوە چاوەڕوانی گۆڕانکاری و ئاڵۆزی زێدەتری لێدەکرێت، پارتیمان لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتی مێژوویی بەرامبەر بە گەل و نیشتمانەکەی وەک هەمیشە گۆتار و هەنگاوەکانی بە شێوازێک ڕێکدەخات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بارودۆخەکە و ڕێگە لە زیانگەیاندن بە ئەزمونەکەمان بگرێت.
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و کوردستان، کە پێویستی بە هەڵوەستەلەسەرکردن و خوێندنەوەیەکی نوێ هەیە، بەتایبەتی دوای کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم, کۆبوونەوە دانبەخۆداگرتن و پشودرێژیی پارتی لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018، لە گوتار و هەنگاوەکان بە ئیجابی هەژمارد کە، بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی کەشی هێمنانە و خۆبەدورگرتن لە موهاتەراتی میدیایی و هەرجۆرە پەرچەکردارێک بووە لە پێناو سەقامگیری و یەکڕیزی و پاراستنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ هەموو لایەکی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا و، سەردان و گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ لایەنەکانی کوردستانی و عێراقی شاهیدی ئه و ڕاستیەمان بۆ دەدەن کە هەنگاوەکانمان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانەکەمان بووە. سەبارەت بە عێڕاقیش، لەگەڵ حکوومەتی عێراق، تا ئێستا پەیوەندیمان باشە و نەخشەڕێگای دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەباشی بەڕێوەدەچێت، سەرەرای هەبوونی گیروگرفت کە هەندێجار بە ئەنقەست دروستدەکرێن چ لە بەغدا یاخود لە کوردستان، بەردەوامدەبین.
کۆبوونەوە لەسەر بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەکە و کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵوەستەی کرد و گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرد، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق و کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە، هیوای خواست بە حیوار و بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و ناوچەکە دوربێت لە شەڕ.
لە تەوەرێکی دیکەدا کۆبوونەوە هەڵوەستەی لەسەر دیاردەی سوتاندنی دەغڵودانی جوتیارانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد و ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی نیشاندا و بە کارێکی ناڕەوا و تەعدای هەژمارکرد دەرهەق بە دانیشتوانی کوردی ئه و ناوچانە و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە و بابەتی تەعریب کرد و داواشی کرد حکومەتی فیدرال قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکاتەوە, هاوکات پێمان وایە ئیدارەی #کەرکووک# و ناوچەکانی دیکەی هاوشێوە، بە هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی هەردوولا نەبێت بەڕێوەناچێت.
پارتیمان, لەدوای سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی ڕابردوو و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بڕیاری ڕێگەخۆشکردن و زەمینەی پتری تەبایی و یەکڕیزی و سیاسەتی گفتوگۆ و پەیوەندیکردنی لە ناوخۆ گرتە بەر، کە ئەمەش لەوپەڕی هەست بە بەرپرسیاریەتی و لەپێناو سەقامگیری سەرچاوەی گرتووە.
لە ناوخۆش پێویستی بە تێگەیشتن و هاتنە پێشەوەی لایەنەکان هەیە کە هیوادارین خوێندنەوەیان بۆ ئەم پشوودرێژییەمان بە ئەرێنی وەربگیرێ دوور لەهەر لێکدانەوەی دیکە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
#01-06-2019#