هەڤاڵان سڵاوتان لێ بێت
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان و کادیرە تێکۆشەرە دێرینەکان و کادیر و ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەکەم.
شاراوە نیە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزبێکە مێژووەکەی پڕە لە سەروەری و چیرۆکی نەبەردی و قارەمانێتی، بەڵام یەکێتی حزبێک نیە کە تەنها لە ڕابردوودا بژی، بەڵکو حزبێکە ئەمرۆ خەبات دەکات لە پێناوی ئایندەیەکی گەشتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لە دوا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی بەشێوازێکی نوێ هاتەوە ناو جەماوەرەکەی خۆی، بەڵێنی ئارامیدا، بەڵێنی زیادکردنی هەلی کاریدا، بەڵێنی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی دا، بەڵێنیدا کە ئەو متمانەیەی لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگدەری یەکێتی بەخشی بە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، ئەو بەڵێنە و ئەو متمانەیە بەفیرۆ نەدا.
بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی خۆی، بۆ بەفیرۆ نەدانی متمانەی دەنگدەرو جەماوەرەکەی خۆی، بۆ بەهێزترکردنی هەرێمی کوردستان و بۆ باشترکردن و جوانترکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، یەکێتی ئەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو تەحەدایانەی ئەمرۆ ڕووبەرووی کوردستان و یەکێتی و عێراق بوونەتەوە. بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ڕوبەرووی ئەو تەحەدایانە ببینەوە، یەکێتی ئەبێت خۆی بگونجێنێت، ئەبێت خۆی نوێ بکاتەوە و باشترین ڕێگەش بۆ خۆنوێکردنەوە بەستنی کۆنگرەیە.
لە #زاخۆ#وە تا #گەرمیان# داوای کادیران و ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانمان پێ ئەگات کە داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن، منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو کادیر و ئەندامە دڵسۆزانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و منیش داوای کۆنگرە دەکەم.
کۆنگرە بۆ نوێبوونەوە، کۆنگرە بۆ بەهێزکردنەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە ئۆرگانەکانی یەکێتی، کۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی یەکێتی، کۆنگرە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مەبدەئانەی یەکێتی لە پێناویاندا دروست بووە، کۆنگرەیەک بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی ژیرانە کە بتوانێت ئەمڕۆ کوردستان بەرەو کەناری ئارامی ببات، ئەم کۆنگرەیە داوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت جەماوەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، ئەم کۆنگرەیە ئەبێت ببەسترێت و من لەم ساڵیادە دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو دەنگانە، داوای بەستنی کۆنگرە دەکەم، داوا دەکەم چیتر بیانوو نەدۆزینەوە بۆ دواکەوتن لەم پرسە. یەکێتی پێویستی پێیەتی، کوردستان پێویستی پێیەتی، عێراقیش پێویستی پێیەتی
دووبارە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی پیرۆزبایی لە هەموو ئەندام و لایەنگران و کادیر و دڵسۆزانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەم، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن
#31-05-2019#