ێشەکی
لەمێژووی گەلی کورددا، بەدەیان و سەدان ئافرەت ناویان تۆمارکردووە، کە ڕچەشکێن و ڕیفۆرخواز و چاکسازی گەورە و گرنگیان لەبواری ڕۆشنبیری، سیاسی و ئەدەبیدا ئەنجامداوە، جێدەستییان دیارە و کاریگەری پۆزەتیڤیان لەسەر کۆمەڵگەوە هەبووە. بەشێوەیەک، هەندێ وڵات هیواخواز بوون، ئەو کەسایەتییانە لەڕەگەز و نەتەوە و خاکی ئەواندا لەدایک بوونایە.
ئەم کتێبە باسی نۆ ئافرەتی کوردی کوردستانی تێدایە. کە ئەمانەن: (مەستوورە، شاعیر و یەکەمین مێژوونوسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عادیلە خان، کەسایەتی دیار و بەرچاوی سنوری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور، کە لە زۆربەی سێکتەرەکاندا جێیدەستی دیارە. حەپسەخانی نەقیب، کەسایەتی دیار و سیاسیەکی سەدەی ڕابردوو. بەتایبەتی لەنێو شاری سلێمانی دەورونەخشی هەبووە. قەدەم خێر، شۆڕشگێڕێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و زیاتر لە پێنج ساڵ ڕاپەڕینی لەدژی دەسەڵاتی ڕەزا شای پەهلەوی ئەنجامدا. نەجیبە جەلی زادە، یەکەمین کچ بووە، لەگەڵ کوڕاندا چۆتە فێرگە و خوێندوویەتی، هاوکات لە هۆشیار کردنەوەی ئافرەتان بەتایبەتی لەنێو شاری کۆیە ڕۆڵی هەبووە. مارگرێت، یەکەم پێشمەرگەی ئافرەت بووە لە کوردستان و لە شاخدا بەرگری لە خاکی کوردستان کردووە. لەیلا قاسم، یەکەمین ئافرەتی کوردە، لە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد و لە مێژووی عێراقدا، کە لەسەر سیاسەتکردن لە سێدارەدراوە. ساکینە جانسز، سیاسەتوانێکی باکوری کوردستانە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستانە و ساڵانێکی زۆر زیندانی کراوە و ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دراوە. لەیلا زانا، سیاسەتمەدارێکی باکوری کوردستانە و یەکەم کەس بووە، بە زمانی کوردی سوێندی یاسایی لە پەڕلەمانی تورکیا خواردوە. بەخاتر ئەوە، زیاتر لە دە ساڵ زیندانی کراوە.
لەبەرئەوە، ئەگەر بەڕیتانیا شانازیی بە ڤیکتۆڕیا، ئەمریکا بە هیلاری کلینتۆن، ڕووسیا بە ئەلیکساندەر، هیندوستان بە بیریند گاندی، پاکستان بە بێنەزیر بۆتۆ، ئەفغانستان بە مەلالە یوسفزەی، میسڕ بە کیلۆپاتڕا، ئەرژەنتین بە ئێڤیتان پێرۆن و چین بە تزۆهسی-یەوە بکات. کورد شانازیی بە عادیلەخان، حەپسەخان، نەجیبەخانی جەلی زادە، مارگرێت، ساکینە جانسز، مەستوورە، قەدەم خێر، لەیلا قاسم و لەیلا زاناوە دەکات. ئەڵبەتە ژمارەی ئافرەتە بەتواناکانی کورد، زۆر لە ژمارەی بەشداربووانی نێو ئەم کتێبە زیاترە.
لەماوەی ڕابردوودا، لە چەند گۆڤار و بڵاوکراوە، کورتە زانیاری لەسەر ئەو کەسایەتییانە بڵاوکرایەوە. بەڵام، زانیاری ورد و پێویستی تێدانەبوو، کە لەگەڵ گەورەیی و ماندووبوونی ئەو ئافرەتانە هاوشان بێت، لێرەدا دەمانەوێ بەسوود وەرگرتن لە زانیاری سەرچاوە مێژووییە بەردەستەکان، بە وردی باس لە ژیان و کاروکردەوە و هەنگاوەکانی ئەم خانمانە بکەین.
دەخوازم ئەم نووسینە کەلێنێکی بچووک لەنێو کتێبخانەی کوردی بەتایبەتی زانیاری لەبارەی خانمان پڕ بکاتەوە و سەرچاوەیەکی باشیش بێ، بۆ توێژەر و پەیجووران و بەدڵی خوێنەران بێت.
زامدار ئەحمەد
گەلاوێژی 2018
لە ناوەندی سارا، لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە