عەتا کەریم
هەرێمی کوردستان گیرۆدەی هەرسێ جۆرەکەی تیرۆر بووە، کە سێ گورزی کوشندەی پێشکەوتن و حوکمڕانیکردنی شایستەن، کاریگەرییە خراپەکانی هەر یەکێکیان بەسە بۆ ئەوەی ئەزموون و دەسەڵات پەک بخات، یاخود ئەرکەکەی پێچەوانەی ڕاستەقینە بکاتەوە.
تیرۆر و توندڕەوی یەکەمیانە، گەندەڵی دووهەمینە و سێهەمیشیان ماددەی هۆشبەرە، هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی مەترسیداری هەرسێ تیرۆرەکەدایە!!، کە کاریگەری و لێکەوتەکانی سێ گورزی لەو شێوەیە دەسەڵات و حوکمڕانی لە بن دەهێنێن، جا بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت چارەنووس و ئاییندەی بە کۆێ بگات؟
هەڕەشەی سێ تیرۆرەکە کاتێک بۆ هەرێم قورس و سەختتر دەبێت، کە پەیوەستە بە واقع و چوارچێوەی عێراق، کە ئەویش نەک گرفتاری سێ تیرۆرەکەیە، بەڵکوو کارگەی بەرهەمهێنانیەتی و لە بارترین ژینگەی تیرۆر و توندڕەوی، گەندەڵی و بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە.
تیرۆری یەکەم لە هەرێم، گورزی سەختی لە هەرێم و ئەزموون و توانای مرۆیی هەرێم داوە، بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستیی #داعش# لە 2014-تا کۆتایی 2017، هێشتا لەژێر کاریگەرییە تراژیدی و جینۆساید، کەوتنی ئابووری و دارایی، زیانی گیانی 1800 شەهید و 10 هەزار برینداردایە، هاوکاتیش نەتوانراوە بەرەنگاری ڕاستەقینەی بیری توندڕەوی ببێتەوە و هێشتا ژینگەی سەرهەڵدانەوەی ئەم تیرۆرە مەترسیدارە، وەک خۆیەتی، کە دەکاتە سوڕی متبوونی تیرۆری یەکەم و هەڵتۆقینەوەیان لە سەعاتی سفردا.
تیرۆری دووەم، گەندەڵییە، کە لە دوای تیرۆر و تیرۆریزم، دووەمین مەترسییە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و سیستمی حوکمڕانیی وڵاتان، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی (گەندەڵی) بە تیرۆری دووەم ئاماژەی پێ دەدەن، ژینگەی ئەم تیرۆرە لە هەرێمی کوردستان لەسەر کەرتی نەوتی و غاز، دارایی و بازرگانی، حکومەت و دامەزراوەکانییەتی، هۆکاریش نەبوونی دامەزراوەیەکی سەربەخۆی ڕاستەقینەیە بۆ بەرەنگاری و دژایەتیی گەندەڵی، بە چەشنێک هێزی لێپێچینەوە و لەمپەردانانی هەبێت لە بەردەم لەشکری گەندەڵکاران و دەسەڵاتی دادگاش زۆر لە خوار لێپێچینەوەی یاسایی گەندەڵکارە حکومی و حزبییەکاندایە.
ئەم پرسە بە ئاشکرا، لە هەرەمی یەکەمی دەسەڵاتەوە باسی لێوە دەکرێت، کەواتە ئاگاداری هەڕەشەی تیرۆری دووەمن، بەڵام لە ئاستی ڕێوشوێنی دژایەتی و شەفافیەتدا هەنگاوێک لە جێی خۆی ناجوڵێت کە ئەوەش دەرفەت بە لە شکری تیرۆری دووەم دەدات ڕووبەری خۆی شۆڕ بکاتەوە و پێگەی خۆیشی قاییم بکات، سنووری لۆکاڵیی خۆی دەبەزێنێت و دەچێتە قۆناغی گەندەڵیی نێودەوڵەتی و لەگەڵ تۆڕەکانی بازرگانیی دیکەدا داهات کەڵەکەتر دەکات، ئەوەش دەیگوازێتەوە بۆ تیرۆرێکی کوشندە و مەترسیدار کە هێزی ئەوەی پێ دەدات گەمە بە چارەنووسی دەسەڵات و حوکمڕانی بکات، چونکە پەیوەندییە گەندەڵییەکانی لەگەڵ کاراکتەرانی ناو حوکمڕانیدا توند دەکات، بە دیوێکی دیکەدا کە حکومەت و دەسەڵات دەکاتە قەڵای پاراستنی تیرۆری دووەم.
تیرۆری سێهەمیان، بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە! کە بە تیرۆری سپی ناوی دەهێنرێت، ئەم مەترسییە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەشێوێنێت، تیرۆری سپی بۆ هەرێمی کوردستان نوێیە، بەڵام بۆ جیهان کۆن و دێرینە.
ماددەی هۆشبەر، هەڕەشەیەکی ئێجگار مەترسیدارە، بۆیە حکومەت و دەسەڵاتداران بە هەموو شێوەیەک یاساغی دەکەن و بەرەنگاری دەبنەوە، لە بەرامبەریشدا بازرگانان لە شێوەی گرووپی مافیای مەترسیدار سەر هەڵدەدەن و بە هۆی دەوڵەمەندییانەوە تۆڕی ڕێکخستنی فرۆشتن و ساغکردنەوە و کێڵگەی نهێنییان هەیە، چەکدار و بکوژی مەترسیداریان هەیە، سروشتی کار و بازرگانی و بەکارهێنانیان پەنهانی پڕمەترسییە و مەترسیش بەرهەم دەهێنێت بە تایبەتی فراوانکردنی ئالودەبووان کە بزوێنەری سەرەکیی تیرۆری سپییە.
ئامار و داتاکان لە هەرێم کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرا دەکرێن، جێگەی تێڕامانی جددییە بۆ وەستاندن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، چونکە داتای ڕەسمی و بڵاوکراوە زەنگی مەترسیدارە کە ئاشکرا کراوە (زیاتر لە 10 هەزار بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمدا هەن) کە دەکاتە بازاڕی ساغکردنەوە و تەراتێنی باندەکانی بازرگانیکردنی و زیادبوونیان!
تیرۆری سپی، سەرەتا گەنجان دەکاتە نێچیر، دواتریش گیرفانپڕەکان دەکاتە بازرگانی نهێنی، بۆیە هێشتا دەرفەتی کۆنتڕۆڵکردن لەبارە، بەڵام فەرامۆشکردن و بێپلانی تیرۆرەکە زاڵ دەکات، بە تایبەتی کە ئێران سەرچاوەیەکی مەترسیدار و ئاسانە بۆ هەڕەشەی تیرۆری ماددەی هۆشبەر و هاوسنووری دورودرێژە لەگەڵ عێراق و هەرێم.
کارەساتی پێشبینیکراو ئەو کاتەیە، کە هەرسێ تیرۆرەکە پێکەوە هێرشی بکەنە سەر کۆمەڵگە و حوکمڕانی لە هەرێم، کە ئاییندەکەی دەخاتە بەردەم ڕمانێکی حەتمی، بۆیە مشوری جددی دەوێت، چونکە یەکگرتنی ئەم سێ تیرۆرە لە هەر جێگەیەک زەمینە لەبار بکات، کارەساتێکی گەورە چێ دەکات، کە لێکەوتە خراپەکانی بە جۆرێک ڕەگ دادەکوتن کە هەڵکێشانی قورس و زەحمەت دەکات.