رۆژی 11ی ژووئەنی 2019 ی زایینی (بەرامبەر به 21ی جۆزەردانی 1398ی هەتاوی) یازدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگر و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی و چەند کەس له کەسایەتی و بەرپرسانی ئۆرگانەکانی حیزب بەڕێوه چوو.
پلینۆم سە ڕەتا به ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان دەستووری کاری پلینۆم به پەسند گەیشت.
له بەشی یەکەمی کارەکانی پلینۆم دا سکرتێری گشتیی حیزب، هاوڕێ مستەفا مەولوودی، ڕاپۆرتێکی سیاسیی سەبارەت به بارودۆخی گشتیی نێونەتەوەیی و ناوچه و ئێران و دوورەدیمەنی خەباتی کورد و حیزبی دێموکڕات پێشکەش کرد که دواتر لەلایەن بەشدارانی پلینۆمەوه به وردی قسەی لەسەر کرا و پاش دەوڵەمەندکردنی به ڕوانگه و تێبینییەکانیان به پەسند گەیشت.
له و ڕاپۆرتەدا، پاش ئاماژه به ڕووداو و ئاڵوگۆڕه سیاسییە کانی نێوان دوو پلینۆم، بەتایبەتی لەپێوەندی لەگەڵ هەڵچوونی ئەم دواییانەی نێوان وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاریگەریی ئەم گرژییانە لەسەر ئایندەی ڕێژیم و دۆخی نێوخۆی ئێران و دوورەدیمەنی خەباتی کورد و حیزبی دێموکڕات شی کرابوونەوه. له و بارەوه وێڕای به بەرپرسیار زانینی کۆماری ئیسلامی له و هەڵچوون و گرژییانە، به وەبەرچاوگرتنی کۆی ئەکتەره نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار به کێشەی ئێران و جیهانی دەرەوه، هەردوو ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر لەلایەک و هەوڵدان بۆ دیالۆگ و سازانێکی سەرلەنوێ لەلایەکی دیکەوه، وەکیەک هەڵسەنگێندرابوون.
هەرلەوکاتەدا بەڵام ڕەهەندی بەرجەستەتر له ڕاپۆرتە سیاسییەکەدا بریتی بوو له ئاوڕدانەوه له فاکتەری خەڵک و پۆتانسیەلی گۆڕانخوازانە لەنێو کۆمەڵگای ئێران بەتایبەتی له و ناوچانەی سەر به نەتەوه زوڵملێکراوەکانن. لێرەدا لەگەڵ سەرنجدان به نیشتنەوەیەکی کاتی و ڕواڵەتییانەی ناڕەزایەتییەکان، توانای هەردەم ڕوو لەزیادبوونی خەڵک بۆ دروستکردنی زۆرترین فشار بۆ سەر ڕێژیم و لەپێناو کۆتایی هێنان به دیکتاتۆڕی له ئێران دا قامکی لەسەر داندرابوو.
له کۆی ئەم باسه، به باوەڕی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەگەڵ ئەوە که فاکتەری نێونەتەوەیی له جیهانی ئەمڕۆدا بەتایبەتی بۆ یەکلابوونەوەی کێشه و ململانێکانی پێوەندیدار به ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکجار گرینگه و پێویسته وەک دەرفەتێک له خەبات بەدژی کۆماری ئیسلامیدا کەڵکی دروستی لێ وەربگیرێ، بەڵام ئەوەی هێزەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات پێویسته زۆرترین سەرنجی بدەنێ و کاری زیاتری لەسەر بکەن بەهێزکردنی فاکتەری بزوتنەوەی گۆڕانخوازانەی خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمه. ئه و بزوتنەوەیەش له کوردستان پێویسته هەرچی یەکگرتووانەتر بجوڵێتەوه و چەند گوتاری و چەند ئاقاری وەلابنێ. بۆ ئەمەش بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان پێویسته بەستێنی شۆڕشگێڕی و بەستێنی جەماوەری لێک گرێ بدا و وێڕای هەبوونی قابلییەتی خۆگونجاندن بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕی سیاسی، لەسەر خەباتی شێلگیرانه بۆ پاشەکشه به کۆماری ئیسلامی له بەرامبەر خواستی نەتەوەیی کورد له ڕۆژهەڵات و باوەڕ به زەروورەتی کۆتاییهێنان به دیکتاتۆڕی له ئێراندا سوور بێ.
لەبەر ڕووناکایی ئەم خوێندنەوەیە، کۆمیتەی ناوەندی دەفتەری سیاسیی ڕاسپارد هەتا مێکانیزمێک بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی وڵامدەری کار و تێکۆشان چ وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و چ بۆ خستنەڕوو له چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا دابڕێژێ، بەرنامەیەک که هەموو ئەگەر و سێناریۆکان لەبەرچاو بگرێ و بۆ هەموو حاڵە تەکان کارایی بەهێزکردنی فاکتەری کوردی ڕۆژهەڵاتی هەبێ.
له بڕگەی دووەمی کارەکانی یازدەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزب ڕاپۆرتی دوایین کار و هەنگاوەکانی لەپێناو بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانە و له کاتی گونجاوی کۆنگرە دا دایە وه به پلینۆم و پاش هێندێک باس و گفتگۆ کۆمیتەی ئامادەکار و دەفتەری سیاسیی بۆ جێبەجێکردنی باقیی کارەکان له و پێوەندییەدا ئەرکدار کران.
دوایین بڕگەی باس و بڕیارەکانی پلینۆم بریتی بوو له ئاوڕدانەوە له کار و تێکۆشانی چەند مانگی ڕابردوو و دیتنی خاڵه بەهێز و لاوازەکانی کارکردی ئۆرگانیزمی حیزب له و ماوەیەدا. له و بارەیەشە وه پلینۆم ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی پێویستی دایە دەفتەری سیاسی و سەرەنجام پلینۆم به متمانه به ئایندەی ڕوون بۆ خەباتی کورد و حیزبی دێموکڕات کۆتایی به کارەکانی خۆی هێنا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
12ی ژووئەنی 2019 (22ی جۆزەردانی 1398)
#12-06-2019#