بە پشوو درێژی پارتی و سەرۆک #مەسعود بارزانی#، بە هەوڵ و هیمەتی هەمووان، زەمینەی لێک تێگەیشتن و پێکهاتن لەسەر کۆی پرس و بابەتەکان هاتووەتە ئاراوە و گرێ کوێرەکان کراونەتەوە و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم گەیشتوونەتە دوا قۆناغ کە دەمێکە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی دەکەن بۆ ڕۆژانێکی باشتر و ئیستقراری سیاسی و ئابووری. لەو کاتەدا کە ناوچەکە و دەوروبەرمان لەبەردەم پێشهات و ئەگەری جۆراوجۆردان کەپێکەوەبوون و کارکردنی هاوبەش لە هێزە سیاسییەکان چاوەڕوان دەکرێت، کەسێکی وەکو مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) نەک هەر نامسئولانە خۆی دەکاتە دەمڕاستی یەکێتی، بەڵکو بەریش دەدرێتە پارتی و ڕەمزی کوردستانمان.!
خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی موژدەی خۆش و قسەی خێر و هەنگاوی جدی و گوتاری عەقڵانی لە هەموو لایەک دەکەن، کەچی کەسێکی نا سیاسی و نەزان بە زمانێک قسە دەکات کە ئەگەر هەر لە قامووسی بێ پەروەردەییدا هەبن، ناوەخت و بێ بیانوو بەسەر پارتیدا دەڕشێتەوە کە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم ڕەوشە ناسکەدا کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت بکرێت، تێکدانی ئیستقرار و یەک دەستی و یەکگرتوویی کوردستان و ئاشوب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییمان و هیچ تەفسیرێکی دیکە هەڵناگرێت.
ئەم جۆر و کەسانەی ناو ڕێزەکانی (ی.ن.ک) کە بە پیاوکوژ و کەڵەگایی لە خەڵکی هەژار و قاچاخچیەتی و ڕۆژنامەنووس کوژ و مافیایانە ناسراون، لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز دەترسێن کە ڕێگایان لی بگرێت لە کەڵەگایی و ناوچەگەری و ڕەفتارە مافیاییەکانیان.
بەداخەوە ڕەوشی ناوخۆی (ی.ن.ک) بەم ڕۆژە گەیشتووە کە لە مستەوای مەکتەبی سیاسیدا هەریەکە و بە ئاوازێک بخوێنێ و داوا جاریش خیتابی سیاسی خەریکە بکەوێتە لای جنێوفرۆش و دەم هەراشەکان و مەکتەبی سیاسی یەکێتیش هەر بەوەندە ئیکتفا بکات کە زۆر بەشەرمنانە قسەکانی مەحموود سەنگاوی بە قسەی یەکێتی نەزانێ لەجیاتی ئیدانەکردن و ئیجرائات وەرگرتن...
ئێمە لە پارتی دیموکرات چاوەڕوانیمان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوە بوو هەڵوێستیان بەرامبەر بەو بێڕێزیەی کراوە هەبێت و ڕێگە لەو جۆرە عەقڵیەتانە بگرن کە هەوڵی شەڕانگێزانە و فیتنە نانەوە دەدەن و ڕێگا لەوانە بگرن کە بە ڕاسپاردە و فیتی خەڵکی دیکە هەڕەشە لە یەک پارچەیی خاکی کوردستان دەکەن.
دڵگرانیشین کە ئەو جۆرە کەسانە ببنە قسەکەر و مدافعی یەکێتی و حەیف بۆ ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی خەڵکی کوردستان کە خیتابی سیاسی کەم و زۆر بکەوێتە لای نەزان و جنێوفرۆش و ئەوانەی لەخەمی نیشتیمان و نەتەوەدانین جگە لە ئەنجامدانی ڕاسپاردەکان...
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
#19-06-2019#