#مەلا مستەفا بارزانی# لەسەر ڕاسپاردەی پزیشکەکان لە نەخۆشخانە هێنرابوویە دەرەوە و لە خانوویەک لە واشنتۆن نیشتەجێ کرابوو. #ئیدریس بارزانی# کوڕی و موحسین دزەیی و کوڕەزایەکی خۆی بەناوی فەرهاد بارزانی لەگەڵ کەسێکی تر بەناوی مەحمود دۆسکی پێکەوە لەو خانووەدا دەژیان.
لە ئاخروئۆخری مانگی دوو، تەندرووستی مەلا مستەفا بەڕادەیەک بەرەو باشی دەچوو کە پزیشکەکانی بەڵێنیان پێدابوو بینێرنەوە بۆ ئێران، کە ئەو کات هەموو خێزانەکەی لەوێ دەژیان.
.
ئیدریس بارزانی دەبینێ تەندرووستی باوکی خراپە بۆیە زۆر تکا لە مەلا مستەفا دەکات ڕازی بێت کە بیبەنەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆی جۆرج تاون، چونکە قۆڵی ڕاستی بەڕادەیەکی زۆر ئاوسابوو. پزیشکەکان وتبوویان ئەم هەڵماسینە دەبێتە هۆی وشکبوونی باڵی قۆڵی ڕاستی. بەڵام بارزانیی باوک دەیوت: تازە ئەوان ناتوانن هیچم بۆ بکەن.
مەلا مستەفا هەرچۆن بوو ڕازی بوو، ڕۆژی 1ی 3 جارێکی تر داخڵی نەخۆشخانە کرایەوە. دوای خەواندنی لە ژوورێکی تایبەت، ئیتی ئیدریس و دزەیی گەڕانەوە بۆ خانووەکە و فەرهاد و دۆسکی لە نەخۆشخانە لای مایەوە.
ڕۆژی 1ی3 بارزانی ڕەوشی تەندرووستی ئاسایی بوو، باش ئاگای لەخۆی بوو، قسەی دەکرد و هیچ ئازاری نەبوو. ئەو ڕۆژە هیچ ڕووی نەدا تا عەسر.
دەمژمێر پێنجی ئێوارە مەلا مستەفا داوای لە فەرهادی کوڕەزای کرد لەسەر قەرەوێڵە - چەرپاکە دای بگرێت و بیخاتە سەر کورسییەک تا لە پەنجەرەوە سەیری دەرەوە بکات، فەرهاد و مەحمود هەر زوو بەگوێیان کرد، فەرهاد دەستێکی خستە پشتی باوەگەورەی و دەستەکەی تری خستە ژێر ئەژنۆکانی تا هەڵی بگرێت. بەڵام بینی ڕەنگی مەلا مستەفا سوورهەڵگەڕا بۆیە شڵەژا و لە جێی خۆی داینایەوە.
بارزانی کەمێک پشووی دا، بە چاوە ڕەش و تیژەکانی لەژێر برۆ ڕەش و پڕەکانییەوە سەیرێکی فەرهادی کرد و وتی: ئادەی کوڕ ئەمجارەش هەوڵێکی تر بدەوە تا بمخەیتە سەر کورسییەکە. فەرهاد نەیدەویست ئەو کارە بکات، بەڵام بێ دڵیی باوەگەورەی بۆ نەدەکرا ناچار جارێکی تر بەرزی کردەوە تا بیخاتە سەر کورسییەکە.
جاری دووەم فەرهاد کە مەلا مستەفای بەرز کردەوە، مەحمود بینی وا ڕەنگی شین و مۆر هەڵگەڕاوە، سەری کە ڕێک وەستابوو وردەوردە بەلادا هات و کەوتە سەرشانی فەرهاد.
کە فەرهاد و دۆسکی هەستیان بە شتێکی جیاواز کرد، دۆسکی بەپەلە چوو بانگی پزیشکەکانی کرد. ئەوان دوو دەقیقە دواتر گەیشتن. پزیشکەکان کە مەلا مستەفایان بینی، وتیان: تەواو ئەو مرد !
فەرهاد پەشۆکا، خێرا دەستی برد بۆ تەلەفۆنەکەی کە لە پشتەسەری مەلا مستەفادا دانرابوو، ویستی تەلەفۆن بۆ مامە ئیدریسی بکات تا پێی بڵێ هەموو شتێک کۆتایی هات، بەڵام لەو کاتەدا ژمارە تەلەفۆنەکەی ئەو خانووەی بیر نەمابوو کە ئیدریس بارزانی و دزەیی لێ دەژیان. هەرچۆن بوو دۆسکی ژمارەکەی لێدا و فەرهاد بە دەنگێکی لەرزۆکەوە هەواڵی مردنی مەلا مستەفای گەیاند.
دوای دەمژمێرێک تەرمی مەلا مستەفا بارزانی گوازرایەوە بۆ ئەو خانووەی لێی دەژیان لە واشنتۆن... پەیتاپەیتا کوردان و دۆستانی کورد و بارزانی دەچوونە ئەو خانووە تا لە نزیکەوە ئاگاداری مردنی سەرکردەیەکی بەناوبانگی سەدەی بیستەمی کورد بن.
چوار ڕۆژ دواتر تەرمەکەی بارزانی بە فڕۆکەیەک گەیەنراوە #شنۆ# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕێوڕەسمێکی بێ وێنەدا کە دەیان هەزار کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستانەوە ڕۆیشتبوون، تەرمی بارزانی بەخاک سپێردرا.
مەلا مستەفای بارزانی ڕۆژی #01-03-1979# لە تەمەنی حەفتا و شەش ساڵاندا بەهۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
ئەم چیرۆکە لە پەرتووکی (بر تارک طوفان) دا نووسراوەتەوە کە تەوای کێبەکە تەرخانکراوە بۆ مێژووی سیاسی و چەکداری بارزانی.
وێنەکە مەلا مستەفا و مەسعود بارزانی کوڕیەتی لەو کاتەی لە واشنتۆن چارەسەری پزیشکیی وەردەگرت. [1]