بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشووری کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ
لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتەیەکان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
پێنچشەممە 27 ی حوزێرانی 2019 فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جارێکی تر هاوشێوەی ساڵی 2011 لە بناری کورتەک دوو ئۆتۆمۆبێلی پڕ سەرنشینی سڤیل کە هەموویان سەربە یەک خێزان بوون کردە ئامانج و بە هۆیەوە سێ هاوڵاتی بە ناوەکانی عەبدوڵا ئالی مینە، هەریاد عەبدوڵا، کوردستان عەبدوڵا شەهید بوون و پێنچ کەسیش بە ناوەکانی محەمەد عەبدوڵا، مەلیکە محەمەد عەبدوڵا، تەیب محەمەد عەبدوڵا، بەناز محەمەد عەبدوڵا، ڕابی محەمەد برینداربوون. تەنانەت دوو لە شەهیدەکان بەشێوەیەک سووتابوون ببوون بە خەڵوز و نەدەناسرانەوە!
کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک، پێمان وایە تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان دەرحەق بە گەلەکەمان ڕۆژ بە ڕۆژ و بە شێوازی جۆراوجۆر لە پەرەسەندندایە، داگیرکەران بەمەبەستی چۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە سیاسەتی سووتانی خاک ڕۆژانە گوند و دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی باشووری کوردستان بە بیانوی بێبنەما بۆمباران دەکەن. هاوکات شاڵاوی سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیارانی کورد هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە. ئامانجی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و لەناوبردنی ژێرخانی ئابوری کوردستانە. سەرباری هەموو ئەوانەش فڕۆکە جەنگیی و تۆپخانەکانی تورکیا بەردەوامن لە بۆمبارانکردنی خەڵکی سڤیلی گوندەکان بەتایبەتی ناوچە سەرسنوریەکان کە دانیشتوانی زیاترینی خەڵکی سڤیلن.
ئێمە له و باوەڕەداین کە داگیرکەرانی کوردستان بە پیلانێکی شەڕێکی گەورە و ماڵوێرانکەریان لە دژی خاک و گەلەکەمان دەستپێکردووە. بێدەنگی حکومەتی ناوەندی عیڕاقی فیدڕاڵ و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەو شێوە ناسروشتیە شەرعیەتدانە بەو تاوانانەی کە هێزەکانی تورکیا دژ بە خەڵکی سڤیلی هەرێم ئەنجامیدەدات، هەروەها پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆی داگیرکارییە و برەودانە بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی کە تورکیا دژ بە کورد و هەموو کوردستان پەیڕەوی دەکات.
ئێمە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی ک ن ک ه داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان، یاساناسان، مافپەروەران، ڕیکخراوە مەدەنیەکان و مافەکانی مرۆڤ و کورد و کوردستانیانی تاراوگە دەکەین کە لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و داگیرکەران ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێ بێنن و بێدەنگی بشکێنن و لە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە (لاهای- هۆڵەندا) و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بە تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی سکاڵا لە دژی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران تۆماربکەن.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدەکان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی کۆمەڵکوژیەکەی بناری کورتەک دەخوازین، خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵە و کەسوکاریان و گەلەکەمان دەزانین.
کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک
#03-07-2019#