نووسەر: پێشەوا شێخ ڕەئوف
دیزاینی بەرگ: شێرکۆ خانزادی. [1]
پورە نوختە، ڕەمزێک بۆ قوربانیدان
لاپەڕەکانی مێژووی کورد پڕە لەناوی دەیان و سەدان کەس کەبوونەتە ڕەمزی قوربانیدان و فیداکاری و گیان بەختکردن لە پێناو یەکێک لە بەها مرۆڤایەتیەکاندا، ئەویش بەهۆی ئەو زوڵم و زۆر و تاوانکارییانەی لە بەرامبەریاندا ئەنجام دراوە، وایکردوە زۆرێک لە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لەپێناو مانەوەی بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی و سروشتدا گیانی خۆیان بەخت بکەن بۆهەتا هەتایە ببنە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی فیداکاری و قوربانیدان. لەناو ئەو کەسانەی ئەو ڕێگە جوان و پاک و بێگەردەیان هەڵبژاردووەو بوونەتە چرایەک بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕیگەی تاریکی ئەوانی تر ژنان بوون، بەو واتایەی ژنانیش وەکو پیاوان توانیویانە لەزۆر بواری ژیاندا و لە زۆرێک لەو تەنگ و چەڵەمانەی هاتوونەتە ڕێگەیان قوربانی بدەن و بێ ترس و سلەمینەوە گیانی خۆیان بەخت بکەن (پوورە نوختە)ش یەکێکە لەو شێرە ژنانەی هەمیشە لە ئاسمانی قوربانداندا ئەستێرەیەکی گەشەو فێری ئەوەمان دەکات کە سروشت زۆر شتی جوانی تێدایە، بەڵام لە هەموویان جوانتر ئەوەیە گیانی خۆت لە پێناوی ئارامی و خۆشبەختی مرۆڤەکانی تردا بەخت بکەیت.
پوورە نوختە خەڵکی گوندی گۆپتەپە-یەو دایکی پێنج منداڵ بوو، چونکە برا و مام و ئامۆزاو تەواوی کەسوکارەکەی لەناو شۆرشدا بوون، بەردەوام لەخەمی پێشمەرگەو سەرکەوتنی شۆرشی گەلەکیدا بوو، کاتێکیش ڕژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی کورد هەڵمەتی ئەنفالی دەستپێکرد و ناوچەی قەڵاسێوکەو تەواوی گوندەکانی بەر ئەو هەڵمەتە دڕندانەیە کەوتن و پورە نوختەش لەگەڵ زیاتر لە (400)خەڵکی گوندنشیندا کەوتە بەر ئەو هەڵمەتە دڕندانەیەو ڕەوانەی گرتووخانەی (تۆپزاوا) کرا، لەبەر ئەوەی ئەو دوو گیان بوو لەگرتووخانەکەوە گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەدام _ ی ئەو کاتە کە ئێستا ناوی نەخۆشخانەی ئازادییە لە شاری کەرکووک، کاتێکیش منداڵەکەی دەبێت دکتۆرەکانی نەخۆشخانەکە پێیدەڵێن (دەتوانین ڕزگارت بکەین ئەگەر خۆت مەبەستت بێت)، بەڵام ئەو شێرە ژنەو ورە بەرز و چاونەترسە لە پێناو بینینەوەی (پێنج) منداڵەکەی، کەلە تۆپزاوا بەندکرابوون، ڕێگەی مەرگ هەڵدەبژێرێت و ئەو ژیانەی دوور لە منداڵەکانی هەیەتی بەسەرشۆڕی و مردن دەزانێت، مەرگی لەلای منداڵەکانی زۆر لەژیان لەدووری ئەوان پێ باشترە، بۆیە ڕازی نابێت و لەگەڵ ساواکەیدا دەبرێتەوە بۆ گرتووخانەکە و لەگەڵ هەموو ئەوانەی تردا بەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیە کەوت و لەگەڵ شەش منداڵەکەیدا زیندەبەچاڵی ژێر خاک و خۆڵی بیابان کران، بەمشێوەیە پوورە نوختە_ی فیداکار و چاونەترس بەهەڵبژاردنی مەرگی خۆی، نەمری و جوانی بەخشییەوە بەژیان و فێریکردین کە (راستە ژیان جوانە و بەخششێکی گەورەی یەزدانە، بەڵام ئەو کاتانەی پیس دەبێت و ماناو پیرۆزیەکەی لەدەست دەدات، ئەوا مردن زۆر جوانتر و نەمرترە لەو ژیانەی دوور لە ئازیزانت بگوزەرێت).
تێبینی/ پورە نوختە یەکێکە لەخوشکەکانی دایکم و (کچی سەید مەلا نوری)ە و خەڵکی گوندی بێدەر بوو. لەدوای ئەوەی ئەنفالکراو بۆهەتا هەتا کەس نەیبینییووە، تەنانەت وێنەیەکیشی لەدوای خۆی بەجێنەماوە تاکو سیماو ڕوخساری لەیاد نەچێتەوە، لەئێستادا وێنەی ئەو تەنها لەبیرو مێشکماندا ماوەتەوەو هیچی تر (نوسەر).
...................................................
سەرچاوە:
٭ ئەم بابەتە لە ژمارەی (4852)ی ڕۆژی 23/4/2009 ی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) دا بڵاوبوەتەوە.
٭ دواتر و لەساڵ 2012 دا لەچوارچێوەی کتێبەکەمدا بەناوی (کچ خەمە گەورەکەی خێزان) چاپکراوە، لاپەڕە 37، 38، 39