نووسەر و توێژە و وەرگێڕ کوردۆ عومەر فەقێ محەمەد
لە ساڵی 1983 لە شاری #سلێمانی# لەدایک بووە، هەر لەو شارە تا چواری سەرەتایی خوێندووە و دواتر لەگەڵ ماڵباتەکەی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی ژیاوە. بەهۆی کاریگەریی خانەوادە ئایینییەکەیەوە، هەر بە منداڵی شارەزای زانستە ئیسلامییەکان وەک قورئان، فەرموودەی پەیامهێن و زانستەکانی تر بووە و دواتریش بەدەوامی بە خوێندنی ئیسلامی داوە و کۆلێژی شەریعەی خوێندووە.
کوردۆ شابان، توانیویەتی خوێندنەکەی بقۆزێتەوە و جیا لە ئایینی ئیسلام، خۆی لە ئایینەکانی دیکەش شارەزا بکات و زیاتر بایەخی بە ئایینناسی داوە و هەوڵی داوە هەموو چەمکە ئایینییەکان بە چەمکە چەپەکان بەراورد بکات و لەو ڕوانگەیەوە دەیان توێژینەوە و وتاری نووسیوە و کتێبێکی ئایینناسیشی بەناوی ئیمان و گومان بڵاو کردووەتەوە.
تا ئێستە(2019) سێ کتێبی بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە:
کتێبی یەکەم: ڕیفراندۆم، سەرکەوتنی ئیرادە و پارێزەری داهاتووی گەلێک. تێیدا لەژێر سایەی ڕیفراندۆمی کوردستانەوە، بیرە نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە، چونکە خۆی کەسێکی ناسیۆنالیزم و سیکۆلارە.
کتێبی دووەم: ئیمان و گومان. کۆی بابەتەکان لە دوو بەشدا جێیان دەبێتەوە، یەکێکیان بریتییە لە گفتوگۆیەکی فیکری و فەلسەفی سەبارەت بە بڕوا و ئایین و مێژووی ئایین و سەرەتای دروستبوونی، هەروەها هەموو ئەو ڕایانەی لەسەر بوون و نەبوونی خوا گوتراون و داهاتووی ئایینیشی خستووەتە ناو باسەوەوە. بەشی دووەمیش کۆمەڵێ بابەتی ڕەخنەیی لەسەر چەند چەمێکی ناو ئیسلام.
کتێبی سێیەم: ڕاستنووسی. بریتییە لە کتێبێکی بچووک بۆ ڕاستکردنەوەی زمانی نووسین لە ڕووەکانی ڕێنووس، ڕێزمان و خاڵبەندی و وەک سەرچاوەیەکی خێرا و بەردەست بۆ ڕۆژنامەنووسان و نووسەران ئامادە کراوە.
ئێستە نووسەر چەند کتێبێکی وەرگێڕان و دانانی خۆی لەبەردەستدایە و بڕیارە لە داهاتوودا بەچاپیان بگەیەنێ.[1][2]
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/KurdoOmarShaban=KTML_Link_Facebook_Between=فەیسبووکی: کوردۆ شابان=KTML_Link_Facebook_End=
=KTML_Link_External_Begin=http://www.kurdoshaban.com/=KTML_Link_External_Between=پیگەی فەرمی کوردۆ شابان=KTML_Link_External_End=