چەپلەریی چییە؟
چەپلەریی یان چەپدەستیی، واتە ئارەزوی سروشتیی و خۆڕسکانەی مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی دەستی چەپ لە ڕاییکردنی کاری جیاوازدا، بە تایبەت (نوسین).
لە زمانی کوردیشدا، (چەپلەر، چەپە، چۆپە، چەپان، چەپەوانە، چەپدەست و چەپنوس) بۆ ئەو مرۆڤانە بەکاردێت. لە ئینگلیزیی و عەرەبی و فارسیی و تورکیشدا ئەم وشانە بەکاردێن: (Left-handed، أعسر، چپ دست، Solak).
[من لێرەدا، زیاتر (چەپلەر)م بەکارهێناوە، کە پێموایە باوترە، وەکچۆن واینابینم کە لە بنچینەدا تورکیی بێت (وەک هەندێکەس پێیانوایە)، چونکە پاشگری (لەر) لە تورکییدا ئامرازی (کۆ)یە، هەروا لەو زمانەدا وشەیەکی دیکە بۆ ئەو مانایە هەیە.]
رێکەوت یان چارەنوس؟
هەرچەند قوتابخانەکانی (ماکۆک، ڕانیە) لە ماڵی ئێمەوە کە لە گەڕەکی (سەرا) بو، نزیکتر بو، بەڵام بە هۆی ئەوەی سەرەتا ماڵمان لە گەڕەکی (گڵنجان) بوە و زۆربەی خوشک و براکانم لەوێ خوێندبویان یان دەیانخوێند، منیش پۆلی یەکەمی سەرەتاییم لە قوتابخانەی (ئاکۆ) دەستپێکرد.
ساڵی 1988 بو، ئەوەندە نەدەبو خرابومەبەر خوێندن. ڕۆژێک، لەنێو قەرەباڵغیی و یاریی و شەڕەشەقی منداڵاندا بەسەر دەستی ڕاستدا کەوتم (یان کەواندیانم). ئیتر بە هۆی ئازارەکەیەوە زۆر گریام، ناچار تەلەفۆنیان بۆ بابم کرد و بەدوامدا هاتن. بردمیانە لای جەڕڕاحێکی میللی، گوتی دەستی شکاوە. دوای تۆزێ دەستکاریی، زەردێنەی هێلکەی لێدا و بە چەند پارچە مقەبا و لەففافێک بۆی بەستم و، قۆڵ بە مل گەڕامەوە ماڵەوە.
ئەم ڕوداوە، ناچاریکردم لە بری دەستی ڕاست، دەستی چەپ بۆ نوسین و نانخواردن و زۆر کاریتر بەکاربهێنم. بەڵام بە تێپەڕینی کات و لەگەڵ بەرکەوتنم لەگەڵ هەندێ پێشهاتدا (بە تایبەتی یاریی تۆپیپێ)، بۆم دەرکەوت من لە سەرەتاوە چەپلەربوم، یان هەردوکیان (چەپە و ڕاستە) بوم لە یەککاتدا، بەڵام پێشتر نەمزانیوە. ئیتر هێدی هێدی لەگەڵ بارودۆخەکە ڕاهاتم و بە دەستی چەپ دەمنوسیی و وێنەم دەکێشا (هاوشانی ئەوەش، توانیم بە دەستی ڕاستیش خۆم فێری نوسین بکەم، بەڵام وەک چەپەکە جوان نیە).
دواتر، لە ڕێکەوتێکەوە بوە واقیع و چارەنوس و بۆ هەمیشە بومە چەپە یان چەپدەست.
ئازار و ئۆخژن!
چیرۆکی چەپلەریی یان چەپەبون بۆ منی چەپە، بە تایبەت لە منداڵی و هەرزەکاریمدا، هەم ئازاراویی و هەم ئۆخژنبەخشە.
لە قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆ و شوێنەگشتییەکاندا کاتێک لە کورسیی و ئۆتۆمبێل و ئامرازەکاندا زیاتر ڕاستدەستەکان ڕەچاوکراون، بۆ ئێمەی چەپدەست ئیزعاجن.
هاوکات، زۆرجار مایەی دڵخۆشیی و شانازییم بو، بە تایبەت کە دەمبیست و دواتریش لەسەریم خوێندەوە، کە هەمیشە چەپدەستەکان لە خەتخۆشیی، نیگارکێشان، هەستی هونەریی، زیرەکیی، و... دا لە پێشەوەی ئەوانیدیکەن. هەروا زۆر لە کەسێتییە گەورە و کاریگەرەکانی مێژوی دورونزیکی کۆمەڵی مرۆیی چەپە بون یان چەپەن.
ئەمە قسەی من نیە، کۆمەڵێ توێژینەوە دەریخستوە (دواتر ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم).
رۆژێک بۆ چەپدەستەکان
هەرچەند، بە درەنگەوە زانیم کە چەپلەرەکانیش ڕۆژێکی جیهانییان هەیە، بەڵام هەر هەواڵێکی خۆش و تایبەت بو بۆ من.
رۆژی 13ی ئاب، ڕۆژی جیهانیی چەپلەرەکانە (International Lefthanders Day)، کە ساڵی 1976 پێشنیارکرا و دواتر پەسەندکرا.
بۆچی ڕۆژێک بۆ چەپلەران؟
پاساوی ناونانی ئەو ڕۆژەش، دەگەڕێتەوە بۆ: ڕەخنەگرتن لە هەمو ئەو کەرەستە و ئامراز و ڕێنمایی و پێویستییانەی کە تەنها بۆ ڕاستدەستەکان دروستکراون (وەکو: کورسیی یەک نەفەریی، کورسیی شۆفێر، ڕێنمایی شۆفێریی، مێزەکانی فۆڕمپڕکردنەوە لە بانک و ئۆفیسەکاندا، و... تاد)، کە چەپدەستەکان ناچاردەکەن دەستی ڕاستیان بەکاربێنن.
هەروەک، یەکێک لە ئامانجەکانی دیاریکردنی ئەو ڕۆژە، ڕوبەڕوبونەوەی باوەڕە ئەفسانەییەکانە سەبارەت بە چەپلەریی و چەپدەستبون.
چەپلەریی لە ڕوی زانستییەوە:
توێژینەوە جیاوازەکان، دەریدەخەن، کە لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا 70 90٪ی تاکەکان ڕاستدەستن و، ئەوانیدیکەش چەپدەست. ژمارەیەکی زۆر کەمیش لەو ڕێژەیە دەتوانن هەردو دەستیان بەکاربهێنن.
هۆکاری وردی چەپلەریی دیاریکراو نیە. تیۆرییە جیاوازەکان وایدادەنێن، بۆماوەیی، فێرکاریی و چالاکیی مێشک، لە میانی پەرەسەندنی جیناتدا هۆکاری چەپدەستیی یان ڕاستدەستیی بێت.
توێژەرانی (زانکۆی ئۆکسفۆرد) تازەگیی ئاشکرایانکردوە، کە گوماندەکرێت، (جینات) هۆکاری چەپلەریی بێت. ئەو کەسانەی ئەو جینەیان هەیە، بەشی ڕاستی مێشکیان کاری کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی و زمانە، بەشی چەپی مێشکیشیان لە هەست و سۆز بەرپرسە. لە کەسانی ڕاستدەستدا، کە جینەکەیان جیاوازە، ئەرکی هەر نیوەتۆپێکی مێشک پێچەوانەی ئەوەیە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، توێژەرانی (زانکۆی MIT)ی ئەمەریکا تیۆرییەکی نوێیان لەمبارەیەوە دانا، ئەنجامەکانیان ڕونیدەکەنەوە، کە مێشکی منداڵی چەپدەست لە منداڵدانی دایکدا، ئازادانەتر لە مێشکی منداڵی ڕاستدەست گەشەدەکات.
لە ڕوی کەلتوریی و ئاینییەوە:
چەپلەریی، لە زۆربەی کۆمەڵەکاندا، بە جۆرێ لە ناوازەیی (شازیی) و دابی ناپەسەند هەژماردەکرێت، بە زۆریی، زۆرینە منداڵەکانیان بۆ بەکارهێنانی ڕاستدەستیی هاندەدەن، تەنانەت هەندێجار ناچاریشیان دەکەن.
وەکچۆن، لە کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، (راست) و بەکارهێنانی (دەستی ڕاست) بە پیرۆز دادەنرێت.
(Sinister) لە زمانی لاتینیدا، بە مانای چەپ دێت، هاوکات، واتای (شوم) دەگەیەنێت. لە زمانی فرەنسییدا (Gauche) بەرامبەر هەردو واژەی (چەپ، پێنەگەیشتو) بەکاردێت. هەروا لە زمانی ئەڵمانیدا (Linkisch) بە مانای (چەپلەر و مرۆڤی ناجۆر) بەدەستەوە دەدات.
چەپلەرە ناودارەکان کێن؟
رۆژنامەی (فاینەنشیاڵ تایمز) لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات، کە ژمارەی بەڕێوەبەرانی چەپلەر لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتدا نزیکەی دوبەرامبەر کۆمپانیا باوەکانە.
لەنێو کەسانی بەناوبانگ لەسەر ئاستی دنیادا و لە هەمو بوارەکاندا چەپلەر زۆرن، لەوانە:
هەردو فەیلەسوفی یۆنانی: پلاتۆن (ئەفڵاتون)، ئەڕەستۆ. فەیلەسوفی ئەڵمانیی نیچە.
زانایان: (نیوتن، ئەنشتاین، ... تاد).
نوسەر و ئەدیب و هونەرمەند و وەرزشکار و داهێنەران: (شکسپیر، پیکاسۆ، مایکڵ ئەنجیلۆ، چارلی چاپڵن، بتهۆڤن، سباستیان باخ، لیۆناردۆ دافنچی، گۆنتەر گراس، مارلین مۆنرۆ، نیکۆڵ کیدمان، ئەمیتاب باچان، تام کڕوز، بیڵ گیتس، ڕافائیل نادال، گوگوش، مارادۆنا، ... تاد).
دوەم خەلیفەی ڕاشیدینی ئیسلام (عومەری کوڕی خەتتاب).
پێنج لە سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا: (جیڕاڵد فۆرد، ڕیگان، بۆشی باوک، کلنتن، ئۆباما).
هەریەک لە کەسێتییە سیاسیی و حکومڕانە بەناوبانگەکان: (یۆلیۆس قەیسەر، شاژنە ڤیکتۆریا، ناپلیۆن، هیتلەر، ونستۆن چەرچڵ، ڕەزا شای پەهلەویی، مەهاتما گاندیی، فیدڵ کاسترۆ، ئوسامە بنلادن، هۆگۆ چاڤیز، ... تاد).
#هێرش ڕەسوڵ#