نەوا موکرجی[1]
من ناوم نەوا کەمال گۆکول-چاند سەنکەر-چاند گۆکول موکرجی-یە. لە بەرەبەیانی 03-11-1987ی زایینی لە شاری سلێمانی و لە خەستەخانەی منداڵبوونی شارەکە لە دایک بووم. هەر بە ناوی خۆم و ناسناوی خێزانمەوە لە هەموو شوێنێک بە نەوا موکرجی خۆم دەناسێنم.
دایک و باوکم
کەمال موکرجی و عەتێ فەرەج مەحمود (باوک و دایکم)
باوکم ناوی مامۆستا کەمال موکرجی-یە. مامۆستایەکی بەناوبانگی شاری سلێمانیی سەردەمی خۆی بووە. باوکم پێش لەدایکبوونم مردووە و هەرگیز نەمدیوە.
دایکم ناوی عەتێ فەرەج مەحموود-ە. دایکم تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندووە، ئەو کاتە شووی بە باوکم کردووە و دەستبەرداری خوێندن بووە.
باوکم و دایکم دە منداڵیان بووە: دوو کچ و هەشت کوڕ. یەکێک لە کچەکان مردەزاو بووە، واتە بە مردوویی لە دایک بووە. ماوەتەوە نۆ منداڵ، کە دایکم هەموومانی بە تەنیا پەروەردە و بە خێو کردووە.
من دەیەمین منداڵ و پاشەبەرەم.
ماڵمان لە سلێمانی
ماڵمان لە گەڕەکی عەلی ناجی بوو و هەموو منداڵییم لەوێ بە سەر بردووە. تا ئێستاش لە زۆربەی خەونەکانمدا هەر لەوێم. خانووەکەی عەلی ناجی موڵکی باوکم بووە و خۆی دروستی کردووە. دایک و باوکم لە ساڵی 1971ەوە لە گەڕەکی سابوونکەرانەوە هاتوونەتە ئەوێ ژیاون. کاک میرانی برام لەو خانووەدا لە دایک بووە.
ساڵی 2012 ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەکێکی تر، لە ئاداری 2016دا دیسان گواستمانەوە بۆ خانووەکەی باوکمان لە گەڕەکی عەلی ناجی، بەڵام پاش شەش مانگ، واتە لە کۆتایی مانگی ئابدا خانووەکەمان فرۆشت و ئێستا موڵکی ئێمە نەماوە.
بەڵام هێشتا هەر لە شاری سلێمانی دەژیم.
خوێندنی سەرەتایی
26ی نیسانی 1999 لەگەڵ کوڕەکانی هاوپۆلم و دوو مامۆستام لە قوتابخانەی کوردستانی سەرەتایی تێکەڵاو. سەرەوە (چەپ بۆ ڕاست): گەشتیار، یاد، مامۆستا ڕووخۆش، نەوا، ئاسان، مامۆستا خەسرەو، هەردی (لە ئێمە منداڵتر بوو، لە پۆلی ئێمە نەبوو). خوارەوە (چەپ بۆ ڕاست): سیڤەر، کاروان، ئوسامە، شڤان، دەشتی، ڕێبەر، نەورۆز، لاوک
خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی کوردستانی سەرەتایی تێکەڵاو لە شاری سلێمانی خوێند. ئێستا باڵەخانەی ئەو قوتابخانەیە چیتر هی ئەو قوتابخانەیە نەماوە و ناشزانم داخۆ قوتابخانەکە خۆی ماوە یان نا. باڵەخانەکەی لە پشت کارگەی سەهۆڵەکەیە، کە ئەویش هەر نەماوە. بەرانبەر قوتابخانەی بابانی سەرەتایی کوڕان بوو، کە ئەویش نەماوە، لە پشت فەرمانگەی ئاو و کارەبا و پۆستەی سەهۆڵەکەوەیە، کە هێشتا ئەویان ماوە.
خوێندنی ناوەندی
سلێمانی
خوێندنی ناوەندییم لە قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان لە شاری سلێمانی خوێند. ئەو قوتابخانەیە تا ئێستا ماوە و هەر لە شوێنی خۆیدایە، بە شاقووڵی بەرانبەر مزگەوتی عەلی ناجییە، لە تەنیشت باخچەی ساوایانی گوڵ و چەند مەترێک بە بەری ڕۆژهەڵاتی فولکەی خاڵە حاجییەوە. لە قوتابخانەی شۆڕش هەم بە کوردی دەخوێنرا، هەم بە عەرەبی.
پۆلی یەک و دووی ناوەندییم لەوێ خوێند. ئێستانان دەکاتە پۆلی حەوت و هەشت. دواتر بەشی خوێندنی عەرەبی و کوردیییان جیا کردەوە و کوردییەکەیان ناو نا قوتابخانەی زاگرۆس، کە هەر لە هەمان باڵەخانە بوو. بۆیە ساڵی یەکەمی پۆلی سێیەمی ناوەندییم لە قوتابخانەی زاگرۆس خوێند. بەڵام لە پۆلی سێ (نۆی ئێستا) مامەوە و دەرنەچووم.
هەولێر
پاشان چووم بۆ هەولێر و لە قوتابخانەی وڵات-ی کوڕان لە عەنکاوە خوێندم. لە دووەم ساڵی پۆلی سێیەمدا دەرچووم. بەڵام لە پۆلی چوارەمی گشتییدا (دەی ئێستا) کەتنێکم نایەوە و بۆ ساڵێک لە قوتابخانە دەرکرام، بڕیاریش درا بۆ ساڵی داهاتوو نابێت لە هەمان قوتابخانە بمێنمەوە.
ئەو ساڵەی دەرکرام گەڕامەوە بۆ سلێمانی و کارم کرد. ساڵی داهاتوو هەر لە هەولێر و لە قوتابخانەی عەنکاوە-ی کوڕان پۆلی چواری گشتییم خوێند، بەڵام دیسان دەرنەچووم. ئیتر دەبوو بۆ سێیەم ساڵ لە چواردا بچمە خوێندنی ئێواران، چونکە ئەو کاتە ئەگەر دوو ساڵ لە پۆلێک بمایتایەتەوە دەبوو سێیەم ساڵ لە ئێواران بخوێنیت. منیش دوو ساڵ لەسەر یەک لە پۆلی چواردا مابوومەوە، ساڵی یەکەم کە دەرکرابووم و ساڵی دووەمیش کە دەرنەچووم. بۆیە گەڕامەوە بۆ سلێمانی و چوومە قوتابخانەی ئامادەیی هەرێمی ئێواران لە تەنیشت نەخۆشخانەی فریاگوزاری و هۆڵی هونەرە جوانەکان، کە لەمسەرەوە شەقامی پیرەمێردە و لەوسەرەوە شەقامی دادگای جارانە، کە دەکاتە دادنووسی ناوبازاڕی ئێستا. ئێستاش ئەم قوتابخانەیە ماوە. هەر سێ پۆلەکانی چوار و پێنج و شەشی وێژەیی، کە دەکاتە دە و یانزە و دوانزەی ئێستام لەوێ تەواو کرد و چوومە زانکۆ.
بە گوێرەی ڕێبازی فێرکاریی ئەو ساڵانەی من لە قوتابخانە بووم، تەنها پۆلی چواری ئامادەیی پێی دەوترا «گشتی»، واتە هەم وانە زانستییەکانی وەک کیمیا و فیزیا و زیندەزانییت تیایدا دەخوێند (ئەو کاتە پێیان دەوت زیندەوەرزانی)، هەم وانە وێژەییەکانی وەک مێژوو و جوگرافیا و ئابووری و فەلسەفەشت دەخوێند. لە پۆلی پێنجەوە دەبوو خۆت یەکلا بکردایەتەوە یان بۆ زانستی، یان وێژەیی.
ساڵی دووەمی من لە پۆلی چوار دواهەمین ساڵ بوو کە پۆلی چوارەم گشتی بوو، ساڵی داهاتوو (واتە ساڵی سێیەمم لە پۆلی چوار) پۆلی چواریش یەکلا کرایەوە بۆ یان وێژەیی، یان زانستی. من وێژەییم هەڵبژارد، چون هەر لە ناوەندییەوە هەم لە وانە وێژەییەکاندا باشتر بووم، هەم لە وانە زانستییەکاندا کۆڵەوار بووم.
خوێندنی زانکۆ
دوای پۆلی شەشەمی ئامادەیی کۆلێژی شەریعەی ئیسلامیی ڕۆژم بۆ هاتەوە. بەڵام من نە حەزم بە خوێندنی شەریعە دەکرد و نە حەزم بە خوێندنی ڕۆژ دەکرد، چون باش لەگەڵ ئێواراندا ڕاهاتبووم و پێم وا بوو گەڕانەوەم بۆ خوێندنی ڕۆژ دیسان حەزی خوێندنم تێدا دەکوژێت.
ئەو ساڵەی من پۆلی شەشم تەواو کرد کۆلێژی زمانی کوردیی ئێواران لە زانکۆی سلێمانی کرایەوە و لە کۆلێژی شەریعە نمرەی نزمتری وەردەگرت، بۆیە خواستەکەم داگرت بۆ ئەوێ و ئەوێ منی لای خۆی جێ کردەوە. خۆم و هاوپۆلەکانم بووین بە یەکەم دەرچووانی ئەو کۆلێژە. بەم شێوەیە هەم لە خوێندنی ڕۆژ ڕزگارم بوو، هەم لە بوارێکدا خوێندم کە خۆم ئارەزوو و خولیام بۆی هەبوو، ئەویش بواری زمان و وێژەیە.
هەر چوار ساڵەکەم خوێند تا ساڵی 2012 لە زانکۆ دەرچووم.
هاوکاتی خوێندنی زانکۆ نزیکەی دوو ساڵ لە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای زانیاری کارم دەکرد. لە ساڵی خوێندنی 2011-2012شدا شەممان لە قوتابخانەیەکی تایبەت مامۆستای پیانۆ بووم. ماوەی کەمتر لە شەش مانگیش شەوان لە چێشتخانەیەک پیانۆژەن بووم. واتە لە ماوەی خوێندنی زانکۆمدا سێ کارم کردووە.
پاش زانکۆ
پاش دەرچوونم لە زانکۆ بە یەکجاری لە قوتابخانە تایبەتەکە وەرگیرام، شەممان پیانۆم دەوتەوە و ڕۆژانی تری حەفتەش وانەی موزیکم دەوتەوە. بەڵام تەنها ساڵێک کارم کرد.
پاشان لە ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستیی فەڕەنسی وەرگیرام و شەش مانگێک بۆ پەنابەرە سوورییەکانی جەنگی داعش، کە هاتبوونە عەربەت، لەم ڕێکخراوە کارم کرد. کارەکەم ڕاستەوخۆ ڕێکخستنی داتا و زانیارییەکانی پەنابەرەکان و دابەشکردنی خۆراک و هەندێک پێداویستیی تر بوو بە سەریاندا.
پاشان ڕێکخراوێکی تری جیهانی بە هەمان کار وەریگرتم. سێ مانگیش لەوێ کارم کرد و لە 24ی حوزەیرانی 2014دا گرێبەستەکەم تەواو بوو و ئامادەش نەبووم نوێی بکەمەوە.
لەو کاتەوە تا سەرەتای ئەمساڵی 2024 کاری فەرمانبەرێتیم لە هیچ شوێنێک نەکردووە. ئەم نۆ ساڵ و نیوەی ڕابردوو زیاتر خەریکی پەرەپێدانی خۆم بووم.
سەرەتای 2024یش سێ مانگ وەک وەرگێڕ لە کەناڵێکی مێدیایی کارم کرد، پاشان کۆتاییم بە گرێبەستەکەم هێنا.
ئێستا چی دەکەم؟
ئێستا وەک پیشە وەرگێڕم، لە زمانی ئینگلییەوە وەردەگێڕم بۆ کوردی. جگە لە پیشە، ئەگەر بە خولیا بێت: زمانناسم، موزیکدانەرم، پیانۆژەنم، گۆرانیبێژم، نووسەرم، هۆنەرم، وەرگێڕم، ئەرشیفسازم، بە نهێنیش زۆر خولیای ترم هەن. حەزم لە هەموو ئەوانە هەیە کە دەیانکەم و ئەگەر زۆر ناچار نەبم و زۆرم بۆ نەیەت هەرگیز نامەوێت کار بکەم و ڕۆژانە وزەی تەواوی خۆم بە کارێکەوە بە سەر ببەم کە حەز و خۆشەویستیم بۆی نەبێت. ئەگەر ڕۆژێک بێت و ئەم کارانەم پارەم بۆ پەیدا بکەن ئەوا پێم وا بێت تا دەمرم هەر ئەم جۆرە کارانە دەکەم.
سەرقاڵیی ئێستام
وا شەش ساڵ و نیوە سەرقاڵی وەرگێڕانی ڕۆمانی ئولیسی جەیمز جۆیسم لەگەڵ دوو پەڕتووکی ڕاڤەی ئولیس. بڕیار وایە بە پێنج بەرگ بە زمانی کوردی بڵاو ببێتەوە، هێشتا هەموویم تەواو نەکردووە، بەڵام بەرگی یەکەم و دووەمم لەم ماڵپەڕەدا بە دیاری بۆ هەموو کوردستانییان بڵاو کردووەتەوە، دەتوانیت دایببەزێنیت. وردەوردە کار لەسەر تەواوکردنی بەرگەکانی تریش دەکەم.
زۆربەی بەرهەمەکانم لەم ماڵپەڕەدا بڵاو دەکەمەوە. لە یوتیوبیش کەناڵێکم هەیە و ڤیدیۆکانمی تێدا بڵاو دەکەمەوە، دەتوانیت خۆت لە کەناڵەکەم ناونووس بکەیت. لە تیلیگرامیش کەناڵێکم هەیە بە ناوی دەنگەواری نەوا موکرجی، لەوێش وتار و بەرهەمی نووسراوی خۆم و نووسەری تری تێدا دەخوێنمەوە و بە دەنگ دایاندەنێم، دەتوانیت بێیتە نێو کەناڵەکەی تیلیگراممەوە. هەژمارێکی فەیسبووک و هەژمارێکی ئینستاگرام و هەژمارێکی ئێکس هەژمارێکی لینکدئینم هەیە، دەتوانیت لەوێ شوێنم بکەویت.[2]