#کاوە جەلال#
شێرکۆ بێکەس مرد، بەڵام واتای ئه و وەک هۆزانڤان، پێگەی ئه و لە مێژووی هۆزانی نوێی کوردیدا لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ، دەرفەت دەڕەخسێنن پرسیار لە ئه و و ئیشەکانی، لە خودی هۆزانی کوردی لە ئێراق بکەین. تەنانەت ژیانی لێنەتوێژراوەی شێرکۆ بێکەس، قۆناغەکانی پێگەیشتنی ئەو، پرسیار دەخەنەوە. چەند نەوەیەک لەتەک ئەم ناوەدا پێگەیشتوون، یان پیر بوون. ڕەنگە تەنیا سەدای ناوەکەی بەس بێت بۆ ئەوە کە ئێمە بە شێوەیەکی ڕەخنەیی لە ئه و بهزرێین. کەواتە نەک بە شێوەیەکی ڕۆمانسیانە، بە ستایش و پیاهەڵدان، بەڵکو بە نرخاندن. ئاخر ئه و مرۆڤ بوو، هەروەها کولتوور و گەل و زمانێکی تایبەتی شەقڵیان دا بە کەسێتی ئەویش. بەڵام ئه و ڕێگەی خۆی گرتە بەر، بە هێز و لاوازیەکانیەوە، بە هۆنراوەی جوان و کیچن و پیاهەڵدان و هتد (بەڵێ هتد!، ئاخر ئەمیش گرنگە، لێ ئێرە جێی باسکردنی نییە). ئێمە دەبێت ئەم ڕێگەیەی لێ قبوڵ بکەین، چونکە مارکس واتەنی هۆزانڤانان بیچمی سەیرن و پێویستە ڕێیان پێبدرێت ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر. هیچ گومانی تێدا نییە پرسیارەکە ئاڕاستەی بوێری و توانستی مەئریفەی ئێمە دەبێتەوە کە چۆن لە ئەو، بەگشتی لە نووسەران و هونەرمەندان، بتوێژینەوە.
شێرکۆ بێکەس لە هەڤپەیڤینێکدا خەونی خۆی (کە ناوی دەنێت وەسێتە تایبەتیەکەی) بۆ کاتەکانی پاش مردنی ئاشکرا دەکات، بەڵام بە زمانێکی وێنەیی.
من نامەوێت لە هیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەهیدانی (1963)ی #سلێمانی#ەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکە و ژن و پیاو ی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نو سەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەکەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)ەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەکەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێکەس)ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەهێڵم. (وەرگیراوە لە کوردستانپۆست)
ئەم دەربڕینە وێنەییە پڕە لە دژبێژی. ئه و حەز ناکات لە گرد و گردۆڵکەکاندا بنێژرێت. بۆچی؟ یەکەم لەبەر ئەوەی پڕبوونەتەوە (کەواتە گەر گردی پڕنەبۆوە لە سلێمانی هەبووایە، ئەوا لاری نەبوو بەتەنیا لە یەکێکیاندا بنێژرێت)، دووەم لەبەر ئەوەی حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکات، کەواته نایەوێت گۆڕی دی لە نزیکیەوە بن، چونکە ئه و فەزایە دەشێوێنن کە ئه و بە مردوویی تێیدا پێشبینیی خۆی دەکات. ئه و خۆزگەی شوێنێکی تایبەتیی هەیە و خەونی پێوە دەبینێت، ئه و قەرەباڵغییەکی دی بۆ خۆی پێشبینی دەکات کە تەنگەنەفەسی ناکات، چونکە تەنیا بە دەوری ئەودا چێبووە و زۆر تایبەتە: ژن و پیاو ی سلێمانی (نەک #هەولێر# و #دهۆک#، #سنە# و مەهابات، #ئامەد# و #قامیشلۆ#...)، دەنگی مۆسیقا و گۆرانی، هەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی پارکی ئازادی. بەڵام ئەمە هێشتا بەس نییە، دەیەوێت لە شوێن مەزارەکەی کافیتەریایەک و باخچەیەک دروست بکرێن و ببن بە شوێنێکی لەبار کە میوانەکانی لە خۆ بگرێت، واتا شاعیران و نو سەران، کچ و کوڕی دڵدار. بەڵام هۆزانڤان کات دەگەڕێنێتەوە بۆ ساتەکانی ناشتنی و دەبێژێت کە دەیەوێت: بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەکەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)ەوە بنێژرێت، دەیەوێت ئاڵای کوردستانی تێوە پێچرابێت، ئەوجا دوای ئەوە کە ناشتیان و پرسەی بۆ دانرا، لە پرسەکەیدا موزیک لێبدرێت، لەنێو مەزارەکەیدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەکەی هەڵبواسرێن. شێرکۆ بێکەسی هۆزانڤان بەمانەوە ناوەستێت، وێناکانی دەڕژێنێتە نێو داواکاریەکەوە و ئێستاش لێرەدا دەگەین بە وەسێتێک: ئەوی هۆزانڤان بە ناوی خۆی و بێکەسەوە داوای تەرخانکردنی خەڵاتی ساڵانە دەکات کە بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی هەر ساڵێک و گەرەکە خەرجی خەڵاتەکە لەو میراتە بدرێت کە جێیدەهێڵێت.
بەڕوونی دیارە شێرکۆ بێکەس له و خەونەیدا کە بە زمانی هۆزان دایدەڕێژێت، ناز دەکات بە سەرماندا، بە ئاشکرا پێمان دەبێژێت: نازم بدەنێ. ئەم خۆتێگەیشتنەی شێرکۆ بێکەس پاڵهێزە بۆ ئەوە کە ئه و مەزارێکی تایبەت لە شوێنێکی گرنگی پارکی ئازادیدا بە خۆی ڕەوا ببینێت، هەروەها خەونی خۆی بە ساتی ناشتن و پرسە و مەزارەکەیەوە دەخاتە فۆرمی هۆزانەوە و پێمان دەبێژێت: با پرسەکەم بەم چەشنە بێت.
ئێمە ناتوانین ئەم پێشبینیە وێنەییەی شێرکۆ بێکەس وەک وەسێت وەربگرین، چونکە ئه و لێرەشدا هۆزان دەبێژێت. ئه و نایەوێت لەم دیمانەیەشدا یەک هەنگاو لە هەقیقەتی خۆی وەک هۆزانڤان دووربکەوێتەوە _ ئه و کە مرۆڤە و بەمەش بمرە، ئه و که ناسراوه و دەبوو بێگومان بووایە کە پرسەیەکی فراوان و هەمەلایەنیی بۆ دادەنرێت، ئەوجا لە هەر کوێ بنێژرایە، ڕەنگە ڕۆژانە کوڕان و کچان، کوردی کوردستانەکانی دی، بچوونایەتە سەر گۆڕەکەی و فۆتۆیان بگرتایە. لە بنەڕەتدا دەبوو شارەزایانی هۆزانەکانی، دۆستانی هۆزانڤان و نووسەری، هەندێک سیاسەتکار و سیاسەتمەدار کە ئه و لە نزیکەوە دەناسن، لێبهزرینایە سەبارەت بە شوێنێکی ناشتن کە شایستەی مەزنێتیەکەی ئه و بووایە نەک ئه و خۆی لە دەردئەندێشەی مەزنییەوە داوای مەزارێک بکات.
ئێمە لێرەدا گەیشتووین بە کێشەیەکی کرۆکیی شێرکۆ بێکەس. ئاخر بەڕێزێکی ئەوەندە ناسراو و مەزنی پێدراو چە پێویستییەکی به و گۆتانە هەیە؟ لێرەوە چەند پرسیارێک سەرهەڵدەدەن. ئایا ئەو، ئەوی شارەزای خەڵک و کولتورەکەی، خەمێک یان ترسێکی هەیە کە زوو لەیادبچێتەوە؟ یان ئه و هەقەی پێنەدرێت کە بە هی خۆی دەزانێت؟ خەمەکەی ڕەنگە لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت کە ئه و بەئاگایە لە زاکیرەی کورتی گەلەکەی، ئەوجا لە دەرفەتێکدا خەمەکە ی بە زمانێکی وێنەیی دەردەبڕێت. ئێمە دەتوانین لەمە گەڤێک یان تەحەدایەک تێبگەین نەک وەسێت. ئاخر ئه و بەم پیریییەش، بە پێچەوانەی زۆرینەی خەڵکی شارەکەیەوه، تا ئەمڕۆ شەهیدانی 1963ی سلێمانیی لەیادنەچۆتەوە، کەواتە ئه و ئاگایی مێژوویی هەیە، کەواتە لە خۆی و ژیانی خۆیشی بەئاگایە : ئه و شێرکۆ بێکەسه، بەڵام تۆ بڵێیت مەزنێتیەکەم تەواو دەرک نەکرابێت و زوو لەیاد بچمەوە؟.
بەڵام خەونەکەی شێرکۆ بێکەس لەوەش زۆرترمان پێدەبێژێت. گەر ڕەخنەی ئەدەبی بەگشتی هەبووایە و بەمەش سەرجەم شێرکۆ بێکەس بە مێتۆدی جیاواز ساغکراوە بووایە، هۆزانە مەزنەکانی بە ئاشکرا لە دەربڕینە ڕواڵەتیەکانی جیاکراوە بوونایە، ئەوسا بۆ ئه و زۆر زوو سەرجەم لاوازی و لایەنە مەزنەکانی ئاشکرا دەبوون، بەمەش دەشیا خۆی لە زۆر دەربڕینی ناشایستە و ڕواڵەتی، بەڵێ بە تایبەتی لە هۆزانی پیاهەڵدان ببواردایە.
لەم جێیەدا پێویستە پرسیارێکی دی بوروژێنین: پرسیاری کیچ. ئێمە تەنانەت لەنێو هۆزانە جوانەکانی ئەودا گوزارشتی کیچن دەبینین، بەڵێ ناونیشانێکی وەک من تینوێتیم بە گڕ دەشکێ کیچە. گومانی تێدا نییە کە کیچ بەگشتی لای کوردەکان جوانە و لە ناخەوە حەزیان لێیەتی. ئێمە لێرەدا دەگەین به و پرسیارە کە تا چەند هونەرمەند ئاڕاستەیەکی دژبەری ئه و چێژە وەردەگرێت و ڕۆڵێک بۆ گۆڕینی چێژی وەرگر (جمهور) دەگێڕێت، یان تا چەند ئه و چێژە دەلاوێنێتەوە کە وەرگر لە ترادیسیۆنەوە هەیەتی. کەواتە ئایا تا چەند شێرکۆ بێکەس کارا بووە له پتر کیچاندنی چیژی وەرگردا؟
بەم شێوەیە هۆزانڤانێکی وەک شێرکۆ بێکەسیش بە ساغنەکراوەیی ماڵئاوایی کرد، ڕەنگە هەموو نووسەران و هونەرمەندان بەم شێوەیە بەجێمان بهێڵن، بەڵام ئەوانیش شوێنی ناشتن بخوازن، چونکە ڕەنگە بە خۆیان ببێژن: من چیم له و کەمترە؟. ئەوان چیرۆک یان ڕۆمان یان هۆزان دەنووسن و نانرخێنرێن، گۆرانی دەچڕن و نانرخێنرێن، تیاتەر یان تەمسیلیە نمایش دەکەن و نانرخێنرێن، ڕسم دەکەن و نانرخێنرێن، هەوڵی سینەمایی دەدەن و نانرخێنرێن. بەڵێ خۆیان زۆر جار لەسەر ئیشەکانیان قسە دەکەن، ڕوونکردنەوە دەدەن! ئەوان ناچارن، ئەوپەڕی ناچارن، فیز پێشان بدەن و بەفیزەوە هەڵوێست ڕووه و دەرەوەی خۆیان وەربگرن. ئیدی هەندێکیان لەنێو دەردئەندێشەی مەزنیدا هەڵدەئاوسێن (بە دەنگی گڕی هەرگیز گوێلێنەگیراو دەبۆڵێنن: کاکە من دیالۆگ ناکەم!). کێشە کرۆکیەکەی زۆرینەی هەرە زۆری نوسەران و هونەرمەندان ئەوەیە کە بوێری یاخیبوونیان نییە، شەڕی نێویەکیانەی حەفتاکانیان چۆن بوو، ئەمڕۆش ئەوهایە. هەفتاکان چۆن خۆیان پەراوێز دەخست، ئەمڕۆش ئەوها وەک تۆراو خۆیان پەراوێز دەخەن. گەر تەنانەت کەسان هەبن شرۆڤەی ڕەخنەیی ئیشەکانیان بکەن، هێشتا هەر نایکەن، ئاخر ئەوان لە مێنتالێتیانەوە چاوەڕوانی ستایش و پیاهەڵدان دەکەن، ئیشکەری جدیش تاقەتی نییە خۆی بخزێنێتە نێو ناکۆکیی ڕواڵەتییەوە[1].