#کاوە جەلال#
1
مافی سروشت (right of natur) تێگەیەکی فەلسەفەی مافە. ئێمە دەتوانین تێگەکە بەم چەشنە پێناسە بکەین: هەموو مرۆڤێک لە سروشتەوە، واتا نەک بەڕێی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتییەوە، خاوەنی مافی نەشیاوی دەستبەردارییە، مافی نەشیاوی بریندارکردن، ئەمەش بێگومان سەربەخۆ لە ڕەگەز و تەمەن و هاوڵاتێتی یان سەربەخۆ لەو دەوڵەتە کە ئەو تێیدا دەژی. ئەم مافانە ئەبەدین و دەکەونە سەرووی مافە دەوڵەتییەکانەوە. کەواتە مافی سروشت لە سروشتی مرۆڤەوە دەکەوێتەوە و ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە نابێت ئەو مافە بەڕێی یاسادانەرێکەوە بسەپێنرێت، بە پێچەوانەوە پێویستە مافی داڕێژراو لە یاسادا (واتا یاسای پۆزەتیڤ)، لە مافی سروشتەوە فۆرمولەبکرێت.
نموونەیەک بۆ مافی سروشت یان سەربەخۆ لە مافی پۆزەتیڤ بریتییە لە کەرامەتی مرۆڤ کە هیچ کەس و دامەزراوەیەک بۆی نییە برینداری بکات. لێ لێرەوە سەرەنجامێکی ئەوتۆ دەکەوێتەوە کە کەرامەتی مرۆڤ نەک تەنیا نەشیاوی بریندارکردنە، بەڵکو نەشیاوی دەستبەرداریشە.
کەواتە گەرچی سەرجەمی ماف مێژووییانە هاتۆتە ئاراوە، لێ ماف سەرەنجامێکی سروشتیی گۆڕانی مرۆڤییە. لەنێو هەموو مرۆڤێکدا هەستێک بۆ ماف و ناماف دێتە گۆڕێ، تەنانەت ئەو کەسانەش شکاندنی کەرامەت و بەدمامەڵەی بێتاوانان وەک کرداری بێماف / بێدادی دادەنێن کە تەنیا لە دەرەوە ڕەچاوکەری ئەو جۆرە کردارە بێمافانەن، واتا ڕاستەوخۆ تەوەرەیەک نین لەو ئەو جۆرە بێداییەدا.
لێ گەر بمانەوێت لە ئیدێی ماف تێبگەین، ئەوا پێویستە ڕوو لە ئیدێی ئازادی بکەین، چونکە ئیدێی ئازادی سەرچاوەی ئیدێی مافە: هەموو مرۆڤێک داوای ئازادیی دەرەکی دەکات، واتا داوا دەکات دەسەڵاتێکی جڵەونەگیراوی هەبێت تاکو بتوانێت ئەوە بکات یان واز لە ئەوە بهێنێت کە ئەو خۆی دەیەوێت، لێرەشەوە پاشان ئەو سەرەنجامە دەکەوێتەوە کە دەبێت هەر مرۆڤێک ڕێز لە مافی خۆچارەنووسی کەسانی دی بگرێت، بەمەش ئیدی تەنیا شیمانەیەک بۆ هەر مرۆڤێک دەمێنێتەوە: ئەو تەنیا دەتوانێت داوای مافی ئازادییەکی جڵەوگیراو بکات.
2
ئازادی بۆ نواندنی هەر کردارێک لە لایەک، زەروورەی جڵەوگرتنی کرداری خۆیی لە لایەکی دی، ئەو ڕەوشە نەسازەیە کە دەرچەیە بۆ گەیشتن بە زانیننومای مافی سروشت، واتا بەو جۆرەی فەلسەفە کە هزرڤانانی وەک هۆبس، لۆک، پوفندۆرف، ڕوسۆ خۆیانی تێدا دەبیننەوە. لەم شێوازەی فەلسەفاندندا، سەرباری هەموو جیاوازییە مێتۆدییەکانی فەیلەسوفەکان، ئاڕاستەیەک سەروەرە: فەیلەسوف بۆ تێگەیشتن لە دەسەڵاتی سیاسی یان بۆ ڕەوایەتیدان بە پەیوەندییە سیاسییە هەبووەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ستاتۆی سروشت، واتا بۆ ئەو ستاتۆیە کە جارێ یاسای پۆزەتیڤ سنووری بۆ کرداری مرۆڤ دانەناوە.
بێگومان ستاتۆی سروشت تەنیا واتای ستاتۆی مرۆڤانی ڕووتەڵەی نێو سروشت، مرۆڤانی کۆبۆوەی سەرەتایی لە ڕەوەیەکدا، ناگەیەنێت. لە بنەڕەتدا هەموو شێوازێکی پێکەوەژیانی مرۆڤان کە یاسای بەگشتی چواندوو سنووری بۆ دانەنابێت، ستاتۆی سروشتە، جا گەر تەنانەت ڕێسای ئەشایەری و ڕێنومای ئایینی لەگۆڕێدا بن. خودی یاسای ئەشایەری یاسای سروشتییە و مرۆڤانی نێو ستاتۆی سروشت بۆ چارەسەری کێشەکانیان قبووڵیان کردووە. ئێمە دەتوانین چاکتر لە دیاردەکانی نێو پێکەوەژیانی مرۆڤانەوە لەم ستاتۆیەی سروشت تێبگەین: ئاژووتنی وەحشیگەرایانەی ئۆتۆمبێل، بەفێڕۆدانی چڵێسانەی ئاو و کارەبا، فرەخۆری، پیسکردنی ژینگە، دەسەڵاتداریی ناڕەوا کە دەشێت خۆی دامەزراوەی بانک و دادوەری بێت، خەتەنەکردنی کیژان، تۆڵەی نامووس، گەورە بە بچووک، تەشەبوس و بەرتیل و هتد بریتین لە ڕوونترین دیاردەکانی ستاتۆی سروشت.
گرنگترین مۆرکی ستاتۆی سروشت دەسەڵاتی تیرە و هۆزەکانە کە سەروەرانیان وەریانگۆڕیوە بۆ ماف. لێ ئەم مافە سروشتییە کە کەسێک یان بنەماڵەیەک لە پەیوەندیی نێو ستاتۆی سروشتەوە پێش سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی سیاسی هەیەتی، تەنیا لە لایەن تیرە یان هۆزی ئەو بنەماڵەیەوە ڕەوایەتی هەیە، واتا ئەندامانی گرووپەکە ڕەوایەتییان پێداوە و هۆشرایەڵیی دەکەن، لێ چواندنی بۆ سەرجەم قەوارە ئێتنییەکە نییە. ئێمە لێرەوە دەتوانین ئاماژە بۆ قەوارەکانی دیکەی نێو ستاتۆی سروشت بدەین: خڕبوونەوەی فراوانی مرۆڤان لە نێوەندێکدا کە دەشێت (یان ناشێت) ناوی شاری لێبنرێت، هەروەها دەشێت لەم دۆخەدا گرووپگەلی سیاسی هەبن کە دوای بەرژەوەندییە گرووپییەکانی (یان حیزبییەکانی) خۆیان دەکەون. کەواتە لەم ڕەوشەدا ویستگەلی تایبەتی هەن کە نێوەندی سیاسی پێکدەهێنن و هەر تاکە ویستگەلێک پەیوەست بە خۆیەوە ویستێکی گشتییە، لێ پەیوەست بە سەرجەم کۆمەڵەوە ویستێکی تایبەتییە: خۆی و بەرژەوەندییەکانی بریتین لە دەسوێژ و ئامانجی کردار.
قەوارەکانی نێو ستاتۆی سروشت، بە تایبەتی تیرە و هۆزەکان، بە سەرێک داخراون: سەرۆکێک کە بەرژەوەندییەکانی گرووپ دەپارێزێت و پەرەپێدەدات، کە لە سەرەنجامدا دەشێت وەک سەرۆک بەسەر سەرجەمی کۆمەڵە ئێتنییەکەوە زیتببێتەوە، لێ هاوکات دەشێت ئەو کێشەیەی سەرۆکایەتی ببێت بەهۆی جەنگێکی نەبڕاوەی (سارد یان تەنانەت گەرم) لەنێو ئەو کۆمەڵەدا. بێگومان دەشێت ئەمە هەروەها چواندنی بۆ گرووپە سیاسیەکانیش هەبێت، لێ ئەمە مەرج نییە (بۆ نموونە دەشێت لەم ڕەوشەدا گرووپی ئەناریشتی هەبێت)، واتا وەک ڕەوشی یەکەم نییە کە لە سروشتی بەکۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤەکانەوە لە ڕەوتی گۆڕانی مێژوویدا هاتۆتە ئاراوە و بووە ترادیسیۆن. گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە لە پەیوەندیی ئەشایەرییەوە، واتا لەو هەقیقەتەوە کە سەرۆکێک یان چەند سەرۆکێک بە میرات دەسەڵاتیان وەک ماف بۆ ماوەتەوە، ئەو مافەیان دەسەپێنن و ملکەچیش دەکەن بە فرمانی هەمووان. لەم ڕوانگەیەوە لە ستاتۆی سروشتدا دەسەڵات دروستکەری مافە و هیچ یاسایەک نییە کە بەبێ جیاوازی چواندنی بۆ هەمووان هەبێت. تەنانەت گەر شێوەیەکی دادگا ناسێنرابێت، ئەوا ئەو دادگایە ناتوانێت دەسەڵاتدارێکی تاوانبار یان گەندەڵ سزا بدات.
بێگومان دەشێت سەرهەڵدانی قەوارە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان یان گرووپەکانی نێو ستاتۆی سروشت لە زەروورەیەکەوە بووبێت و وەک ویستێکی سیاسی بەژەوەندییەکی گشتییان وەک ئامانج هەبووبێت، لێ لەبەر ئەوەی سەروەران خۆیان دادوەرن یان تەنانەت خۆیان یاسان، ئەوا لێرەدا بەدپەیوەندییەکی سیاسی لەگۆڕێیە و دەشێت بە چەشنێک تێکبچێت کە ئیدی تەنیا بە زەبر و لەخشتەبردن (بۆ نموونە بەڕێی بەخشینەوەی ئیمتیازات و پارەوە) بپارێزرێت یان تەنیا بە شۆڕش نەهێڵرێت. لەم ڕەوشەدا دەشێت سەروەر دەستوپێوەندەکانی چالاک بکات تاکو سەرجەم هەڵوێستە دژبەرەکانی ئەو بچەوسێننەوە و دەمکوت بکەن، هاوکات سامانەکەی بەگەڕ بخات تاکو ئەو بیچمە چالاکانە پتر بە خۆیەوە ببەستێتەوە کە ڕاستەوخۆ لەژێر ڕکێفی خۆیدان، جا دروستکردنی تەلار بێت بۆیان یان ئیمتیازاتی دیکە کە ئەو بەزۆریی لە ڕووتێنراوەکانی خوارەوەی دەکێشێتەوە. سەروەر ناچارە بەشێکی دەسەڵاتەکەی بۆ ئەو جۆرە بیچمانە چۆڵ بکات، چونکە ئەو دەسەڵاتە لە ستاتۆی سروشتەوە زیتکراوەتەوە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە: فەرمان-ڕەوایی نییە، بەڵکو فەرمان-نا-ڕەواییە کە لە دەسەڵاتەوە بۆ خاتری خودی دەسەڵات چێکراوە. لێ بیچمە بندەستەکانی سەروەریش دەبێت بۆ خاتری بەرژەوەندیی خۆیان دەسەڵاتەکەی سەروەریان بپارێزن تاکو ئەو پەیوەندییانە هەڵنەوەشێنەوە کە ئەوان بەڕێیانەوە خاوەنی دەسەڵاتن. لە پرنسیپدا لەنێو پەیوەندییەکی بەم چەشنەدا مافی مرۆڤ هەبوونی نییە، ژیانی مرۆڤ، هۆبس واتەنی، تەنیاکەوتوو و هەژارە، بۆگەن و ئاژەڵی و کورتخایەنە.
3
گرنگترین کێشە لێرەدا پەڕینەوەیە لە ستاتۆی سروشتەوە یان پێشدەوڵەتییەوە بۆ ستاتۆی دەوڵەتی، کە تێیدا یاسا چواندنی بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵەکە هەبێت. ئەم ڕەوشە بۆیە پڕکێشەیە، چونکە دەسەڵاتدارانی ستاتۆی سروشت ئامادە نین دەستبەرداری دەسەڵاتەکەیان بن، واتا پشتبکەنە سامان و پۆست و ناوبانگیان. ئەم ڕەوشە جێی سەرنجە. لە کرۆکی ئەم کێشەیەدا لایەنی بەرژەوەندییە ماتەرییەکان خۆی دەبینێتەوە و ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەو خواستەی ساتاربوون کە کەسێتی دەسەڵاتدارانی لەنێو ستاتۆی پێشدەوڵەتیدا تەنیوە. لەم ستاتۆیەدا ئیدیالیزمی نەمریی نییە، نەخێر دەسەڵاتدار لەنێو ڕۆژگاردا بۆ ڕۆژگار دەژی، ئەوجا دەیەوێت بەزۆر نەمریی بۆ خۆی بسەپێنێت، یان دەستوپێوەندەکانی لە پێناوی پاراستنی خۆیاندا هەموو هەوڵێک دەدەن تاکو بەزۆر نەمریی بۆ سەروەریان بسەپێنن.
لێ نەشیاوە ئەم بەدپەیوەندییانەی نێو ستاتۆی سروشت هەمیشە بەردەوام بن. شیمانەیەک بۆ نەهێشتنی ئەم بەدپەیوەندییانە بریتییە لە شۆڕش، جا ئەمە لە شێوەی ڕاپەڕینی جەماوەریدا بێت یان لە شێوەی ڕاپەڕینی ڕێکخراودا بێت لە لایەن بەرەیەکی سیاسییەوە. شۆڕش بریتییە لە ڕادیکالترین شێوازی نەهێشتنی ئەو بەدپەیوەندییانە کە لەنێو ستاتۆی سروشتدا سەپێنراون. شیمانەیەکی دیکە بۆ نەهێشتنی ئەو بەدپەیوەندییانەی نێو ستاتۆی سروشت بریتییە لە داگیرکردنی وڵاتەکە لە لایەن دەوڵەتێکی دیکەی بەهێزترەوە و سەپاندنی بەها سیاسییەکانی خۆی، یان خولقاندنی فەزایەکی نوێ بۆ برەوپێدانی بەهاکانی خۆی و سیستەمە سیاسییەکەی، بۆ نموونە دێمۆکراسی. ئەم ڕەوشە جێی سەرنجە: کاتێک لە ڕەوشی یەکەمدا گەل خۆی بەزەبر وەڵامی زەبر دەداتەوە و دەشێت سەرەنجامەکەی هەڵگێڕانەوەی بەدپەوەندییەکانی ستاتۆی سروشت بێت، ئەوا لەم جۆرە پەیوەندییە نوێیەی پاش داگیرکردندا نوێنەرانی مافی سروشتی ناچار دەکرێن بێنە نێو هاڤرکێی دەسەڵاتەوە، واتا ئەوە بکەن کە هەرگیز لەنێو ڕەوشە سروشتییەکەی پێش داگیرکردندا ئامادە نەدەبوون بیکەن، یان تەنانەت سەرجەم سوپا و هێزی پۆلیسیان لەدژی بەگەڕ دەخست.
ئەوە سەرەنجامێکی لۆگیکییە کە ئەم ستاتۆ نوێ خولقێنراوە کۆمەڵایەتییە زیان بە کەمینەی دەسەڵاتدار و سوود بە زۆرینەی کۆمەڵەکە دەگەیەنێت، بێگومان بە شێوەیەکی ڕێژەیی: دەسەڵاتی ڕەهای سەروەرانی نێو ستاتۆی سروشت کەم دەکاتەوە و دەرفەت بۆ هێزی نوێ دەڕەخسێنێت تاکو تەحەدای سەروەرانی نێو ستاتۆی سروشت بکەن، کە ڕەنگە لەنێو ئەم هەقیقەتە ڕیالەوە (نەک لە بەزەیی ئاسمانەوە!) ڕەوتێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی ڕووەو دەوڵەتی ماف بگیرێتەبەر[1].