نووسینی: هەژار وشیار بەرزنجی و حەسەن مەلا
کتێبی (پرۆسەی ئەنفالی شێخان) یەکێکە لەو کتێبە نوێیانەی بە بۆنەی (31)ەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال، چاپکراوە و لە نووسینی هەژار بەرزنجی و حەسەن مەلا-یە.
کتێبەکە (ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2019) لە هۆڵی محەمەد نوری تۆفیق لە چەمچەماڵ لە مەراسیمێکدا ناساندنی بۆ کرا و بڵاوکرایەوە.
هەژار بەرزنجی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی دیرۆکی، دیکۆمێنتاری، ئەترۆپۆلۆجی کەلتوری، دیمۆگرافیە، لەگەڵ نووسەر حەسەن مەلا ئەنجاممانداوە. دەمانەوێت ئەم کتێبە بچێتە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی بۆ نووسینەوەی لاپەڕەیەک لە قوربانییەکانی گەلەکەمان بەشێوەیەکی زانستی ئەنجام دەدرێن، ئەنفالیش بەشێکە لەو تاوان و قوربانیانە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە هەژار دەڵێت: لێکۆڵینەوەیەکە لە ئەنفالی ناوچەیەکی وەکو قادرکەرەم و هۆزی شێخان کە قوربانییەکی زۆریانداوە و ئەنفالی سنوورەکەیان ئاسەواری گەورەی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە و لێکۆڵینەوەی زۆرتر و وردتریشی دەوێت.
کتێبی (پرۆسەی ئەنفالی ناوچەی شێخان) لە دووتوێی 267 لاپەڕە و لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، لەساڵیادی ئەنفال-دا چاپکراوە. [1]