خۆ ئەوان خراپ ناڵێن، مامۆستاو ڕاهێنەرو مەلاو بانگخوازو دایکوباوک و کێ و کێ.. هەر باش ئەڵێن و هەر نەسیحەتی خیرمان ئەکەن.. (کێشەکە خراپیی وتەکان نیە، خراپیی پەیوەندییەکەیە)!
پەیوەندیەکە ستونییەو هەموو هەر نەسیحەتمان ئەکەن و گفتوگۆمان لەگەڵ ناکەن، ئێمەش هەر پێویستمان بە پەیوەندییەکی ئاسۆیی و گفتوگۆیە نەک بە نەسیحەت! چونکە لە گفتوگۆدا عەقڵ حزوری هەیەو لە نەسیحەتدا خودی نەسیحەتەکە، ئەچێتە جێگەی عەقڵ و بواری بیرکردنەوە دائەخات!
کە پەیوەندییەکە نابەرابەربوو، کە پێگەی نەسیحەتکەری دا بە لایەک و پێگەی نەسیحەتکراوی دا بە لاکەی تر، ئیتر دوو تەرەف ناکەونە ناو بیرکردنەوەو گفتوگۆوە. بەڵکو تەرەفێک شتێکی بێگومانی پێیەو لەناو ئەویتردا دایئەنێ. ئەویش پێویستە بێ گومان قبوڵی بکات! یەعنی پرۆسەکە بیرنەکردنەوەیەکی دوولایەنەیەو هیچی تر.
نەسیحەت لەو سێکسە نابەرابەرە ئەچێ، کە لایەکی تیا ڕەحەت و بەتاڵئەبێتەوەو لاکەی تر هیچ، لەکاتێکا گفتوگۆ بۆ ئەوەیە کە هەردولا بگەنە ئۆرگازمی بیرکردنەوە.
تۆ ناکرێ دوای نانخواردن بڵێ ی بەزیابێ سێکسێکی خۆشبوو، چونکە دوو شتی جیان. زانین و زانیاریش بەقەت ئەو سیکس و خواردنە جیان و لە نەسیحەتدا لایەک ئەگاتە ڕەحەتبوونی گواستنەوەی حەقیقەت و لاکەی تریش یان ئەگاتە ڕەحەتبوونی وەرگرتن یان ناگا. بەڵام کەسیان ناگەنە (ڕەحەتبوونی زانین)! چونکە بیرکردنەوەیەک لەئارادانیەو ڕەحەتبوونی زانینیش تەنیا لە بیرکردنەوەدایە.
نەسیحەتکەر خۆی نازانێ چونکە بیرناکاتەوە، تەنیا داتا ئەگوازێتەوە، داتای حەقیقەتێنراو! نەسیحەتکەر ئەگەرچی خۆی بە عاقڵ ئەزانێ و ئەوانیتریش بە عاقڵی ئەزانن، بەڵام لەڕاستیدا ئەو هیچ بەرهەمێکی عەقڵیی نیە، ئەو لەناو پرۆسەی بەرهەمهێنانی زانیندا نیە، ئەو لەناو پرۆسەی بەکاربردنی زانیاریدایە! ئەم پرۆسەی دووەمەش کە جێگای پرۆسەی یەکەم بگرێتەوەو لێمان ببێت بە عەقڵ و بیرکردنەوە، ئیتر ئێمە لە دەرەوەی عەقڵ و بیرکردنەوەداین.
دواجار ئەوەی کە ئێمە پێویستمانە (عەقڵی بیرکەرەوەیە) بەڵام مامۆستاو مەلاو بانگخوازو سیاسی و ڕۆشنبیرو گەشەپێدەری مرۆیی.. هەریەکەو بە شێوازی خۆی، خەریکی قووڵکردنەوەی بیرنەکردنەوەن!
هەریەکەو وەعزی خۆی ئەداو هاتووە بڕوات بە (حەقیقەتێک) پێبێنێ، نەک گفتوگۆت لەگەڵ بکا لەسەر (بابەتێک).
ئەوان لەتەنیشتمانەوەنین و بابەتێکیش لەنێوانمادابێت، بەڵکو ئەوان لەسەرەوەن و حەقیقەتێکمان بۆ شۆڕئەکەنەوە!
جا تا (سەروخوار) نەکەینەوە بە (تەنیشت) و (حەقیقەت) نەکەینەوە بە (بابەت)، ئەوەی هەیە لەدەرەوەی بازنەی بیرکردنەوەدایەو یارییەکانیش ئەگەرچی بە شێوازی جیا ئەکرێن، بەڵام هەر یەک نەتیجەیان هەیە، کە دۆڕانی بیرکردنەوەیە بە زانیاری[1].