- لە چاوی سەرمایەدارییەوە، دنیا بازاڕێکی گەورەیەو هەموو شتەکانی ناوی کاڵان، کاڵاکانیش هەر لە سەیارەو کەرەستەو ماڵ و مادەیا ناوەستن، بەڵکو تا هونەرو ئەدەب و دین و ڕۆح و ئیحساس و ویژدانیش دێن و لەڕاستیدا سەرمایەداری، شەڕی ڕاستەقینەی خۆی، لەناو ساحەی مەعنەویدا ئەکاو لەوێدا سەرکەوتنی مادە ڕائەگەیەنێ!
- کاتێکیش باڵی مەعنەوی مرۆڤ ئەشکێ، ئیتر لە مرۆڤ بەس جەستە ئەمێنێتەوە، جەستەش تەنیا هێزی کارو هێزی سێکسە، هەرئەونەش کاڵایەو پارە ئەکات، سەرمایەدارییش هەرئەونەی مرۆڤی ئەوێ!
سەرمایەداری مرۆڤێکی کورتکراوەی لە کارو سێکسدا ئەوێ، مرۆڤ لەوە زیاتربێ خەتەرە بۆ سەرمایەداری، چونکە لەوە زیاتری مرۆڤ، نابێ بە پارە.
- سەرمایەداری شەڕی سەرکەوتنی ڕوکەشە بەسەر جەوهەردا، چونکە جەوهەر کەرەستەی کڕین و فرۆشتن نیە، بەڵام ڕوکەش خودی بازاڕە!
جەوهەر لە قووڵاییدایەو ڕوکەش لە تەنکیدایە، ئیتر سەرمایەداری شەڕی نەهێشتنی قوڵایی شتەکان و شەڕی سەتحیکردنەوەی شتەکانە.
- سەرمایەداری شتێکی بەرزو ڕۆحانیت ناداتێ، شتێکی نزم و شەهوانیت ئەداتێ، شتەکان بەتاڵئەکاتەوە لە ڕۆحی خۆیان، چونکە ڕۆحی شتەکان قووڵەو نابێ بە کاڵا، بەڵام شەهوەتی شتەکان سەتحی و کاڵایە.
سەرمایەداری شەڕی باتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی شتەکانە، لەبەرژەوەندی کەڤەرو قاوغی شتەکان. بەتالکردنەوەی شیعر لەناوەڕۆکی شیعر، بەتاڵکردنەوەی گۆرانی لەناوەڕۆکی گۆرانی، بەتاڵکردنەوەی دین لەناوەڕۆکی دین.. لەکۆتاییشدا بەتاڵکردنەوەی مرۆڤ لەناوەڕۆکی مرۆڤ.
- سەرمایەداری شعرێکت ناداتێ کە مانای قووڵ و بیرکردنەوەو تەفسیرو تەئویل هەڵگرێ. گۆڕانییەکت ناداتێ کە بە مانگێ بچێتە ڕۆحتەوەو تەمەنێک تیایبمێنێتەوە. دینێکت ناداتێ کە هەڵکشان و سموی ڕۆحیت بداتێ..
بەڵکو شیعرو ئاوازو دینێکت ئەداتێ کە دەگەوسلف وەریگریت و پرسەکە لە دەرەوەی ماناو بیرکردنەوەو عەقڵ و ڕۆحدا بگوزەرێ و تەنیا لە مەودای چێژو چاودابێت!
ئاخر یەکێ لە ڕەگەزەکانی بازاڕ خێراییە، کەرەستەی قووڵ ئەگەر بابەتی کڕین و فرۆشتنیش بێت، درەنگ ساغئەبێتەوە، ئیتر بە کەڵکی بازاڕ نایەت!
- بەڵی سەرمایەداری دین و ئەدەب و هونەرو تڕوتفاقی خۆی ئەهێنێت، ئەو شتانە ئەهێنێ کە سەتحی و بێ قووڵایین، کە ڕوکەشی و بێ جەوهەرن، کە جەستەیی و بێ ڕۆحن، کە شەهوانی و ناعەقڵانین..
جا لە گۆرانی ئایلادا، نەڤید ڕێک گەیشتۆتە لوتکەی گۆرانی کوردی(مۆدێلە سەرمایەدارییەکەی)!
چونکە ئەگەرچی مەوجەکە چەن ساڵێکە هەیە، بەڵام تەنانەت مامۆستا هەڵکەوتیش، کە عەمیدی ستایلەکەیەو کە گۆرانییەکانی پڕن لە ئیحائات و شۆی سێکسی و بەکاڵاکردنی هونەرو ژن، بەڵام هێشتا ئەویش ناڕاستەوخۆ خۆی لە باباتەکە داوە!
وەلێ نەڤید ڕێک و ڕاست لەبنی کولەکەکەی داوەو دەفتەرێ دۆلاری گرتووە بەدەستییەوەو ئەلێ پارەم پێیەو ئایلا ئەبەمەوە!
- سەرمایەداریی وەحشێکی تێرنەخۆرە، لە هیچ شتێکا ناوەستێ و لە شتێکیشا لە تۆزێکیدا ناوەستێت. مەسەلەن نەڤید تەنیا ئایلای ناوێ، بەڵکو ئایلاو هەموو ڕەفیقەکانیشی!
- سەرمایەداری مۆدێلی خۆنەبوون و لاساییکردنەوەی ئەوە!
خۆبوون شتێکە لە بیرکردنەوەو لەناوەوەی تۆوە دێت. خۆنەبوون ئەوەیە کە لە دەرەوە دێ و تۆ خۆت لە هەر شتێکی درەوەی خۆتا ببینیتەوە.
سەرمایەداری بوونی بەدیل و خۆتی موزەییەفت بۆ دروستئەکات، بەوەی کە سەرەتا بوونی خۆت لەپارەیا ئەبینیتەوەو ئەتەوێ پارە بەدەستبهێنیت. دواتر لەڕێگەی پارەوە شتانێکی تر بەدەستدێنیت و بوونی خۆت لەواندا ئەبینیتەوە. ئیتر تۆ دڵت خۆشەو وائەزانیت زۆر شتت هەیە، لەکاتێکا تۆ هێشتا خۆشت نیت!
- بۆ ڕاگرتنی ئەم دۆخەو بۆئەوەی هەر لەدەرەوەبیت و نەتپەرژێ بگەرێیتەوە ناو خۆت، سەرمایەداری شتێکی سحیری بۆ دروستکردویت کە مۆدێل و باوە!
کە وەکو حەکایەتی مێش وایەو هەر نایگەیتێ! یەک لەسەر یەک مۆدێلی تازەت بۆ ئەخاتە بازەڕەوەو تۆش هەر دوایان ئەکەوی و هەر خەریکی ئەم ڕاکەڕاکەیەیت. لێرەشدا بەخەسارئەچیت و هێندە لەخۆت دوورئەکەویتەوە کە هەر پێینەگەیتەوە.
لێرەدا ئەکەویتە پرۆسەیەکی (بەردەوامی) ونکردنی خۆتەوە، چونکە مۆدێلەکان هەر دێن و تەواونابن، تۆش هەر ئەڕۆیت و بوونی خۆت لەوانی ناکۆتایا ئەبینیتەوە، ئیتر ونبوونت هەر تەواونابێ!
- لە سەرمایەداریدا پارە چەقی بوونە، بە ئیجازەی دیکارت (من پارەم هەیە کەواتە من هەم)!
من پارەم پێیە، کەواتە نەک هەر خۆم هەم، بەڵکو ئەتوانم بوونی ئایلاش دەسکاریبکەم و ئەویش بەدەست بێنم! چونکە (ئەو) هیچ نیە جگە لەو شتەی کە من ئەتوانم بیکڕم.
تۆ کە بوونی خۆتت لە پارەیا بینی، ئیتر بوونی ئەوانیتریش و کۆی بوون وا ئەبینیت.
- من دژی نوێگەری نیم، مەسەلەن کەسی ترنا هەر نەڤید خۆی، گۆرانی تری هەیە حەزملێیەتی.. گۆرانی نوێ جیایەو گۆرانی سەرماداری جیایە، من تەنیا دژی گۆرانی سەرمایەداریم، چونکە لای من گۆرانی ڕۆحەو لای سەرمایەداری کاڵایە، ڕۆحیش نابێ کاڵابێ.
- ئینجا واز لە جدیات و نەڤید بێنەو بابچینە سەر فشقیات و کابرای ڕاپەر.
خۆی ڕاپ یەعنی جوڵە، کەچی ئەم ڕاپەرە ئەزیزە تاقەتی جوڵەی نیە، ئەمە یەکەمجارە ڕاپەر ببینم تاقەتی ڕاپی نەبێ[1]!