1- (لە تورکیا دیموکراسی بردییەوە، بردنەوەی دیموکراسیش دەرفەت و چانسێکە بۆ گەڕانەوە بۆ حەلی دیموکراسییانە) لەڕاستیدا ئەمە گرنگترین شتە کە لەوێ ڕوویداوەو ئەگەر هەمووان و بەتایبەت ئەردۆغان، لەم ساتە تێبگەن، بێ شک ئەبێتە ساتێکی مێژوویی!!
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئیرادەی ملهوڕی و تاکڕەوی بیبردایەتەوەو ئەمەشی بۆ بچوایەتەسەر، ئەوکات ڕۆشتن بە ئاڕاستەی دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی بەردەوام ئەبوو، وە ساتێک و وێستگەیەک و ئەگەرێکیش لەئارادانەبوو بۆ هەڵوەستەو بۆ لاکردنەوە لە حەلی دیموکراسی!
2- (سیاسەت لە باشور ئینسانی پوچ و سەتحی دروستکردوە، بەڵام لە باکور ئینسانی پڕو هۆشیاری دروستکردوە) فەزڵی ئەوەش بۆ خودی کولتوری دیموکراسی تورکیاو بۆ خەباتی #پەکەکە#یە!
ئاشی سیاسەتی ئێرە (چاو) ئەیگێڕێ و هەر پرسێک ڕاگەیاندن و فەیسبوک بیجوڵێنێ و بەرچاوبێت، تەواوی کۆمەڵگا پێوەی خەریک و دابەش ئەبن!
بەڵام سیاسەت لە باکور، چونکە تۆزێ لە چاو ئەولاتر ڕۆشتووەو تا لای فکرو عەقڵ چووە، ئیتر خەڵکی ئەوێ بە پڕوپاگەندەی نامەی ئۆجەلان تێناکەون، ئەگەرچی پابەندییەکی ڕۆحییشیان لەگەڵ ئەو پیاوە هەیە!!
خۆ ئەگەر شتێکی وا لە باشور ڕوویبدایە، ئەوە جگە لەوەی خەڵک تێئەکەوتن و نەتیجەکە ئەگۆڕا، خەڵک ئەبوونە دوو بەش و بەریشئەبوونە یەکتر!
3- ئەگەر لەمن بپرسی بۆ خەڵکی تر دەوڵەتیان هەیەو کورد نیەتی؟ پێتناڵێم لەبەر ئەوەی گەلانی تر عاقڵن و ئێمە گەمژەین. (پێتئەڵێم لەبەرئەوەی گەمژەیی خەڵکی تر سنوری هەیە، بەڵام هی کورد نیەتی)!
سەیرکە ئاکەپە، ئەگەرچی هەر جاری یەکەم، ئەبووایە دۆڕانی قبوڵبکردایەو پیرۆزبایی لە براوە بکردایە، بەڵام هەرنەبێ جاری دووەم کردی!
دە وەرە تۆ، دووجارو سێجار نا، دوای سەدجارو هەزارجار، پارتی تێگەیەنە کە لە #هەولێر# دۆڕاوە!
لەڕاستیدا گەمژەیی لای هەمووان و لە هەموو شوێنێک هەیە، بەڵام ئەوانیتر خۆیان و وڵاتی خۆیان خۆشئەوێ، ئیتر لە شوێنێکیشدا گەمژەیی ئەوەستێنن و هەموو شتێکی بۆ تێکنادەن، وەلێ کورد لەپێناو گەمژەییەکی خۆی، هەموو شتێک تێکئەدا، بۆیە هیچی دروستنەکردوە!
لای ئەوان گەمژەیی هەیە، بەڵام خەتی سوریش هەیە کە گەمژەییەکانیان بوەستێنێ و دواجار بگەڕێنەوە بۆ عەقڵانییەت، بەڵام لای کورد (گەمژەیی) خۆی خەتە سورەکەیە، بۆیە هیچ شتێک نەیوەستاندوەو دواجاریش هەرخۆی ماوەتەوە!
4- بە تێگەیشتن لەو جیاوازییەی، کە لەنێوان هۆشیاریی سیاسیی کوردی ئەستەنبول و کوردی باشور هەیە، ئەبێ تێبگەین لەوەی کە ئێمە، پێویستمان بە حیزبێکی سیاسیی تر نیە، پێویستمان بە تێگەیشتنێکی سیاسیی ترە!
سیاسەتی باشور دوو خەتە، خەتێک لە هەولێرەوە وەهمی دەوڵەتمان بۆ دروستئەکاو خەتێک لە #سلێمانی#یەوە پارتیمان بۆ ئەڕوخێنێ!
ئەمیان لە پشتی شیعاراتی قەومییەوە، ئەوەی خراپبێ بەسەر ئینسانی کوردیا هێناوە!
ئەویان لە پشتی بانگەشەی دژایەتی پارتییەوە، هەر ئەوە ئەکات کە پارتی کردویەتی و هەر کۆپی ئەوە!
(دژەپارتێتی) وەکو دژایەتی فەسادو بنەماڵەگەری، یان وەکو جیاوازی فکری و ململانێ ی سیاسیی.. دروستە. بەڵام (دژەپارتێتی تەنیا وەکو خڕکردنەوەی مێگەل و کردنەوەی دوکانێکی سیاسی لە دەڤەری سەوز) ئەمە حەشیشێکە کە لە شەستەکانەوە ئەم دەڤەرەی تەنیوەو چیتر پێویستە لەپاڵ (حەشیشی کوردایەتی) و حەشیشەکانی تردا، باسبکرێ و پوچەڵ و بەتاڵیبکەینەوە!!
5- سەیرکە تا دژەپارتی زۆرتربێ پارتی بەهێزترئەبێ! چونکە لەڕاستیدا دژەپارتییەکانمان لێکچووی پارتین، بەڵام لێکچوونەکە لەپشتی دژایەتی پارتی و دروستکردنی گرژییەوە ئەشارنەوە!
جا لەپێناو بڕێک ئارامیی، ئێمە چیتر پێویستمان بە دژەپارتی نیە، پێوسیتمان بە (جیاواز لە پارتی) هەیە، جیاوازیش پێویستی بە دروستکردنی گرژی و لێڵیی نیە، (جیاواز) لە ڕوونییدا دیارە!
6- ئێمە چیتر پێویستمان بە هێزێک نیە کە ئیش لەسەر (دەوڵەت) یان لەسەر (پارتی) یان لەسەر شتێکی تر بکات، ئێمە پێویستمان بە مەشروعێکە کە ئیش لەسەر (ئینسان) بکات! چونکە ئەوەی لە ئێمەدا ڕوخاوە ئینسانە، ئینسانیش لە بیرکردنەوەو تێپەڕاندنی دۆخی حەشیشەوە دروستئەبێتەوە، هەموو شتەکانی تریش لەدوای ئەم دروستبوونەوەیەوە دروست ئەبن!
7- ئێمە پێویستمان بە پوچکردنەوەی حەشیشەکانی دروستکردنی (ڕق و مێگەلە) لەبەرژەوەندی بیرکردنەوەو دروستبوونی تاکی هۆشیارو ئازاد.
مێژووی حیزبایەتی ئێمە، مێژووی ڕق و نابووتکردنی حیزبی پێشترە، هەر حیزبێک لەوێوە دەستی پێکرد، سەر بە هەمان مێژووەو ئێمەش پێوستمان بە مێژوویەکی ترە، نەک بە حیزبێکی تر! مێژوویەکی تریش لەوێوە دەستپێئەکات کە (س) خۆی لەخۆیدا شتبێ، نەک لە نابووتیی (ص)دا[1].