#پەیکار عوسمان#
ئێمە لەناو دووئیدارەییە تەقلیدییەکەدا، لەناو دووئیدارەییەکی تریشداین!
وەکچۆن پێشتر دەزگاکەی مەسرور حکومەتێکبوو لەناو حکومەتەکەی نێچیردا، لەمەولا سەرۆکایەتییەکەی نێچیریش هەر تەنیا سەرۆکایەتی نیە، بەڵکو حکومەتێکیشە لەپاڵ حکومەتەکەی مەسروردا.
ئەم دووانە خەریکی شەڕی هەژموونی خۆیانن و تەواوی حیزب و باڵ و مەسولەکانی تریش، دوای دابەشبوونە بچوکەکانی خۆیان، دابەشی ئەم دوو جەمسەرەی پارتیش ئەبنەوەو ئەبنە کەرەستەی باڵانسی پارتی!
جا حیزبەکانی تر ناتوانن خەرقی ململانێکانی پارتی بکەن چونکە تەرەفی لاوازن، بەڵکو هەر بەشی شەڕە شەق و ململانێکانی ناو خۆیان، تەنیا ئەتوانن سێبەرو مەرحەمەتی یەکێ لە دوو جەمسەرەکەی پارتی بەدەست بێنن!
یەعنی لەمەولا هەرچۆنێک سیاسەت بکەیت، هەر وەکو وایە بۆ پارتی بیکەیت و هەر تیمی یەدەگی پارتیت!
چونکە بۆ شەڕو ململانێکانی خۆت، دواجار هەرئەبێ لە یەکێ لە دوو دەرگاکەی پارتی بدەیت، ئەو دوو قولاپەش هەرکامیان بتگرێ، هەر ئەکەویتە ناو سەبەتەو تۆڕی پارتی.
یان ئەوپەڕی بافڵ و لاهور بەسەر ئەو دوو دەرگایەدا ساغنابنەوەو بە ڕعایەی ئێران، دەرگای سێیەم ئەکەنەوە، تۆش ئەگەر بتەوێ لە دوو دەرگاکەی پارتی نەدەیت، ناچار ئەبێ لەم دەرگای سێیەمە بدەیت، کە هەرسێکی هەر دەرگای گرگنییە بۆ تۆ، هیچیان دەرگای بوێری و ئازادیخوازی و پاڵەوانیی و ئەم شتانە نیە!
جا کە پارتی ئەم ململانێ و باڵباڵێنەی ناوخۆی هەیە، هەرگیز چاوەڕێ مەبە کە کێشەکانی ناوەوەی بتەقنەوە!
چونکە پێچەوانەی حیزبەکانی تر کە باڵباڵێن دایڕزاندون، باڵباڵێن پارتی بەهێزیکردوە! بۆچی؟ چونکە ئەوانیتری بۆ بچوک کردۆتەوەو ئەوانیتری پێ ڕاوئەکات!!
بەڵێ باڵباڵێنی پارتی، هەموو ئەوانیتری بچوک و پەرت و دابەشی خۆی کردۆتەوەو ئەیانکا بە شاگرد، دەی پارتیش هەر وەستایی ئەوێ خۆ لەوە زیاتری داوانەکردوە!
مەسعودیش دوای سەرۆکایەتی، ئەیەوێ چەتربێ و نێچیریش لەڕێگەی سەرۆکایەتییەوە ئەیەوێ چەتربێ، مانای چەتریش فرەیی قبوڵ ناکاو چەتر ئەبێ یەکبێ!
یەعنی نێچیر جارێک لە کاری حکومەتدا بەر مەسرور ئەکەوێ و جارێکیش لە کاری مەرجەعیەتدا بەر مەسعود ئەکەوێ.. بەڵام وەک وتمان ئەم ململانێیانەی ناو پارتی، گرەوی لەسەر ناکرێ، چونکە دوای زەڕب وتەقسیم، هەر ئاغایی پارتی و هەر نۆکەریی ئەوانیتری لێکەوتۆتەوەو ئێ پارتیش هەر ئەونەی ئەوێ.
تۆ لە هەر حیزبێکدا سیاسەت بکەیت، لەبەردەم شەڕی چەن کەس و باڵێکی بەرژەوەندخوازی دەسەڵاتخوازدایت، بۆ بردنەوەی ئەم شەڕەش، بە زەرورەت هەریەکەیان ئەدەنە پاڵ یەکێ لە باڵەکانی پارتی!
بۆیە حیزبی تر، تا شەیتانی (دەسەڵاتخوازی و بەرژەوەنخوازی) لەناو خۆیدا نەکوژێ، ناتوانێ ململانێ ی پارتی بکاو تۆ ئەگەر دژو نەیاری پارتیش بیت، ئەم شەیتانە هەر ئەتباتەوە ژێرباڵی پارتی.
ئینجا با بێمە سەر شەیتانی ڕاگەیاندن، ئەم چەن ڕۆژە خۆ بینیت (ڕووداو) چی کرد نێچیرڤان؟!
حەتمەن ئاگاشت لە (ئێن ئاڕ تی) هەیە، چی کردوەو ئەکا بۆ شاسوار!
دوو ڕۆژی تریش ئەبینی (کەی بیستوچوار) چی بۆ مەسرور ئەکات!
جا یان سەیری تەلەفزیۆن مەکە، یان بیخەرەوە سەر گەلی کوردستان و کوردستان تیڤی، چونکە ئەمانە فریویان نەماوە!
بەڵام پڕۆفشناڵەکان تەنیا کەناڵی فووتێکردنی خاوەنەکانیانن و هیچی تر، وەلێ بە دنیایەک فریوەوە!!
من زۆر گەشبینم بە داهاتوو، ئەگەر (ئێستا) منو تۆ لە شەڕەشەقی مافیاکانی سیاسەت بێینە دەرێ!
لێرەشەوە تایپێکی تری ئینسانی ئێمە دروسئەبێ، کە ئەتوانێ تایپێکی تری سیاسەت دابهێنێ.
چیتر بە دەهۆڵی هیچ حیزب و ڕاگەیاندن و باڵ و سەرۆکێک هەڵمەپەڕە، بەمە هەڵپەڕکێت لەکیس ناچێ، بەڵکو فێری هەڵپەڕکێ ی خۆت ئەبیت!
لەم هەڵپەڕکێیەی ئێستادا، لە دەسی هەرکێدابیت (بە دژەپارتی و موعارەزەشەوە) هەر لە گاوانیی پارتیدایت!
بۆیە: یان ڕێکو ڕاست بڕۆ دەسی پارتییەوە، یان هەرهەموویان بخە زبڵدانی بێشعوریتەوەو لە دەرەوەی مێگەلدا، بڕێک بە شعورەوە بژی[1].