(دین بۆ دابەزاندنی باڵانسی ڕق و بەرزکردنەوەی باڵانسی خۆشەویستی یە.)
تا ئێرا شتەکە هی خوایەو لەوە بترازێ هی سوڵتەو کەهەنەو شەڕەشەقەکانی خۆمانە.
ناو کەوانەکە بکە بە سەرەتایەک و بیخە مێشکتەوە، بۆ ئەوەی دواتر دین نەکەیتە مەکینەی ڕق و وەزیفەکەی عەکس نەکەیتەوە!
دین فلتەرێک نیە کە شتەکانی تری پێ بپاڵێویت، چونکە ئەسڵەن پاڵاوگەکە بوونی نیەو ئەوەی هەیە تێگەیشتنەکانە بۆ دین نەک خودی دین!
باشترینی تێگەیشتنەکانیش ئەوە کە خۆت بەرهەمی بهێنیت، بەوەی کە (تێگەیشتنی باو بۆ دین) بدەی لە فلتەری خۆشەویتی و تێگەیشتنێکی جوانی بانڕقی بۆ دین لێ دروستبکەیتەوە.
دین بۆ ئەوەنیە ڕقت لە بێ دین بێت، ڕۆژوو بۆ ئەوەنیە کە کێشەت لەگەڵ ڕۆژونەگر بۆدروستبکات، نوێژ بۆ ئەوەنیە کە دوژمنی نوێژنەکەربیت، حیجاب بۆ ئەوەنیە کە سفور بە بەرەڵا بزانیت.. بەڵکو ڕێک بەعەکسەوە شتەکە بۆئەوەیە کە تۆ لەگەڵ (ئەویتر) بگونجێیت!
ئەویتری نوێژکەرێکیش نوێژنەکەرەکەیە، یەعنی نوێژ بۆ ئەوەیە کە تۆی نوێژکەر بتوانی لەگەڵ نوێژنەکەرێک باشتر بژیت، نەک بۆئەوەی تێبگیرێیت لەگەڵی یان خۆتی لێجیابکەیتەوە!
یەعنی گونجانی تۆ لەگەڵ لێکچووەکەتدا، هیچ هونەرێکی تێدانیەو ئاژەڵیش ئەوەی پێئەکرێ، خۆ مەڕ لەگەڵ بزن و مانگاو گیاخۆرەکانی لێکچوویدا کێشەیەکی نیە، لەگەڵ گورگ هەیەتی.. هونەری پێکەوەژیانیش گونجانە لەگەڵ جیاوازەکاندا نەک لێکچووەکان.
تۆ ئەگەر پێکەوەژیان بفامیت، ئەبێ ئەوەش بفامیت کە هاوبەش و شەریکی تۆ لە پێکەوەژیاندا، جیاوازەکەیە نەک لێکچووەکە، خۆ ئەگەر لێکچووەکەبێت، کەواتە شتەکە پێکەوەژیان نیە!
یەعنی ئەویتری جیاواز نەک خەتەریک نیە بۆ سەر تۆ، بەڵکو تەواوکەرو نیوەکەی تری ژیانی تۆیە، ئەو ژیانەی کە ناوی پێکەوەژیانە.
بەڵام چۆن لەگەڵ ئەویتری جیاواز کە لە خۆمان ناچێ، بگەینە پەیوەندییەکی ئاسایی ئینسانی؟ بێگومان لە وجودی ڕقدا ناکرێ.
ئەی چۆن پاشەکشێ بە ڕق بکەین؟ بێگومان بە لابردنی جیاکاری.
ئەی جیاکاریی چیە؟ (بێگومان ئەو هەموو بەرزی و پەسەندییەیە کە داوتەتە پاڵ خۆت و ئەو هەموو نزمی و ناپەسەندییەیە کە داوتەتە پاڵ ئەو.)
ڕەگی ڕق ئا لێرەدایەو ئا ئەمەیە کە دواتر سەرئەکێشێ بۆ سڕینەوەو پێکادان و ناچێتەوە سەر یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان.
لە جیاکاریدا تۆ لەبری ئەوەی لەگەڵ ئەویتردا ئینسانبیت و پێکەوەژیانی لەگەڵ بکەیت، ئەبی بە خواو خوایەتی و قەزاوەتی بەسەرەوە ئەکەیت!
دەی ئەلفوبێ ی خواناسیش هەر ئەوەیە کە خوایەتی لێگەڕێ ی بۆ خواو تەنیا ئینسان بیت.
ئینسانبوونیش هەرئەوەیە کە ئەویتریش بە هاوتای خۆت و کەرەستەی پێکەوەژیان بزانیت، نەک بە خوارخۆت و کەرەستەی سڕینەوە.
(دین شەڕی تۆیە لەگەڵ خۆتدا نەک لەگەڵ ئەودا) مەیدانی جەنگەکە ناوەوەی خۆت و پاککردنەوەیەتی لە شەڕەنگێزی، نەک دەرەوەو شەڕی هەیمەنەو پاکتاوی ئەوانیتر.
(ان اکرمکم عند اللە اتقاکم) ئەو تەقوایەش ئەو شەڕەیە کە لەگەڵ خۆتدا ئەیکەیت نەک ئەوەی لەگەڵ ئەوانیتردا ئەیکەیت.
ئەو تەقوایە لەو نوێژو ڕۆژووەدا نیە کە بەوانیتری ئەفرۆشیتەوەو ڕق و جیاکاری پێ دروست ئەکەیت و ئەیکەیتە بەرزی و فەزیلەت بۆ خۆت و نزمی ڕەزیلەت بۆ ئەو..
ئەو تەقوایە لەوەدایە کە ئەو شتانە هەڵگری بۆ خۆت و حوکمدان لەسەر (ئەو) لێگەڕێ ی بۆ خودا. بەمەش نێوانی تۆو ئەو تەنیا هاوتایی و خۆشەویستی تیا ئەمێنێتەوەو ئیتر پێکەوە ئەشتوانن (زەوی ئاوەدان بکەنەوە) لەکاتێکا لە ڕق و جیاکاریدا بەرئەبنە یەک و بە هەردوکتان کاولیئەکەن.
ڕق و جیاکاری لە دینی جەماعەتدایەو خۆشەویستی و پێکەوەژیان لە دینی فەردایە.
دینی جەماعەت پێویستی بە تۆخکردنەوەی ڕووکەشە بۆ خۆ جیاکردنەوە لەوانیتر.
لە دینی فەردا ڕووکەش و جیاوازیی و تایبەتمەندییەکان هەڵئەگرێ بۆ خۆت و مەساحەی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەوانیتر تۆخئەکەیتەوە.
خوا فیتنەچی نیە، ناکرێ منو تۆ ئاشوبێک لەنێوانماندابێ و سەرچاوەکەی بەرینەوە بۆ لای خودا!
خوا شەڕەنگێز نیە، ناکرێ منو تۆ شەرعیەتی شەڕەکانمان لە خوداوە بهێنین.
خودا ڕقاوی نیە، ناکرێ ڕقی ئێمە لە یەکتر، لەخواوەبێ و بۆ خوابێت.
خوا بێدەسەڵات نیە، تا شەڕی بۆبکەین و دەسەڵاتی بۆدامەزرێنین و ئەنسارو قەرەباڵغی بۆ کۆکەینەوە..
ئەگەر ئەم تێڕوانینە نزمانەت بۆ خودا هەیە، لە من گەڕێ، بڕۆ تێڕوانینەکەی خۆت بەرزبکەرەوە.
ئەگەر ئەم شتانە لە دەقەوە ئەهێنیت، لەو خەڵکە گەڕێ، بڕۆ تێگەیشتنی خۆت بۆ دەقەکان دەسکاری بکە.
جا بۆئەوەی ڕەمەزانەکەت هی خۆشەویستی و پێکەوەژیانبێ و هی ڕق و جیاکاری نەبێت، هەوڵبدە چیتر (ڕۆژوگرو ڕۆژونەگر، مەتعەمی کراوەو داخراو، نوێژکەرو نوێژنەکەر.. وەکو یەک ببینی)
ئەو جیاکارییە سادانە وازلێبێنە، ئیتر تۆ گەیشتوویت بەوەی کە ڕۆژووەکەت بۆ خۆت و خوابێ و لەبری ڕق و شەڕێک لەگەڵ ئەوانیتر، گەیشتوویت بە ئاشتی و ئارامی ڕۆحی خۆت.
ئینجا ڕەمەزانێکی پڕخۆشی و خۆشەویستی بۆ هەمووان[1].