- کێشەی حیجاب وەکیەکلێکردنە، وەکیەکلێکردنیش کردەیەکی سیاسییە نەک دینی، شتێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و هەیمەنە نەک بۆ دڵ و دەروون و ئیمان، خودا وەکیەکیی بویستایە گوڵەکان دنیایەک جۆرو ڕەنگیان نەئەبوو.
سەیرکە بزانە چی وەکیەکلێکردنەو چی خۆبوونە، ئیتر ئەشزانیت چی دینەو چیش کراوە بە دین!
مەسەلەن نوێژ دینە، بەڵام نوێژی جەماعەت سیاسەتە.
بەرماڵەکەی ماڵەوەت دینە، بەڵام پەرستگا سیاسەتە.
بیرکردنەوەی تۆ دینە، بەڵام دەنگەدەنگی کاهین سیاسەتە..
- کێشەی حیجاب داپۆشینە، داپۆشینیش دیوەکەی تری ڕووتکردنەوەیە، چونکە چەقی هەردوکیان جەستەیە!
ئیسلامی داتپۆشێ یان سەرمایەداری ڕووتتکاتەوە، هەردوکی یەک شتە، هەر بەکاڵاکردن و بەجەستەکردنی ژنە. ئەمیان کاسپییەکەی وایە کاڵاکەی ڕووتکاتەوە، ئەویان کاسپییەکەی وایە کاڵاکەی داپۆشێ، کاڵاکەش لەهەردوکیاندا، مرۆڤێکە کە لە جەستەیدا کورتکراوەتەوە.
- ژن ئەبێ ئازادبێ لە کۆتی جەستە، پیاو ئەبێ ئازادبێ لە کۆتی جەستە، حیجاب و ڕووتکردنەوەش دیلکردنی ژن و پیاون لە جەستەی ژندا!
جلی ڕاستەقینەی ژن، ئازادی پۆشینە لەنێوان (ڕووتبوونەوەو داپۆشین)دا. ئەودووانەش هیچیان سەربە ئازادی نین! چونکە ئازادی ژن ئازادبوونییەتی لە جەستەبوون، لەو دووانەشدا ژن تەنیا جەستەیە.
- ئیمانداری ئەوەنیە کە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەرا قسەتکرد، سەیری عەرزەکە بکەیت، ئیمانداری ئەوەیە کە سەیری بەرامبەربکەیت و وەکو مرۆڤ بیبینیت، نەک تەنیا وەکو جەستە.
ئەگەر دنیا تاقیکردنەوەبێت، تۆ لەو سەرشۆڕکردنەیا لە تاقیکردەوەکەدا دەرنەچوویت، چونکە تۆ چاوت لە پۆرنۆبوون پاراستووە، بەڵام عەقڵت لەپۆرنۆبوون ڕزگارنەکردوەو خودی ئەو چاوشاردنەوەیەش نیشانەی ئەو ڕزگارنەبوونەیە!!
ئەو سەرداخستنەت نە ڕێزە نە شەرم و حەیا.. بەڵکو تەنیا دیلبوونتە لە گرێ ی جەستەو غەریزەدا، تەنیا مانەوەتە لە بەشە نزمە ئاژەڵیەکەی خۆتداو هەڵنەکشانتە بۆ بەشە مرۆییە باڵاکەت، کە خواناسی و ئیمانداریش ئەکەوێتە ئەم بەشەوە! یەعنی تۆ داکشێ ی بۆ لای گونت، لەوێدا ناتوانی هەڵکشێ ی بۆ لای خودا.
فەن و داهێنانەکانیش سەربەو بەشە باڵایەن و تۆش لەو نزماییەدا دەستت بەو شتانە ناگا بۆیە مۆسیقا حەرام ئەکەیت!
جەوهەری دین تەعەقول و تەفەکورو ئازادکردنی عەقڵە نەک بەندکردنی جەستە.
- جارێکیان برادەرێک وتی: (من لەم ئەوروپایە ئەو هەموو سفورە ناموروژێنێ، کەچی کە موحاجەبەیەک ئەبینم ئەوروژێم!) منیش وتم
ئاخر کچە سفورەکە کە بەوپەڕی متمانەوە بە بەردەمتا دێ و دەچێ، وەکئەوەیە پێتبڵێ (من مرۆڤم جەستەنیم)، ئیتر تۆش لەگەڵیا بەرزبیتەوە بۆ عەقڵی بانجەستەو بۆ مرۆڤبوونە باڵاکەی خۆت. بەڵام موحاجەبەکە کە سەری دائەخاو بەپێچراوەیی بەردەمتا ئەڕوا، وەکئەوەیە پێت بڵێ من هێشتا جەستەم، ئیتر تۆش لەگەڵیا ئەچیتەوە سەر عەقڵی نزمی جەستە.
- لەڕاستیدا سەرمایەداری و دینی ڕووکەش، هەردوکیان خەریکی یەک کارن، کە (بەپۆرنۆکردنی عەقڵی ئێمەیە)!
هەردوکیان عەقڵی ئێمە ئەوەستێنن لە جەستەدا، ئەمیان بە ڕووتکردنەوەو ئەویان بە داپۆشین!
هەردوکیان هەمان تلیاکمان ئەدەنێ و هەمان عوقدەمان بۆ دروستئەکەن و لە هەمان خاڵدا ئەمانچەقێنن!
سەیرکە سەرمایەداری سایتە سێکسییەکانت بۆ دروستئەکاو جیهانی ئیسلامییش پڕبینەرترینن! یەعنی چەپاندن و داپۆشین و جیاکردنەوەو ئەم شتانە، نەک گرێ ی جەستەی نەکردۆتەوە، بەڵکو ڕێک خودی گرێکەیەو توندتریشی کردۆتەوە.
- (جەستە) جیایەو (گرێ ی جەستە) جیایە، جەستەو غەریزەو سێکس.. بەشێکی گرنگی سروشت و بوونی ئێمەیە، بەڵام گرێ ی جەستە بەشێکە لە نەبوونی عەقڵمان، لەکاتێکا عەقڵ و بیرکردنەوەش نیوەکەی تری سروشت و بوونمانە!
لەناو گرێ ی جەستەدا ئێمە هەین، بەڵام بەنیوەی بوونمانەوە! لە ئازادیی عەقڵدا، ئێمە هەین بە تەواوی وجودمانەوە.
(ولقد کرمنا بنی ادم) تۆش بە هەموو بوونتەوە بەنی ئادەمە ڕێزلێگیراوەکەیت، نەک بەنیوەی بوونتەوە!
(لقد خلقنا الانسان فی احسن تقویم) تۆش بە هەموو بوونتەوە مەخلوقێکی لەباشترین فۆڕمدا، نەک بە نیوەتەوە.
- کردنەوەی گرێ ی جەستە، بە لابردنی حیجابی عەقڵ ئەکرێ نەک بە دانانی حیجابی جەستە.
لابردنی حیجابی عەقڵیش ناکاتە ڕووتککردنەوەی جەستە، چونکە ئەوەش هەر مانەوەیە لە فەلەکی جەستەدا.
لابردنی حیجابی عەقڵ، یەعنی تێپەڕاندنی جەستەسالاری و هەڵکشان بۆ عەقڵسالاری.
عەقڵسالاریش مەحفکردنەوەی جەستەنیە، بەڵکو هێنانەوەی جەستەیە بۆ مرۆڤ و لێسەندنەوەیەتی لە دین و بازاڕو کۆمەلگاو ئایدۆلۆژیا[1].