دنیا هەر ئەو ڕەنگاوڕەنگییەیە کە پێویستە لە پێکەوەژیاندا کۆیبکەینەوە. کاهینیش هەر ئەو دەعبایەیە کە نایەڵێ ئەمە ڕووبدا، چونکە هەمیشە دنیات بۆ ئەکات بە دوو لەتی ڕەش و سپی!
ئیشی کاهین هەر ئەوەیە ڕقی تۆ ئەستوربکات بەرامبەر شتێک، ئیشی کاهین هەر ئەوەیە کە ئەوێکی شەیتان بۆ تۆ دروست بکات.
ئەگەرچی دنیا هەمووی ئەگەرو ڕێگایەو هەمووشی لەبەردەم تۆدا کراوەیە، بەڵام ئیشی کاهین ئەوەیە کە بتخاتە بەردەم دووڕیانێک، دووڕیانەکەش هەر بەناو دوو ئەگەرە، چونکە کاتێ کاهین یەکێکیان ڕەش و نابووت و یەکێکیان سپی و پیرۆز ئەکات، ئیتر تۆ لەبەردەم یەک ئەگەری ناچارییدایت.
دینی کەهەنە ئامرازی فووتێکردنی شەیتانە، لەم دینەدا شەیتان هاوتای خودایە، ئەسڵەن گەورەتریشە، چونکە خواو پێغەمبەرو مەلائیکەت و هەرچی شێخ و مەشایخە هەموو لەلایەکن و شەیتان بە تەنیا خۆی لە لاکەی ترە!
ئەدەبیاتی دینی کەهەنە، لە پشتی بانگەشەی تاک خواییەوە، ڕاگەیاندنی شەڕی نێوان دوو خودایە، خوایەکی باش کە ناوی ئەڵڵایەو خوایەکی خراپ کە ناوی شەیتانە، ئەوەش کە تێکدانی مەبدەئی تەوحیدە!
کاهین قەت دنیا وا وێنا ناکا کە شوێنی خۆشەویستی بێت، چونکە لە پێکەوەژیانی منو تۆدا، ئیتر ئەو پێویست نیەو وجودی ئەکەوێتە مەترسییەوە!
کاهین دنیا وا وێنا ئەکات کە شوێنی ڕق و حەلەبەی شەڕی نێوان خێرو شەڕو کوفرو ئیمانە.. چونکە موستەفیدی یەکەمی ئەو شەڕە ئەوەو بوون و وجودی تیا بەدەست دێنێ.
نێوانی تۆو خودا تەنیا خۆشەویستی ئەوێ، هیچی ترو کەسی ناوێ، بەڵام شەڕو شۆڕو سوڵتەو بەرژەوەندی و جیاکاری دینی و تائفی.. ئەمانە هەزارو یەک کاهینی گەرەکە بۆ ئەوەی بەرامبەرت بۆ بکا بە شەیتان و شەرعیەتت بۆ بدا بە شەڕ.
نێوانی تۆو خودا ئازادییە، چونکە عاشق و مەعشوق حەزئەکەن لە هەموو شتێک ئازادبن جگە لە عیشقی یەکتری! کاهینیش ئەتخاتە سەر خەتی ڕق، بۆ ئەوەی ئەو ئازادییە ڕوونەدا، ئاخر سیستەمی کەهانەت لەسەر دوو قاچ وەستاوە (دیلێتی و گرگنی) تۆ، لە ئازادی و باڵایی تۆدا ئیتر کەهانەت ئەکەوێ. جا بۆ ئەوەی ئازاد نەبیت و هەر دیل و گرگن بیت، ئەونە بەسە کە گیرۆدەی ڕقێک بیت.
تەنانەت پێویست نیە ڕقت لە ستەمکارییش بێت، تۆ ئەو کاتەی ڕووبەڕووی ستەمکاریی ئەبیتەوە، ئەتوانی عاشقی عەدالەت و ئازادیی بیت، یەعنی لەبری ئەوەی لە شوێنێکی نزمەوە دژایەتی ستەمکاریی بکەیت کە ڕقە، ئەتوانی لە شوێنێکی بەرزەوە هەمان شت بکەیت کە عیشقە.
سەیرکە ئەوانەی ئێرانیان قاندا بە ڕقی شا، خومەینییان خستە شوێنی، بەڵام ئەوانەی پڕبوون لە عیشقی ئازادی، دیکتاتۆریەتی کەنیسەو پاشاکانیان لابردو نمونە جوانەکانی دیموکراسییان بەرپا کرد.
کاهین کە خۆی ئەکا بە ڕایەڵەی نێوان تۆو خودا، دووجار درۆئەکا، جارێک کە ئەو نێوانە ڕایەڵەی ناوێ، جارێکیش کە ئەو ڕایەڵەی نێوان تۆو سوڵتە یان تۆو ئەجندایەکی سیاسیی، یان تۆو عەقڵی جەمعە.. نەک ڕایەڵەی نێوان تۆو خودا.
بەڵام تۆ هەست بەو درۆیە ناکەیت، تاکو لەباری ئاسۆییدا ڕایەڵەی خۆشەویستی و پێکەوەژیان نەخەیتە شوێن ڕایەڵەی ڕق و دنیای ڕەشوسپی!
بەڵام تۆ لەوە تێناگەیت تاکو لەباری ستونییدا، هەموو وەسیتەکانی نێوان خۆت و خودا لانەبیت تەنانەت ئەگەر خوداش بێت!
ئاخر کاهین خودایەکت بۆ دائەتاشێ، تا ئەو خوایە نەشکێنیت خوا ناناسیت.
ئاخر کاهین محەمەدێکت بۆ قوتئەکاتەوە، تا ئەو محەمەدە نەکوژیت نازانی محەمەد کێیە.
ئاخر کاهین تێگەیشتنێکت بۆ ئەچنێ، تا ئەو تێگەیشتنە هەڵنەوەشێنیتەوە تێناگەیت[1]!