لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە پارتە سیاسییەکانی کوردستان وانە له و گاڵتەجارییەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق وەربگرن و هەوڵی ڕێکخستن و نووسینەوەی ئەجێندایەکی بەهێز بۆ حکوومەتی هەرێم بدەن. بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە کابینەکانی پێشووی حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی پارتە سیاسییەکان بەدوای وەزارەت و وەزیر دا دەگەڕێن و شەڕی دانانی شەخسەکان دەکەن و کەس بە ڕستەیەکیش باسی ئەجێندای حکوومەت ناکات. دانانی ئەجێندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕۆنان و داڕشتنی نەخشەڕێیەک بۆ بەڕێوەبردن و جێبەجێ کردن. حکوومەت ئەگەر ئەجێندایەکی ڕوونی هەبێت، دەتوانرێت لەسەر بنەمای ئه و ئەجێندایەش چاودێری و هەڵسەنگاندن و ئەگەر پێویستیش بکرێت لێپێچینەوەی لێ بکرێت. زۆربەی حکوومەتەکانی پێشووی هەولێر و بەغدا نەخشەڕێ و ئەجێندایەکی تۆکمەیان نەبووە ئەوەش بەهۆی ململانێی شەخسی و حزبە سیاسییەکانەوە، بۆیە ئێستا دەرفەتە بۆ پارتە سیاسییەکانی هەرێم تۆزێک بە خۆیاندا وەرنەوە و دەرسێک لە حکوومەتە نوێیەکەی عێراق وەربگرن.
هەبوون و ڕۆنانی ئەجێندایەکی ڕوون درەفەتێکی لەبار بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکوومەت دەرەخسێنێت و هەروەها ئەوەش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێت کە حکوومەتی هەرێم جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەوەی بەغداد هەیە. بەڕای من ئەگەر پارتەکانی هەرێم دەیانەوێت لاسایی ئه و حکوومەتە بکەنەوە کە لە بەغداد پێکهاتووە و هەڵگری نەخشەڕێیەکی ڕوون نییە و پڕە لە پاشەقولگرتن و ململانێی حزبی و شەخسی و مەزهەبی، باشتر وایە کە نەیکەن. ئێستا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ئێمە بە گەلی خۆمان و وڵاتانی دیکە بڵێن ئەوە ڕووئیای ئێمەیە و ئەوە ئامانج و ستراتیژیی و هەروەها پلانی جێبەجێکردمانە. ئەوەش میکانیزمی چاودێری و هەڵسەنگاندنمانە. ئەوەی ئێمە لە حکوومەتی بەغدا جیادەکاتەوە ناوەرۆکی ئەجێندا و پلانەکانمانە. ئێمە ناکرێت هەر چاوەڕوانی هاتنی پۆمپیۆ و مەکگۆرک و...هتد بکەین بۆ ئەوەی بێن و پێمانبڵێن وەها بکەن و وەها مەکەن. یان بەهیوای ئەوە بین کە کۆلکە سیاسی، نووسەر، چاودێر یان ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژئاوایی ڕاپۆرتێکی ئەرێنیمان لەسەر بنووسێت. بۆیە ئێستا دەرفەتە و پێویستە ئه و پارتانەی کە بە جیدی خەمی داهاتووی کوردستان هەڵدەگرن وەرنە سەر خەت و لە نووسینەوەی ئەجیندایەکی تۆکمەدا یارمەتی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بدەن. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئێمە بە جاڕی کۆنی حزب حزبێنەدا نەچینەوە و هەنگاوێک بەرەوپێش بچین.
لەسەر ئه و بنەمایەش من لێرەوە پێشنیازی چەند خاڵی گرنگ دەکەم کە پێویستە حکوومەتی داهاتووی هەرێم گرنگییان پێبدات و بیانخاتە ناو ئەجێنداکەیەوە:
یەکەم، دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەرێگەی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە: بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق، درێژەپێدان بە سیاسەتی نەوتی هەرێم، داڕشتنی بناغەیەک بۆ بەرهەمهێنان و ساغکردنەوەی بەرهەمە نانەوتییەکان، بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.
دووەم، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان لەرێگەی گرنگیدان بە ڕێگەوبان و بەنداوەکان
سێەم، وەگەڕخستنی ڕیفۆرم لە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەیان (ئەنجومەنی ئاسایش، وەزارەتی پێشمەرگە...هتد) و بەستنەوەیان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بۆ نموونە، بەشێکی زۆری ئه و هێزانە بودجە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن، بەڵام کەمترین گوێڕایەڵییان بۆ حکوومەت هەیە و فەرمانی تاکی حزبەکانیان جێبەجێ دەکەن.
چوارەم، یەکلاییکردنەوەی نوێنەرایەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. وەک دەزانن لەم ناوچانەدا پارتە کوردستانییەکان نوێنەرایەتی کوردستانییەکان دەکەن، بەجێی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی هاووڵاتیان بکات و بچێتە ناو هەر ڕێککەوتنێکەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق سەبارەت به و ناوچانە. پێویستە حکوومەتی هەرێم تاکە نوێنەری ئه و ناوچانە بێت لە ئەگەری هەر جۆرە دانووستاندنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا. من نازانم دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کاری چییە و بۆچی دامەزراوە؟ ئەی ئەگەر بۆ ئەرکێکی دیاریکراو دامەزراوە بۆچی تائێستاش حزبەکان ئه و ڕۆڵە دەبینن؟ ئەزموونی کەرکووک و 16ی ئۆکتۆبەر ئەوەمان پێدەڵێت کە حزبەکان لە کەرکووک ڕێگرن لەوەی حکوومەتی هەرێم ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە چارەسەری و نوێنەرایەتیکردنی کوردستانیانی ئەوە دەڤەرانەدا ببینێت. خاڵێکی دیکەیش ئەوەیە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان له و ناوچانە کار بۆ بردنەوەی متمانەی کەمە نەتەوە-ئایینییەکانی ئه و ناوچانە بکات لەرێگەی گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و بەستنەوەی ئابوورییان بە هەرێمەوە.
پێنچەم، پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەرێگەی هەماهەنگییەکی تەندروست لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق. هەروەها پێویستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بە میکانیزمێکی پرۆفێشناڵانە و گشتگیر بەڕێوەبچێت، بەشێوەیەک کە بتوانێت سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوە جێبەجێ بکات و نوێنەرەکانیشی نوێنەری حکوومەتی هەرێم بن، نەک نوێنەری پارتە سیاسییەکان.
شەشەم، گرنگیدان بە سەرەوەی یاسا و بەدامەزراوەییەکردنی دامەودەزگاکانی دەوڵەت.
حەوتەم، گرنگیدان بە ژێرخانی فیکری کۆمەڵگە لەرێگەی پەروەرده و ڕۆشنبیرییەوە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە دووپات بکەمەوە، ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی لە حکوومەتی بەغدا جیا دەکاتەوە ئەوە دەبێت کە گرنگییەکی تایبەت بە ئەجێندای حکوومەت بدەن، نەک شەڕ لەسەر پۆستە وەزارییەکان و هەروەها هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە یەکتر و شکاندنی حکوومەت بدەن.
پسپۆڕی یاسای دەستووری[1].