ژن: دەکرێت بە ڕێکخراوی ڕێبازفاوندەیشن و پڕۆژەکانی ئاشنامان بکەیت؟
لاڤە فاروق جەمیل: ڕێکخراوی ڕێبازفاوندەیشن، ڕێکخراوێکی ناحکومی- سەربەخۆی- خێرخوازییە. کار بۆ گەشەپێدانی بواری تەندرووستی و پەروەردەیی و لایەنە مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەکات. ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکانمان، پەرەپێدانی کۆمەڵگەی کوردیە، بەتایبەتیی گەنجان، لە ڕێگەی: یەکەم، هۆشیارکردنەوە و دەرخستن و پەرەپێدانی توانا سرووشتییەکان. دووەم: خوڵقاندنی هەلی خوێندن و هاوکاریکردنیان بۆ گەیشتن بەخوێندنێکی هاوچەرخ.
ژن: ئایا ڕێباز فاوندەیشن لە ئێستادا خەریکی چ پڕۆژەیەکە، دەکرێت باسی وردەکاری ئەو پڕۆژەیەمان بۆ بکەیت؟
لاڤە فاروق جەمیل: ڕێکخراوی ڕێبازفاوندەیشن، بە هاوکاری نەخۆشخانەی تایبەتیی (پار)، ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەر کەمپینی (بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک) ڕادەگەیەنێت. ئامانج لەو کەمپین و پڕۆژەیە، هۆشیارکردنەوەی زۆرینەی خەڵکە لەبارەی ئەو نەخۆشییە، گرنگی پشکنینی خۆیی بەشێوەیەکی بەردەوام، هەروەها دەستنیشانکردنی پێشوەختە و ڕێگاکانی خۆپاراستن لەو نەخۆشییە.
کەمپینەکە بریتییە لە چەند قۆناغێک:
یەکەم قۆناغ، هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە ڕێی دابەشکردنی نامیلکە دەربارەی ئەو نەخۆشییە، کە تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار نامیلکە دابەشکراوە.
دووەم قۆناغ، پێشکەشکردنی چەندین سیمینار لە چەند شوێنێکی جیاواز، لەلایەن پسپۆڕی تایبەت بەو نەخۆشییە.
قۆناغی سێیەم، درووستکردنی تیمی پزیشکیی گەڕۆک، بۆ پشکنینی هەر کەسێک کە ئارەزووی بێ، پشکنینی بۆ بکرێت. لە دواییدا هەر نەخۆشێک پێویستی بەپشکنینی زیاتر بێت، ئەوا بۆ بینینی (ultrasound) ڕەوانەی نەخۆشخانەی (پار) دەکرێت. لەوێدا بەبێ بەرانبەر (تاقیگەوMRI و مامۆگرافی) بۆ دەکرێت و ئەمساڵ بە هاوکاری ڕێکخراوی MSA-Kurdistan ئەنجام دەدرێت، کە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت. جێگای ئاماژەیە ئەو کەمپینە لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا زیاتر لە 25000 ئافرەت سوودمەندبوونە.
ژن: ئایا لەگەڵ پڕۆژەی کەمپینی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک، ڕێبازفاوندەیش چ پڕۆژەیەکی تری لە ئێستادا لەبەرنامەیدایە؟
لاڤە فاروق جەمیل: لە هەمان مانگدا ڕێکخراوی ڕێبازفاوندەیشن پڕۆژەیەکی بۆ بەندکراوانی چاکسازی گەورانی سلێمانی هەیە. پڕۆژەکە بەناوی (پەرتووک باشترین هاوڕێی مرۆڤە). پڕۆژەکە بریتییە لە پێشبڕکێیەکی خوێندنەوەی پەرتووک بۆ بەندکراوان. بەشداربووان ژمارەیەک پەرتووکی پەروەردەییان پێ دەبەخشرێ، لە دوای خوێندنەوەی ئەو پەرتووکانە باشترین خوێنەران خەڵات دەکرێن.
ژن:لە ماوەی تەمەنی ڕێبازفاوندەیشن، دەکرێت باسی ژمارە و چۆنێتی پڕۆژەکانی پێشووترمان بۆ بکەیت؟
لاڤە فاروق جەمیل: ڕێکخراوی ڕێبازفاوندەیشن، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لە ساڵی 2007 تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 500 پڕۆژەی جۆراوجۆری لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجامداوە. پڕۆژەکان بەگشتی بریتین لە:
پڕۆژە تەندرووستییەکان: کردنەوەی بنکەی تەندرووستی، دابینکردنی پێداویستی پزیشکی، بۆ چەند مەڵبەندێک، ساڵانە چەندین پڕۆژەی هۆشیاری تەندرووستی، بەشێوەی پێشکەشکردنی ۆرک شۆپ، سیمینار، دیزاینکردن و دابەشکردنی نامیلکە و برۆشور لەسەر نەخۆشییەکانی (شەکرە، شێرپەنجەی مەمک، نەخۆشیی ئایدز، نەخۆشیی سۆفان، بەکارهێنانی بەهەڵەی ماددە هۆشبەرەکان…هتد).
پڕۆژەی پەروەردەیی: سپۆنسەرێکردنی خوێندکاران لە کۆلێژ و خوێندنی باڵا، دابینکردنی پێداویستی قوتابخانە، هەروەها کردنەوەی چەندین خولی گەشەپێدانی مامۆستا و ڕێگاکانی وانەوتنەوەی هاوچەرخ و کارامەییەکانی ژیان… هتد.
پڕۆژە مرۆییەکان: کردنەوەی چەندین خول، بۆ پەرەپێدانی تواناکان، کردنەوەی خول بۆ پەرەپێدانی بەهرەی منداڵان، کردنەوەی خولی جیاواز بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەرو فۆتۆگرافی و دوورمان و ڕاگەیاندن و… هتد.
ژن: لە پڕۆگرامی ڕێبازفاوندەیشندایە، کە دەرفەتی کاری خۆبەخشی، لەکەمپین و پڕۆژەکانیدا بڕەخسێنێت؟
لاڤە فاروق جەمیل: بەڵێ هەمانە، لەسەر وێبسایتی ڕێبازفاوندەیشن، ئەوەی بیەوێت دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات.
ژن: ڕێبازفاوندەیشن، ڕووبەری زیاتری بەکام چین و توێژداوە، کەلەنێو پڕۆژەکاندا زیاتر ڕەنگ بداتەوە؟
لاڤە فاروق جەمیل: لەکار و چالاکییەکانیدا، گرنگی بە هەموو چین وتوێژەکان داوە، بەڵام گرنگی زۆرو زیاتری بەگەنجان داوە. چونکە گەنجان ڕۆڵێکی گرنگیان لەدرووستکردنی کۆمەڵگەیەکی درووست و پێشکەوتوو هەیە، کە بێگومان گەنجان ڕۆڵی گرنگیان دەبێت، لەو گۆڕانکارییانەی کە دەیانەوێت لە کۆمەڵگەدا بیکەن.
زۆربەی ئەو پڕۆژانەی کە گەنجان سوودمەند بوون، بەگوێرەی داواکاری خۆیان، ڕایان لە دیاریکردنی جۆری پڕۆژەکە وەرگیراوە. ئێمە تەواو بڕوامان بەوە هەیە، کە گەنجان خۆیان لە دیاریکردن و چۆنێتی دانانی پلان و چارەسەرکردن تێ دەگەن. ئەوە جێگای شانازیە، گەنجی کورد زۆر زیرەک و هۆشیارەو هەڵگرو هەست بەبەرپرسیارییەتی دەکات. باشترین بەڵگە ئەوەیە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەو هەموو ناخۆشیانە (شەڕی داعش، قەیرانی ئابووری، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، نەبوونی مووچە.. هتد). بەڵام بینیمان ئەو هەموو بەرەنگاربوونەوانە و خۆبەخشی گەنجان بۆ بەرگری لەخاک، بەردەوامی کارکردنیان بەبێ مووچە و بەبێ بەرانبەر، بۆیە ئێمە وکو ڕێبازفاوندەیشن، تەواوی باوەڕمان بە تواناکانی گەنجی خۆمان هەیە، هەموو کاتێک کارمان لەسەر پەرەپێدانی تواناکانیان کردووە و یارمەتیمان داون، بۆ نموونە هەر وەک هەموو ساڵێک ڕێبازفاوندەیشن، چەندین پەرتووک بۆ کەسانی خاوەن بەهرەو توانا چاپ دەکات، هەر وەکوو لە ئێستادا پڕۆژەیەکمان لەبەردەستە، کە چاپکردنی پەرتووکێکی مەنهەجیە بۆ زانکۆکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەروەها ساڵانە چەندین خولی فێربوون و پەرەپێدانی تواناکان، دەکاتەوە.
ژن: بۆچی ئێوە دەتانەوێت، ژن پێگەیەکی گرنگی لەنێو پڕۆژەکاندا هەبێت؟
لاڤە فاروق جەمیل: کە باس لەپرسی ژن دەکرێت، زۆرجار باس لەبەربەستەکان و نیگەتیڤیانە باس دەکرێت، من لێرەوە دەڵێم، ژنانی کورد، ڕێگایەکی دوورودرێژیان لەبەربەست و دابوونەریت و شورەیی کۆمەڵگە بڕیوە. تاکوو پێداگری لە مافەکانی خۆی و گەیشتن بەئامانجەکانی بکات. ژنانی کورد سەلماندیان کە لە هەموو بوارێکدا پێشەنگن، نەوەک هەر لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهان.
بەخۆشحاڵیەوە ژنانی کورد، تاڕادەیەک ئازادن لەبڕیاردان و زۆرجار ڕێز لە بڕیارەکانیان دەگیرێت و لەنێو کۆمەڵگەوە هان دەدرێن، وەکوو دەنگدان بەکاندیدە ژنەکان، زۆرم بڕوا بە وتەکەی غاندیە کە دەڵێت: کە تۆ ئافرەتێکت فێرکرد، کەواتە کۆمەڵگەیەکت فێرکرد.
متمانەیەکی زۆرم بە ژنی کورد هەیە، زۆربەی ئەو پڕۆژانەی کە بۆ ژنان ئەنجامی دەدەین، ئامانجی سەرەکیم (educate)ە وشیارکردنەوە، تا زیاتر پەرە بەتواناکانیان بدرێت.
ئێمە لە ڕێکخراوی ڕێبازفاوندەیشن، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 60 پڕۆژەمان ئەنجامداوە، کە تێیدا ژن بەراستەوخۆ سوودمەند بووە، چەندین پڕۆژەی تر کە بەناڕاستەوخۆیی ژنان کەڵک مەندبوون. پڕۆژەکان بریتین لە (خولی هۆشیاری، کردنەوەی خولی فێربوونی زمان، خولی فێربوونی کۆمپیوتەر، خولی فێربوونی دوورمان …هتد).
چەندین پڕۆژەی درێژخایەن، وەکوو پێگەیاندنی ئافرەتی سەرکردە بۆ کارمەندانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، مەبەست لەو پڕۆژەیە، درووستکردن و گەشەپێدانی ژنانی سەرکردە و هاندانی بەشداری ژن لە چالاکییەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی ژنانی سەرکردە و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی ژنان لە بواری سەرکردایەتی و بەشداری پێکردنیان.
هەروەها کردنەوەی خولی درێژخایەن، بۆ ژنانی چاکسازی هەولێر، کە ئامانجی پڕۆژەکە، تێگەیشتن و گرنگیدانە بەلایەنی دەروونی و هەوڵدان بۆ هاتنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە بەشێوەیەکی درووست. ئەگەرچی ئێستا بۆ چەند مانگێک ڕامان گرتووە، بە مەبەستی فراوانکردنی پڕۆژەیەک، کەوا لایەنی یاسایی و لایەنی تەندرووستی، بۆ زیاد بکەین.
ژن: ئێوە خاوەنی بیرۆکەو ئەنجامدانی کەمپینی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمکن، ئاخۆ دەکرێت ئەو بەربەستانەی کەدێنەبەر پڕۆژەکان، کەم تا زۆر ئاماژەی پێ بکەن؟
لاڤە فاروق جەمیل: ڕاستە لە ساڵی 2014 ەوە بیرۆکەی کەمپینی (بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک) درووست بوو. بە پاڵپشتی چەند کەسانێک توانیمان ئەو بیرۆکەیە جێبەجێبکەین و بێنینەدی، یەکێک لەوانە د.عەتیە، کە زۆر بەپەرۆشەوە سەرپەرشتی پڕۆژەکەی کردووە و هەروەها لەگەڵ چەند دکتۆرێکی دیکە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکوو 4ی ئیوارە، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ کارمان کرد، پشکنینی 722 ژن، بە دڵنیایی بە سپۆنسەری نەخۆشخانەی تایبەتیی (پار) بووە، توانیمان هەموو پشکنین و تاقیگەو MRI و مامۆگرافی، بۆ نەخۆشەکان بەخۆرایی بکەین، کە هەموو سالێک بەم شێوەیە بووە.
ئامانج لە کەمپینەکە، زۆرترین کەس هۆشیار بکرێنەوەو زیاتر خەڵک کەڵک لە ئۆفەرە بێ بەرانبەرەکان وەربگرێت، لە هەموو گرنگتر لەلایەن کەسانی پسپۆڕ توێژینەوە لەسەر ئەو نەخۆشییە بکرێت، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا کەس ئامادە نییە ئەوە بکات، لەگەڵ ئەوەی ئێمە داتایەکی یەک بەیەکی بەشداربووانمان لە لایە، کە ئامادەن بە هەموو جۆرێک یارمەتیی ئە کەسانە بدەن. هەروەها لە ساڵی 2016، 2017، 2018 بەسەرپەرشتی دکتۆرە چنار سنجاوی، ئەو کەمپینە ئەنجامدراوەو لێرەوە دەمەوێ زۆر سوپاسی کارمەندانی ڕێبازفاوندەیشن بکەم، کەبەڕاستی ماندوو دەبن و زۆر بە دڵ خزمەتی ئەو پڕۆژەیە دەکەن. بەدڵنیایییەوە نابێت ڕۆڵی خۆبەخشەکان لەبیر بکرێت، کە بەبێ هیچ بەرانبەرێک، یارمەتیمان دەدەن و خزمەتی کۆمەڵگەکەی خۆیان دەکەن.
ئێمە چونکە کارەکانمان خێرخوازیە و خزمەت بەهاووڵاتییان دەبەخشێت، بەبێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی و نەژادی و ڕەگەزی، هەروەها بەبێ هیچ جیاوازییەک لە ئینتیمای حزبی، جگە دەست خۆشی و هاوکاری کردنمان، هیچ ڕێگرێک نەبووە.
دوایین پڕۆژەمان، ڕێبازفاوندەیشن و لەگەڵ ڕێکخراویMESPO، پڕۆژەی هەمەجۆری ئایینیمان بەئەنجام گەیاند، کە بریتی بوو لەئەنجامدانی پانێلی گەنج و پێکەوە ژیان، پانێڵیستەکانی پڕۆژەکە، گەنجانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بوون، کە پێکهاتبوون لە کورد، کریستیان، (ئاشوری، کلدانی، سریانی)، زەردەشتی، بەهائی، ئێزیدی، کاکەیی. پانێلەکە لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە بەڕێوە دەبرا. کە مەبەستی سەرەکی ئەم پانێلە، ڕەخساندنی دەرفەتێک بوو، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیدو بۆچوونە جیاوازەکان، لەبارەی ئایینن و ئاییننزاکانی هەرێمی کوردستان.
ژن: پڕۆژەی داهاتووی ڕێبازفاوندەیشن؟
لاڤە فاروق جەمیل: مانگی 11ی هەموو ساڵێک، مانگی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شەکرەیە، لەم ساڵدا بەهەماهەنگی نەخۆشخانەی تایبەتیی (پار)و ڕێکخراوی FMSA، ئێمە وەک ڕێکخراوی ڕیبازفاوندەیشن، بەشدار دەبین، بەدابینکردنی پەرتووک لەسەر ئەو نەخۆشییە بۆ منداڵان، ناوەرۆکی پەرتووکەکە زیاتر بە وێنەیە. لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە سەرنجی منداڵان بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە، لە ڕێگای کارتۆن ڕابکێشین. پەرتووکەکە هەموو زانیاریەکی تێدایە، کە لەسەر شەکرە پێویست دەکات بیزانین.
ژن: پەیامێکی دیاریکراوتان هەیە بیگەیەنن؟
لاڤە فاروق جەمیل: هیوادارم ئێمە وەک ڕێکخراوی ڕێبازفاوندەیشن، کە وەک ڕێکخراوێکی کاراو سەردەمیانە، توانیبێتمان خزمەتێکی گەورە بەکۆمەڵگەکەمان بکەین. هەروەها دەست خۆشی لە ستافی ژن مەگەزین دەکەم، بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە، کە ژن مەگەزین وەک ناوەندێکی میدیایی گرفت و ڕێگاچارەسەرییەکان، دەگواستەوە، بەتایبەتیی لەپرسی ژناندا[1].