بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەولێرڕایگەیاندوە، حەمکۆ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێک هەبووە وبەڵێنی هاوسەرگیری پێداوە و دواتر وازیلێهێناوە.
فەرمان محەمەد بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەولێر لە لێدوانێکدا ڕاگەیاندووە، حەمکۆ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێک هەبووە، بە ناوی (ش، م) و بەڵێنی هاوسەرگیری پێداوە و کچەکەش بە هەموو شێوەیەک خۆی تەسلیم کردووە تا پەردەی کچێنی لەدەستداوە وئێستا کچەکە لە ماڵی باوکیەتی و ئێمە بەدواداچوون لەسەر دۆسیەکەی دەکەین، هەروەها حەمکۆش لە بەشی چاکسازی گەورانی هەولێر ڕاگیراوە.
باس لەوەشدەکات، ئەگەر بێتو حەمکۆ ئامادەبێت ئەم کچە بخوازێت و ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ پێکبهێنێت و تا سێ ساڵ بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ پاساوێک لێی جیانەبێتەوە، ئەوە لە ڕووی یاساییەوە کێشەکەی چارەسەر دەبێت و ڕەنگە ئازاد بکرێت، بەڵام تائێستا حەمکۆ ئامادەنییە کە ئەم کچە بخوازێت.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆئاژانس ئاماژەی بەوەشکردووە، حەمکۆ بەپێی ماددەی 395 ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و دۆسیەکەی لە پۆلیسە، بەڵام ئێمە وەکو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چاودێری دۆسیەکە دەکەین و چاودێری ژیانی کچەکەش دەکەین، کە ئێستا لە ماڵی باوکیەتی[1].