فیمینیزمی ڕۆشنگەری و بەرپرسیاریتیێەکان لە قۆناغی داهاتوودا
دوابەدوای ڕێکخستنی دووهەمین کۆنفرانسی دابڕان لەشاری #سلێمانی# و له و ڕووەشەوە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەیەکی نوێی فیمینیزمی لەکوردستان لەژێرناوی فیمینزمی ڕۆشنگەری بزووتنەوەی ژنان بەگشتی و ژنانی فیمینیست بەتایبەتی پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی خەباتکردنەوە بەئاراستەی بەدیهێنانی زیاتری ماف وئامانجە بەدینەهاتووەکان، دەرکەوتنی بزووتنەوەیەکی نوێی ژنان بەناوەرۆک وئایدیایەکی جیاوازتر لەهاوشێوەکانی پێش هەر باس و بابەتێکی کە مایەی خۆشحاڵی وئۆمیدە بۆ ژنان لەکۆمەڵگەیەکدا کە تاکو سەر ئێسقان ژێرکەوتووی بیری تەسکی پیاوسالاری کۆمەڵایەتییە و ژنیش له و ڕووانگەیەوە هەمیشە قوربانی یەکەم و هەمیشەیی بووە ئەوەش لەکاتێکدا بەئاوڕدانەوە بۆ مێژوو و هەروەها بۆقۆناغە جیاوازەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کوردستان ژنی کورد لەهەموو سەردەم وقۆناغە جیاوازەکانداپشکی شێری هەبووە لەخەبات وقوربانی دان ولەسەرجەمی کایە کۆمەڵایەتی وسیاسی وهەروەها فیکرییەکانیشدا ڕۆڵ وجێدەستی دیاری هەبووە، بەڵام بەرامبەر بەهەموو ئەوخەبات وماندووبوونەی کەمترین بەرهەمی چنیوەتەوە ئەوەش لەسایەی دەسەڵاتێکی سیاسی چەق بەستوودا کە ژنی لەقاڵبێکی فیکری دیاریکراودا هێشتۆتەوە ونەیانتوانیوە و هاوکات نەشیویستووە بوێرانە و بەبێرێکی ڕۆشنگەرییانەی سەردەمییانەوە ژن لەچوارچێوەی داخراوەکاندا ئازاد بکات و هەروەها لەسایەی هەموو ئه و ئایدیا توندرەوانەش کەدەقە ئاینییەکانیان وەکو دەروازەیەکی لەبار بۆ کوشتنی توانا ڕوحی ومەعنەوییەکانی ژن قواستۆتەوە.
بەڵَێ، ڕاگەیاندنی هێلێکی نوێی فیمینیزم لەقۆناغی ئێستادا زەروورەتێکی کۆمەلایەتی وسیاسی حەتمییە بۆهەستانەوەی فیکری ژنی کورد بەئاراستەی درک کردنی زیاتر بەمافەکانی، له و ڕووەشەوە بونیاتنانی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی لەبار بۆپێگەیاندنی تاکێکی تەندروست لەرووی فیکرو ئایدیاوە لەئێستاوە بۆ ئایندە و بەپشت بەستن بەپێگەیاندنی زیاتری هێزی بیرو هزری ژن لە بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگە دا.
ئەوەی لەم قۆناغە مێژووییەدا پێویستە جەختی لەسەر بکرێت تەنها یەک ڕاستییە ئەویش ئاخۆ ئەم بزووتنەوە دەکرێت چۆن وبەچ میکانیزمێکی کارکردن خۆی وەکو مینبەرێکی ڕاستەقینە بۆگەیاندنی دەنگ وخواست ونەهامەتییەکانی ژنی کورد بەکۆمەڵگە و بەدەسەڵاتیش بناسێنێت ؟ ئایا فیمینیزمی ڕۆشنگەری فیمینزمی ژنانی نوخبە دەبێت هاوشێوەی زۆرێک لەوانی تر یاخود ماڵێک دەبێت بۆکۆکردنەوەی هەموو ژنانی کوردستان دوور لەئیعتیباراتی پلە وپێگەی کۆمەڵایەتییان.
لەوانەش گرنگتر دیدو کاردانەوەی بزووتنەوە فیمینیستییەکانی تر چۆن دەبێت بەرامبەر بەم چەمکە نۆێیەی فیمینیزم وتاچەند پرۆژەی کاری هاوبەش دەشێت فیمینیزمەکانی کوردستان بەگشتی و بەدەر لەهەمەر ئینتیمایەکی فیکری وسیاسی کۆبکاتەوە لەقۆناغەکانی داهاتوودا بەئاراستەی پێشخستنی زیاتری بیری فیمینیزمی و ڕزگارکردنی فیعلی ژن لەنەهامەتییەکان.
ئەمە ئه و پرسیارانەن کەزۆرترین وستانیان پێویستە، چونکە واقعی ژن لەکۆمەڵگادی کوردیدا تاوەکو ئێستاش واقعیکی سەخته و هەنگاونان بەئاراستەی باشترکردنی ئه و دۆخەش پێش هەموو شتێک پێویستی بەدارشتنی ستراتیژێکی فیکری تەندروستەبەشێوەیەک کەپردی پەیوەندی لەنێوان بزووتنەوەکه و کۆمەڵگە لەلایەک وهەروەها بزووتنەوەکه و خودی ژنانی فیمینیست خۆشیان لەلایەکی ترەوە بکاتەخالێکی جەوهەری بەهێز بۆپێشخستنی زیاتری بیری فیمینیزمی لەکوردستان وهاوکات بزووتنەوەکەش لەقۆناغی وتارو درۆشمەوە بگوازێتەوە بۆقۆناغی ئەرک وبەرپرسیاریێەتی، بەرپرسیارێیەتی ڕۆشنبیرکردنی تاک وکۆمەڵگە بەرامبەر بەماف وئازادی وخواستەکانی ژن کەئەمەش خۆی لەخۆیدا تاکە پێوەری سەرخستنی هەر پرۆژەیەکی فیکرییە کەئامانج لێی بەدەست هێنانی ئایندەیەکی ڕۆشنگەرو پرلەشارستانییەت بێت بۆژنان وهەروەها بۆ نەوەکانی داهاتووش[1].
01-04-2019