لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، د.بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان باس لە کاریگەرییەکانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم دەکات لەدوای دوو ساڵ لەسەر کورد لەبەغداد، هەروەها جەخت دەکاتەوە کاتی خۆی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆچونی شەخسی خۆی هەبوو کەدەنگی دا لەڕیفراندۆم
دەقی وتووێژەکە:
ئێمە پێش ڕیفراندۆم دۆخمان زۆر زۆر باشتربوو هەڵوێستمان بۆ قسەکردن و ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد-دا بەهێزتر بوو وەک لەوەی کە ئێستا هەمانە
لەسەرەتای وتووێژەکەدا د.بەهار مەحمود وتیلەڕاستیدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی یەکێکە لە ئامانجەکانی هەموو کوردێک بەڵام ئامانج جیایە وە ئەوەی لە واقیعدا هەیە جیایە، ئەوەی کە کرا لەهەرێمی کوردستان من پێشتر هەموو ئەنجامەکانیم وەک خۆی پێشبینی کردبوو، چونکە ئامادەکاری بۆ نەکرابوو کات و ئامادەکارییەکەی پێویست نەبوو خۆی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پێویستی بە ژینگەیەکە کە لەڕووی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و هەرێمیەوە ئامادەکاری بکەیت ئنجا دەست پێبکەیت، جگەلەوەی کەدەبێت لەناوخۆدا لەڕێگای دامەزراوە دەستورییەکانەوە کە پەرلەمانە ئەنجام بدرێت ئەمانە هیچی نەکرابوو وەک شتێک بوو عەشایەرانە کرا ئەوەبوو لە 51%ی خاک لەدەست درا دۆخی کورد زۆر زۆر هاتۆتەوە دواوە خۆی کورد سێ- چوار کێشەی هەیە لەبەغداد، کێشەی خاک، نەوت، بودجە، پێشمەرگە، شەراکەتی ڕاستەقینەیی) ئەگەر سەیر بکرێت کێشەی خاک کە هەرە کێشە گەورەکانە بەیەکجار هاتۆتەوە دواوە سەیری ڕیفراندۆم بکرێت کورد لەناوچە دابڕێنراوەکان چەند موسەیتر بوون بەڵام ئێستا هەمووی لەدەست دراوە.
ڕاشیگەیاند: خۆی ماددەی 140 لە واقیعدا جێ بەجێ کرابوو لەمەسەلەی نەوت و بودجە و ئەوانەدا ئێمە پێشتر دۆخمان زۆر زۆر باشتربوو هەڵوێستمان بۆ قسەکردن و ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد-دا بەهێزتر بوو وەک لەوەی کە ئێستا هەمانە بۆیە لە ئێستادا ڕیفراندۆم ئێمەی خستۆتە هەڵوێستێکی لاوازەوە لەگەڵ بەغداد، واتە سەیر بکە لەجیاتی ئەوەی کێشەی خاک-مان هەبێت و داوای جێ بەجێ کردنی مادەی 140 بکەین هەموو کێشەمان بۆتە ئەوەی بەغداد بودجەی 2020 دەنێرێت یا نانێرێت؟! واتە بەڕاستی ئەوە کارەساتە.
ڕیفراندۆم لە هەموو وڵاتاندا وایە، دەبێت کە ڕیفراندۆم بکەیت بۆ جیابونەوە لەگەڵ دەوڵەتی دایک-دا ڕێکەوتن بکەیت واتە ئێستا ئەگەر ئێمە بمانەوێت ڕێکەوتن بکەین دەبێت یەکەم شت لەگەڵ بەغداددا ڕێک بکەوین
د.بەهار مەحمود پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی ڕیفراندۆم وای لە عیراق نەکرد کە بترسێت کە هەرێمی کوردستان هەرکاتێک بیەوێت جیابێتەوە وە نەبووە کارتێکی فشار بە پێچەوانەوە عیراق دڵنیا بوو لەوەی کە کورد ئەگەر ڕیفراندۆمیش بکات ناتوانێت جیا ببێتەوە، ئیلا مەگەر ئەو ڕیفراندۆمە ئامادەکاری بۆ کرابێت بەتایبەتی ڕیفراندۆم لە هەموو وڵاتاندا وایە، دەبێت کە ڕیفراندۆم بکەیت بۆ جیابونەوە لەگەڵ دەوڵەتی دایک-دا ڕێکەوتن بکەیت واتە ئێستا ئەگەر ئێمە بمانەوێت ڕێکەوتن بکەین دەبێت یەکەم شت لەگەڵ بەغداددا ڕێک بکەوین خۆ نابێت بەشەڕ بێت، لەوڵاتانی تریش هەروابووە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین ئەو وڵاتانەی کە بەڕێککەوتن ڕیفراندۆمیان کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ دەوڵەتی دایک سەرکەوتوو بوون ئەوەی کە بەوە نەیانکردووە بەڕێگای تر کردویانە سەرکەوتوو بوون.
وتت دەبوو ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی دایک واتە حکومەتی عیراق بکرایە بۆ جیابونەوە ئایا حکومەتی عیراق ڕازی دەبوو بەوەی بەکوردەکان بڵێت بڕۆ ڕیفراندۆم بکەن و لەمن جیاببنەوە؟
لەوەڵامدا د.بەهار وتی بەڵێ بەڕێککەوتن دەکرێت و پێشتریش بووە، دەبوایە ئێمە هەوڵی بۆ بدەین.
من بەرگری چی لێبکەم لێرە کاتێک من نازانم مەلەفی نەوت لەهەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوە دەبرێت؟! پێویستە حکومەتی هەرێم نیەت پاکی خۆی پیشان بدات
ئایا بەتەنها چاوەڕێ کردنی ئەوەی بەغداد بودجەی 2020 دەنێرێت یا نا؟ وەک خۆت دەڵێی هەموو کێشەکانی کوردستان هاتۆتەوە سەر ئەوە پەیوەندی بە ئەدای ئێوەوە وەک نوێنەرە کوردەکانەوە هەیە یا بۆچی هەموو هۆکارەکە دەکەنە ڕیفراندۆم؟
لەوەڵامدا د.بەهار دەڵێت ئەمە بە ئەدا نیە ئەمە بە دەستور و بە یاسایە کە لە بودجەی 2019 هاتووە دەڵێت دەبێت هەرێمی کوردستان بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغداد بکات کوا بۆ پابەند نابێت؟، هەر لەدەستوردا لەمادەی 111 دا دەڵێت بەڕێوەبردنی نەوت بەهاوبەشی دەبێت، کوا بۆ بەهاوبەشی نایکات؟ بۆ کەرتی نەوت شەفاف ناکەن لەهەرێمی کوردستاندا تا من بەرگری لێبکەم؟ باشە من بەرگری چی لێبکەم لێرە کاتێک من نازانم مەلەفی نەوت لەهەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوە دەبرێت؟! ئەی نابیت بۆم شەفاف بکات تا بەرگری لێبکەم، واتە ئێمە بەرگری دەکەین شەڕە سیاسیەکە دەکەین بەس دەبێت حکومەتی هەرێم چەک-مان بداتێ کە ئەو چەکەم نەداتێ شەڕی پێبکەم لێرە من چی بکەم لێرە؟
واتە بە بۆچونی تۆ خەتای حکومەتی هەرێمی کوردستانە؟
لەوەڵامدا د.بەهار دەڵێت پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان مادام لەدۆخی ئێستایدا هیچ بژاردەیەکی باشتی نیە لەوەی کە ڕێکەوتن بکات لەگەڵ بەغداد-دا پێویستە نیاز پاکی خۆی پیشان بدات بۆ ئەوەی کە دەیەوێت ڕێککەوتن بکات لەگەڵ بەغداد-دا هیچ نەبێت بڕێک لەو نەوتەی کە یاسای بودجە بۆی داناوە ڕادەستی بکات تا ئێمە بتوانین بەرگریلێبکەین، بەرگری لە مافی خەڵک بکەین.
تۆ کە ئەم گللەییانە لە حکومەتی هەرێم دەکەیت خۆ ئێوەش ئێستا لە حکومەتدا بەشدارن، لەکابینەی پێشوتریش دوو ساڵی یەکەم بەشداربوون، ئایا ئەم گللەییە خۆ-شتان دەگرێتەوە؟
پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان (د.بەهار مەحمود) لەوەڵامدا وتی کەدەڵێت ئێوە بەشدارن لەحکومەت، ئێ قەیچێکە با بەشداربین لەحکومەتدا، من وتومە حکومەت خۆ ناوی شەخسم نەهێناوە بڵێم کاک مەسرور و وەزیری پەروەردە و ئەوە و ئەوە من وتومە حکومەت ئەوەی خۆشمان دەگرێتەوە، بەڵام ئێمە بە ئەندازەی ئەوە دەمانگرێتەوە کە ئاگامان لە دۆخەکەیە ئەم حکومەتە تازە دروست بووە پێویستە نوێنەرانی ئێمە لەناو حکومەتدا ئەو بۆچونانە بڵێن بەو ئەنجومەنی وەزیرانەی کە تێیدا بەشدارن.
بەڕێز ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کە بەڕۆژێکی مێژووی ناوی برد و بە بەڵێ دەنگیدا ئەوە بۆچونێکی شەخسی جەنابی بوو، ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو
سەبارەت بە دەنگدان بە بەڵێ لەلایەن ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە؟
د.بەهار مەحمود پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت یەکەمین شت دەنگدانی بەڕێز ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بۆچونێکی شەخسی جەنابی بوو، ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو کە بەڕۆژێکی مێژووی ناوی برد و بە بەڵێ دەنگیدا بەڵام بەو شێوەیەی ئەو ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەموو جەستە و ژیانی خۆی بۆ خەبات و خزمەتی کوردستان پێشکەشکردووە ئاساییە و مافی خۆیەتی بەوشێوەیە سەیری ڕیفراندۆم بکات و گوزارشتی لێبکات بەڵام هەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەی گؤران هەڵوێستەکەی جڤاتی گشتی بزوتنەوە گۆڕان بوو کە وتی دەنگدەرانمان ئازاد دەکەین کەچۆن دەنگدەدەن بە ڕیفراندۆم بە بەڵێ یاخود بە نەخێر وە من هەڵوێستی خۆم چەند مانگێک پێش ڕیفراندۆم ڕاگەیاندووە.
د.بەهار مەحمود لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسەکەی دەنگی ئەمریکا کە پرسی ئایا ڕێکخەری گشتی تەمسیلی شەخسیەتی مەعنەوی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات؟ دەڵێت ئەرێ وتی من بەناوی گۆڕانەوە دەیڵێم؟ نەیوت من بەناوی گۆڕانەوە دەڵێم، من پێت دەڵێم هەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو کە جڤات شەوەکەی ڕایگەیاند، تۆ جەنابت ڕاگەیاندکاری ئایا گوێت لێ نەبوو؟! ئەوە لەبەردەم قەزادا تەمسیلی شەخسیەتی مەعنەوی دەکات، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت ڕای شەخسی هەبێت بەتایبەت لە بابەتی دەنگداندا تەواو ڕای شەخسی خۆیەتی خۆ قابیلە ڕێکخەری گشتی بچێت لەبری 500 هەزار دەنگدەر دەنگ بدات، نەخێر ئەو لەجیاتی خۆی دەنگ دەدات.
لەگەڵ ئەوەم کە لە ئێستاوە کاربکەین بۆ ئامادەکاری کردن بۆ ڕیفراندۆمێکی حەقیقی کە مەبەستەکەی سەربەخۆیی کوردستان بێت
لەکۆتایی قسەکانیدا د.بەهار مەحمود دەڵێت ڕیفراندۆم پڕۆسەیەکی هەڵەبوو بەڵام مانای ئەوەنیە ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆم نین بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەڵام ڕیفراندۆم کارتێکی ئەوەندە ئاسان نیە کە هەموو ساڵێک جارێک یا دووجار بێیت یاری پێبکەیتت و دووبارەی بکەیتەوە و دووبارەی بکەیتەوە دەبێت ژینگەی خۆی بۆ ئامادەبکەیت من لەگەڵ ئەوەم کە لە ئێستاوە کاربکەین بۆ ئامادەکاری کردن بۆ ڕیفراندۆمێکی حەقیقی کە مەبەستەکەی سەربەخۆیی کوردستان بێت چ لەڕووی نێودەوڵەتی، چ لەڕووی نێوخۆیی چ لەڕووی هەرێمیەوە، ئێمە یەکەمین شت پێویستە ناوخۆی خۆمان باش بکەینەوە، ئەو ڕیفراندۆمەی تر کارتێک بوو بەکارهێنرا و سوتێنرا بەمەبەستی شاردنەوەی چەند کێشەیەک بوو لەوکاتەدا بەمەبستی شەخسی بوو ئیتر بەهەر مەبەستێک بوبێت یا بەهەڵە بوو کە لەوانەیە بەهەڵە کاتەکەیان هەڵبژاردبێت ئەلموهیم ڕاست نەبوو[1].