هاونیشتمانیانی بەرێز!
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
تێکۆشەران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
27 ساڵ پێش ئێستا و لە 26ی خەرمانانی 1371ی هەتاویدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات؛ هومایون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و دۆستی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئاغای نووری دێهکوردی؛ لە بێرڵین، پێتەختی ئاڵمان تێرۆر کران. بەرنامە ئەم تێرۆرە وەک لە دواییدا بەڕوونی سەلمێندرا، لەلایەن کاربەدەستانی هەرەسەرووی ڕێژیمەوە بڕیاری لەسەر درابوو و، بۆ جێبەجێکردنەکەی کۆمەڵێک تێرۆریست و دەستوپێوەندیی خۆیانیان بۆ ئەرکدار کردبوو.
دوکتور سادق شەرەفکەندی یەکێک لە ڕێبەرە هەڵکەوتووەکانی حیزبی دێموکرات بوو کە پاش تیرۆری دوکتور قاسملووی مەزن توانیی وەک سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان جێگەی نەمر قاسملوو پڕ بکاتەوە و جۆرێک حیزبەکەی بەڕێوە ببا و ڕێبەریی بکا، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێنێتە سەر ئەم قەناعەتەی تێرۆری دوکتور قاسملوو ئەوەندەی حسێبیان بۆ کردبوو لەسەر حیزبی دێموکرات کاریگەریی نەبووە.
دوکتور سەعید هەر وەک تا ئێستا چەندین جار لە یادی و بیرهێنانەوەی تیرۆر کردنەکەیدا باس کراوە، کەسایەتییەکی شوێندانەر و هەڵکەوتوو بوو. تیژبیر، هزرڕوون و پێشکەوتنخواز بوو. مرۆڤێکی بە هەڵویست، پڕکار، وردبین، پڕوزە و ماندوونەناس بوو. ئەو تایبەتمەندییانە وایکردبوو کە لە بەرپرسایەتیی سکرتێری حیزبی دێموکراتدا تواناکانی زیاتر دەربکەوێ و، پڕکاری، شێلگیری و جیددی بوونی ببێ بە وێردی زمانی هەموو ئەو کەسانەی دەیانناسی و لە نیزیکەوە کاریان لەگەڵ دەکرد. دوکتور شەرەفکەندی کاتێک بوو بە سکرتێر کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێبەرێکی وەک د. قاسملووی لەدەستدا بوو، کە بە کەسایەتیی کاریزماتیکی خۆی و لە ماوەی 18 ساڵ سکرتێرییدا، ستاتویەکی زۆر گرینگی بۆ حیزبی دێموکرات لەنێو بزووتنەوەی کورد و لە ئاستی ئۆپۆزیسیونی سەراسەریی ئێراندا دەستەبەر کردبوو. پاراستنی ئەم پڕستیژ و ئەم قورساییەی حیزبی دێموکرات کاتێک گرینگ دێتە بەرچاو کە دەبینین دوکتور سەعید زۆر زوو، و تەنانەت بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو جێگا و کەلێنی دوکتور قاسملوو پڕ دەکاتەوە. بۆیە ئەوەی بەحەق لە پەسنی دوکتور سەعیددا گوتراوە لەجێی خۆیەتی کە “دوکتور سەعید کەسایەتییەکی شایستە بوو بۆ جێگرەوەی ڕێبەرێکی هەڵکەوتووی وەک د. قاسملوو.”
دوکتور سەعید یەکێک لە نوخبە و کەسایەتییە پێگەیشتووەکانی نێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات بوو کە شوێن پەنجەی بە جێگیربوونی زۆر لە بەها و بایەخە شۆڕشگێرییەکانی جێکەوتوو لە فەرهەنگی سیاسیی حیزبدا دیارە، کە خاوێنی ئەدبیاتی سیاسی و ئەخلاقی شۆڕشگێڕی لە سیاسەتدا و چەسپاندن و پێداگری لەسەر ئوسوول و پڕەنسیپەکان چەند نموونەیەک لەوانن.
هەر وەک باس کرا دوکتور سەعید پێش ئەوەش کە بە سکرتێری حیزب هەلبژێردرێ کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو بوو، بۆیە کە ئەرکی نەفەری یەکەمی حیزبی کەوتە سەرشان، بە شێوەیەکی زۆر شایستە حیزبی دێموکراتی مودیرییەت کرد. وەک دەگوترا حیزبی دێموکرات “بێ قاسملوویی پێوە دیار نەبوو”. لەباری تەشکیلاتی و پێکهاتەی ڕێکخستنەوە حیزبی دێموکرات یەکگرتوو و خاوەن ئورگان و ڕێکخراوەی جۆراوجۆری حیزبی بوو کە بە مودیرییەتی دوکتور سەعید زۆر سیستماتیک کارەکانی دەچوونە پێش، لە ڕووی جموجۆڵ و هەڵسوورانی پێشمەرگانە لەگەڵ ئەوەدا کە هەلومەرجی ناوچە بەتایبەت لە سنوورەکانی ئێران و عێراق بەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هاتبوو و بۆ تێکۆشان سەخت و ئەستەمتر بوو؛ بەڵام ئەرکی پێشمەرگانە وەک ڕابردوو لە زۆربەی نزیک بە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەبوو. لە بوارەکانی دیپلۆماسی و پێوەندییە دەرەکییەکانی حیزبی دێموکرات هەروا حیزبێکی دیار و لەسەر خەت بوو، و بۆ پیوەندی گرتن بە دونیای دەرەوە و لەقاودانی ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناساندنی خەبات و تێکۆشان و مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان پێشەنگ و لەمەیداندا بوو. لە نێوخۆی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەدا هەلومەرج زۆر دژوار و مەترسیدار بوو، بەڵام بەپێی ئەو جێگەوپێگەیەی حیزبی دێموکرات لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیبوو، چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لە هەموو ئاستەکاندا وەک ڕابردوو دیار و بەرچاو بوون و دەدرەوشانەوە. خەڵکی کوردستانیش کە هەمیشە پشتیوان و قەڵای حیزبی دێموکرات بوون؛ هەر وەکوو پێشوو چاوی ئۆمیدیان هەر لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
د. شەرەفکەندی کە لە قۆناغی هەستیاری دوای ڕاگیرانی شەڕی ئێران و عێڕاق و لێکەوتەکانی ئەم بارودۆخە باری قورسی ئیدارەی حیزبی کەوتبووە ئەستۆ؛ سەرباری هەلومەرجی ئەستەم و دژواری ئێران و ناوچەکە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرسی کورد هەبوو، هەوڵی دەدا بە ئیبتکاری عەمەل و ژیریی خۆی مەیدانداریی سیاسی بکا و پێگە و قورسایی حیزبی دێموکرات لە جووڵانەوەی کورد و بەستێنی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بەهێزتر بکا.
دوکتور شەرەفکەندی بە باوەڕ لەسەر ئەوەی تەنیا لە حاڵەتی لێکگرێدانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوە سیاسییەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران و لە فازی خەباتێکی سەراسەریدا دەکرێ پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکرێ؛ هەوڵێکی زۆری بۆ کاراکردنەوەی ئۆپۆزیسیونی دژبەری ڕێژیم دەدا. دوکتور سادق پێی وابوو کە نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی کارا و لەسەرپێ یەکێک لە هۆکارەکانی درێژبوونەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامییەوە، بۆیە بەجیدییەتەوە دەیویست ئەم بەتاڵاییە پڕ بکاتەوە و ئەو مەیدانە لەدەستی ڕێژیم دەربێنێ. ئەوەش ڕێبەرانی ڕێژیمی بەتەواوی نیگەران کردبوو، بۆیەش بڕیاریان دا جارێکی دیکەش لە سەری حیزبی دێموکرات بدەن بۆوەی هەم بزووتنەوەی سیاسیی کوردی پێ لاواز بکەن و هەم ڕێگە لە وەدیهاتنی پلان و بەرنامەکانی دوکتور شەرەفکەندی بۆ هێزمەندکردنی ئۆپۆزیسیون بگرن. بەمجۆرە بڕیاری تێرۆرکردنی دوکتور شەرەفکەندی لە “کمیتە عملیات ویژە” و لەلایەن ڕێبەرانی هەرەسەرووی ڕێژیمەوە درا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تا ئەو کات بۆ تێرۆرە سیاسییەکانی و حەزفی فیزیکیی دژبەرانی تەنانەت لە نێو خاکی ئورووپادا تێچوویەکی ئەوتۆی نەدابوو، ئەمجارەیان ئاوای بۆ نەچووە سەر و تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی بەگران لەسەری شکایەوە. چونکی دادگای لێکۆڵینەوە لە تێرۆری 17ی سێپتامبری بێرلین کە بە دادگای “مێکۆنووس” ناوی دەرکردبوو، پاش زیاتر لە سێ ساڵ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، دواجار لە ڕێکەوتی 21ی خاکەلێوەی 1371 حوکمی خۆی دا. لەم بڕیارەدا دادگای مێکونووس ڕایگەیاند کە تێرۆری دوکتور سەعید شەرەفکەندی و قوربانییانی دیکەی جینایەتی مێکونووس تیرۆرێکی سیاسیی نێودەوڵەتییە و لە لایەن کاربەدەستانی پلەبەرزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڕیاری لەسەر دراوە و ڕێژیم بەهۆی دەستوپێوەندی و نێردراوەکانی جێبەجیی کردوە. ئەم بڕیارە لە کورتخایەندا دەرەنجامی خراپی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبوو و هەروەها دواجار بوو بەهۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێ وەک پێشوو درێژە بە تێرۆر و لەسەر ڕێ لابردنی نەیارانی سیاسیی خۆی لە ئورووپا بدات.
لە ساڵیادی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندیدا ڕەنگبێ هەموو جارێ ئەم پرسیارە بکرێتەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێناو چیدا ئەم پیلانەی گێڕا و چەندە تێیدا سەرکەوت؟ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات، زۆر زوو لە خەسڵەتی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد و سەنگ و قورسایی و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشت. بۆیە هەر دوای ئەوەی خەڵکی کوردستان لە یەکەم هەنگاودا بە “نا”گوتن بەو ڕێژیمە شەرعییەتی سیاسیی بردە ژێر پرسیار و کاتێک زانی کە ناتوانێ بە بیری چەقبەستوو، دوگماتیزمی ئایینی و شوینیستیی خۆی بەرەوڕووی هزر و بیری حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد بێتەوە، زۆر زوو شمشیری لە ڕوو بەست و وەک هەر ڕێژیمێکی توتالیتێر سڕینەوە و حەزفی فیزیکیی ئەم دژبەرەی خستە سەرووی ئەولەوییەتەکانی.
سەپاندنی شەڕ، گەمارۆی ئابووری، تێرۆر و بەرنامە بۆ دابڕاندنی خەڵک و حیزبی دێموکرات لە یەکتری سیاسەتێک بوون کە ڕێژیم لە هەموو ئاستەکاندا خستیە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەڵام حیزبی دێموکرات قایم و پشت ئەستوور بە قەڵای لەگیران نەهاتووی پشتیوانیی خەڵکی کوردستان هەروا چقڵی چاوی ڕێژیم بوو، بۆیەش ئەوان کەوتنە پیلانی تێرۆری ڤییەن. بەڵام لە دوای نەمانی دوکتور قاسملوو و بە بوونی دوکتور سادق لەجێی وی، حیزبی دێموکرات و خەبات و سیاسەتەکەی نەک هەر لەجێی خۆی بوو، بەڵکوو هیممەت و هەوڵەکانی دوکتور شەرەفکەندی دەچوو هەتا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و توانامەند لەدژی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی ڕێژیم بکاتەوە. ترسی ڕێژیم لە کەسایەتیی کەموێنە و شوێندانەری دوکتور شەرەفکەندی و قورسایی لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و ئێراندا هیچ ڕێگایەکی بۆ نەهێشتنەوە جیا لە حەزفی فیزیکی و لەسەر ڕێ لابردنی. هەوڵێک لە ڕێژیم لە بەشە عەمەلیاتییەکەیدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەوەش ئامانجەکانی نەپێکا و ئەوەی لە نەبوونی دوکتور شەرەفکەندیدا دەیدی و بۆی دەگەڕا، کە نەهێشتن و لەپێخستنی حیزبی دێموکرات بوو؛ نەهاتنە دی. ڕاستە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی توانی ئەم زەبرە قورسە لە جووڵانەوەی کورد بدا و حیزبی دێموکرات لە توانا و کاریگەریی هزری و مەیدانیی زیاتری د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی بێبەش بکا؛ بەڵام ئەو شەهیدە گەورانە لە ڕێبازیاندا زیندوون و ئیلهام وەرگرتن لەو ڕێبەڕانە هەر وا چڕای ڕێگای تێکۆشانی ڕێبوارانی ڕێگەی حیزبی دێموکراتە.
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
ئێمە لە کاتێکدا یادی 27 ساڵەی تێرۆری دوکتور سەعید و هاورێیانی، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەلان دەکەینەوە، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئاستەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات و لە ئاستی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا کەوتووەتە هەلومەرجێکی زۆر دژوارەوە. سیاسەتی دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، دروستکردنی میلیشیا لە ژێرناوی جۆراوجۆر بۆ شەڕی نیابەتی، تەرخانکردنی زۆربەی داهاتی وڵات و خەڵکی ئێران بۆ ئاژاوەگێڕی و قەیرانخوڵقێنی ڕێژیمی تووشی چالشی جیددی کردوە هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئابووریدا. لەو بارودۆخەدا کارایی دەزگای دیپلۆماسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تێپەڕین لەو قۆناغە ئەستەمە لە نزمترین ئاستی خۆیدایە. لەنێو خۆی وڵاتیشدا کەڵەکەبوونی قەیرانە کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و ئابوورییەکان هیندەی دیکەی خەڵک لەو ڕێژیمە بێزراو کردوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بارودۆخە دەرفەتی بۆ تێکۆشان و خەباتی هەمەلایەنە لەدژی ئەم ڕێژیمە لە کوردستان و لە ئاستی سەرانسەریشدا زۆرتر ڕەخساندوە و لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئیلهام وەرگرتن لە ڕێبازی ڕێبەرانی شەهیدی؛ لەسەر هەست و لەسەر پێیە و هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە کە یارمەتی بکا بە گۆڕینی ئەو ڕێژیمە بە ڕێژیمێکی دێموکراتیک؛ نیزامێکی سیاسی کە تێیدا مافی نەتەوایەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان دابین بووبێ و دێموکراسیی لە ئێراندا جێگیر کردبێ.
بەڕێزان!
لەگەڵ ئەوەدا دڵنیاین کە ئەگەر ئەم ڕێبەرانە هەروا پێشەنگمان بان، بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ئێران لە ئاستێکی بەرزتردا دەبوو، بەڵام بە شاهیدی یار و نەیار، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نەمانی ئەم دوو ڕێبەرە بەتوانایەشدا کە دەستی غەدر و تاوانی کۆماری ئیسلامی لە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کوردی ستاند؛ بەهۆی ئیلهام وەرگرتن لێیان هەر لەسەر پێیە و یەکێک لە هێزە شوێندانەرەکانی بزوتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە و لە بڕینی ڕێگا و ڕێبازیان بەردەوام دەبێ. گەلی کوردیش تێرۆر و شەهیدبوونی سەرکردە و ڕێبەرانی نەبووەتە هۆی ئەوەی لە تێکۆشان بوەستێ و لە ژێر ڕووناکایی و تیشکی باوەڕە پیرۆزەکانی ڕێبەرانی شەهیددا بە پتەوی بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێ.
سەرکەوێ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان،
نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران،
سڵاو بۆ شەهیدان و،
پڕ ڕێبوار بێ ڕێگای شەهیدان پێشەوا، قاسملوو، شەرەفکەندی.
26ی خەرمانانی 1398ی هەتاوی[1].