بەهۆی باشبوونی باری ئابووری هەرێمی کوردستان و هەڵپەساردنی بڕیاری ڕێگرتن لە دابەشکردنی زەوی و خانوو بۆ دووبەش، هەروەها جووڵەی بیناسازی و نۆژەنکردنەوە لە #موسڵ#، خواست لەسەر بلۆک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە، بەو هۆیەوە لە ماوەی سێ مانگدا نرخی بلۆک 30% بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی، لە هەرێمی کوردستان 621 کارگەی بەرهەمهێنانی بلۆک مۆڵەتیان وەرگرتووە (310 کارگە لە #هەولێر#، 357 کارگە لە #سلێمانی# و 57 کارگە لە #دهۆک#)، بەشێک لەو کارگانە دروستکراون و بەرهەمیان هەیە، بەشێکیشیان لە قۆناغی دروستکردندان. وزەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی کارگە مۆڵەتدارەکان دەگاتە نزیکەی 910 ملیۆن بلۆک.
لەدوای ساڵی 2014 و بەهۆی قەیرانی داراییەوە، دروستکردنی خانوو و باڵەخانە کز بوو، بەو هۆیەوە فرۆشی کەرەستەکانی بیناسازیش ڕووی لە کەمی کرد، ئەمەش داخستنی ژمارەیەک کارگەی بلۆکی بەدوادا هات، بەڵام ئێستا خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازی زیادی کردووە، بەو هۆیەوە زۆربەی کارگە داخراوەکان جارێکی دیکە بەگەڕکەوتوونەتەوە.
تا 01-07-2019 کارگەی سروود ڕۆژانە 1200 بلۆکی بەرهەمدەهێنا و هێشتاش بۆی ساغ نەدەبووەوە، بەڵام بە گوتەی خاوەنەکەی، ئێستا بەرهەمهێنانی دە هێندەی جاران زیادی کردووە و ڕۆژانە 12 هەزار بلۆک بەرهەم دەهێنێ و یەک بلۆکیشی لە کارگەکەدا نامێنێتەوە.
مۆڵەتی کارگەی بلۆک لە باشووری کوردستان تا 2019
|
|
|
|
فەرهاد عەلی ئیبراهیم، خاوەنی کارگەی بلۆکی سروود، بە (رووداو)ی گوت: تا چەند مانگێگ بەر لە ئێستا مانگانە تەنیا 7 تا 10 ڕۆژ بەیەک شیفت کارمان دەکرد، کۆی ڕۆژەکانی کارکردنمان بەتێکڕا نەدەگەیشتە 10%ی توانای کارگەکە. نرخی 1000 بلۆکیش تەنیا 270 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە 100%ی توانای کارگەکە کار دەکەین، بەپێی خواستی بازاڕ ڕۆژانە 12 هەزار بلۆک دروست دەکەین و نرخی 1000 بلۆکیش نزیکەی 100 هەزار بەرزبووەتەوە.
کارگەکەی فەرهاد بەپێی خواستی بازاڕ 5 جۆر بلۆک بە قەبارەی جیاواز بەرهەم دێنێت، بەشی زۆری بەرهەمەکەشی لە هەولێر دەفرۆشێت.
نرخی بلۆک لە کارگەی سروود
|
|
|
|
فەرهاد دەڵێت: لە مووسڵ خواستێکی باش لەسەر بلۆکی هەولێر هەیە، بەڵام بەهۆی دانانی قەپان لە بازگەی هەولێر کە ڕێگە بە بارهەڵگرەکان نادەن زیاتر لە 600 بلۆک بار بکەن، تێچووی گواستنەوە زۆر دەکەوێت و کارگەکانی ناو هەولێر ناتوانن بلۆک بۆ مووسڵ بنێرن، بەڵام بەشی زۆری بەرهەمی کارگەکانی کەڵەک بۆ مووسڵ دەچێت.
بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر بلۆک هەیە، لە سێ مانگی ڕابردوودا 100 هەزار دینار چووەتە سەر نرخی هەر 1000 بلۆکێک، کە 60 هەزار دیناری لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا بووە. بەمەش نرخی بلۆک لەو ماوەیە 30% زیاد بووە.
فەرهاد عەلی باسی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بلۆک دەکات و دەڵێت بەشێکی بۆ خواستی بازاڕ و بەشێکیشی بۆ زیادبوونی نرخی قوم و چەو و چیمەنتۆ دەگەڕێتەوە کە ئێستا بەشێوەیەکی فراوان بۆ مووسڵ دەچێت و لەناوخۆش پرۆژەکان کەوتوونەتەوە کار، بۆ نموونە پێشتر مەترێک لم (قوم) بە 5 هەزار دینار بوو، ئێستا بە 11 هەزار دینارە، گەڵابێکی چەو بە 25 هەزار بوو ئێستا بە نزیکەی 100 هەزار دینارە.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، مۆڵەت بە دروستکردنی 310 کارگەی بلۆک دراوە، بەڵام بەهۆکاری جیاواز تەنیا 150 کارگەیان بە تەواوی دامەزراون و بەرهەمیان هەیە.
تەیب کەژۆ عەلی، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە هەولێر، دەڵێت: پێشتر بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمیی خواست 70%ی کارگەکانی بلۆک داخرابوون، ئەوانەشی لەکاردابوون بە وزەی زۆر کەم کاریان دەکرد، بەڵام بەهۆی باشبوونی باری ئابووریی خەڵک و دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی کەرتی تایبەت و حکومەت، 90%ی کارگەکانی هەولێر بەکارکەوتوونەتەوە و بە وزەی باش کاردەکەن و فرۆشیشیان باشە.
سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی نرخی بلۆکیش، تەیب کەژۆ دەڵێت: ئەوە زیاتر پەیوەندی بە گرانبوونی نرخی چەو و لم و چیمەنتۆوە هەیە، کە بەهۆی دەستپێکردنی هەندێ پرۆژەی ستراتیژی و هەناردەکردنیان بۆ مووسڵ خواست لەسەریان زیاد بووە.
ئەو جموجۆڵەی لە فرۆشی کارگەکانی بلۆک دروست بووە، هێشتا وەک پێویست کارگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی نەگرتووەتەوە.
محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە سلێمانی، دەڵێت: لەکۆی 257 کارگەی مۆڵەتدراو لە سلێمانی، تەنیا 84 کارگەیان بەتەواوی دامەزراون، بەڵام خەڵکی سلێمانی ئێستا بۆ دروستکردنی خانوو، زیاتر خشت بەکار دەهێنن، بۆیە بەهۆی کەمیی خواست لەسەر بلۆک وەک پێویست کارگەکانی نزیک سلێمانی بەکارنەکەوتوونەتەوە، بەڵام بەهۆی هەرزانیی نرخی چەو و لم لە سنووری #ڕانیە#، جموجۆڵێکی باش لە کارگەکانی بلۆک هەیە، بەرهەمیان بۆ سلێمانی و تا نزیک هەولێریش دەچێت.
محەممەد جەبار، گوتیشی: کارگەکانی #کەلار#یش کاریان باشە، ئەویش بەهۆی هەناردەکردنی بلۆک بۆ #خانەقین# و #جەلەولا# و دیالە.
سەرەڕای زیادبوونی فرۆش و بەرزبوونەوەی نرخی بلۆک، بەڵام هێشتا کارگەکانی بلۆک بێ گرفت نین. فەرهاد عەلی، دەڵێت: حکومەت و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی 17 جۆر پارەمان بەناوی جیا لێ وەردەگرن، بەڵام هیچ پاڵپشتییەکمان نییە، بۆ نموونە بۆ یەک کیلۆ وات کارەبا 130 دینارمان لێوەردەگرن، بۆیە داواکارین هەر هیچ نەبێ نرخی کارەبا کەم بکەنەوە و وەک پێشتر گازوایلمان بە نرخی پاڵپشت بۆ دابین بکەن، نووسراومان بۆ بکەن تاوەکو بتوانین لە کارگەکانی چیمەنتۆ بە نرخی کۆ چیمەنتۆ بکڕین، چونکە لەبەر بازرگانان بە ئێمەی نافرۆشن.
فەتحی مودەڕیس، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: بۆ کەمکردنەوەی نرخی کرێی کارەبا بۆ کارگەکان چەندین نووسراومان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بەڵام ڕازی نین کرێیەکە کەم بکەنەوە، بۆ کڕینەوەی چیمەنتۆش لە کارگەکانی ناوخۆ، تاوەکو ئێستا داواکاری وامان لە کارگەکانی بلۆک پێ نەگەیشتووە، ئەگەر داواکاری پیشکەش بکەن، ئێمە لەگەڵ کارگەکان گفتوگۆدەکەین تا بەگوێرەی پێوست چیمەنتۆیان بە نرخی کۆ پێ بفرۆشن.[1][2]