شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی شاندەکەیان بۆلای ڕێکخستن و نوێنەرانی ژنانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرێنی دەزانن، ئەندامێکی کۆریناسیۆنی کۆنگرەی ستار-یش ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ئێستادا کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی کورد دەستیپێکردووە.
شاندێک لە ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتی
ئاسیا عەبدوڵڵائاسیا عەبدوڵڵا ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد و دەستپێکردنی کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کورد، 24ی مانگی ڕابردوو، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و زیاتر لە هەفتەیەک مانەوە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ ڕێکخستن و نوێنەرانی ژنانی ناو پارتە سیاسییەکان و هەروەها کەسایەتییەکان کۆبوونەوە و گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
ئاسیا عەبدوڵا لەسەر ئامانج و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان دەدوێت و دەڵێت: ئامانجی سەرەکیمان ئەوەبوو کە کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کورد دەستپێکاتەوە، بەو مەبەستەش لەگەڵ زۆربەی ڕێکخستنەکانی ژنان و نوێنەرانی ژنان لە پارتە سیاسییەکان کۆبووینەوە، بەگشتی دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون، بۆ ئەنجامی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنان فکرێکی هاوبەش هەیە، هەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵیان کۆبووینەوە باوەڕیان وایە ئێستا کاتی ئەو کۆنفرانسەیە، لە کارگروپی نەتەوەیی ژناندا 22 کەس دەستنیشان کرابوون، کە نوێنەری هەموو پارچەکانی تێدایە، ئەوە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، کە هەر لایەن و پارچەیەکی کوردستان بە ڕاپۆرتی خۆی بەشداریی تێدا کرد، بەپێی بڕیاری ئەو کۆبوونەوەیە، پێویستە ڕاپۆرتی هاوبەش لەسەر چواربەشی کوردستان پێشکەشی کۆنفرانسەکە بکرێت.
کاری کۆنفرانس کارێکی هاوبەشە
ئاسیا عەبدوڵا لەسەر ئەوەی کێ کارەکانی کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبات، وتی: بەهۆی دۆخی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە، ئەو کارە دواکەوتووە، لەوانەیە گۆڕانکاری لە ئەندامانی کۆمیتە بکرێت، ئەوەش لەلایەن هەر پارچەیەکەوە بۆخۆی دەستنیشان دەکرێت، کۆمیتەی 22 کەسی کارەکانی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن، هەروەها کاتی دەستپێکردنی کۆنفرانسەکەش لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشان دەکرێت.
ئاسیا عەبدوڵا بەبیری هێنایەوە کە کۆنفرانسی یەکەم لە
ئامەدئامەد بەڕێوەچوو، دووەمین کۆنفرانیسیش لە
هەولێرهەولێر، بەپێی بڕیاری کۆنفرانسی دووەم ئێمە ئەوشمان بە ڕێکخستنەکانی ژنان وت کە ئامادەین کۆنفرانسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبچێت.
ئاسیا عەبدوڵا هەروەها وتی: پێویستە میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی لە نێوان پارچەکانی کوردستان دابمەزرێت، ئەگەر میکانیزمێک هەبێت پێویستە پەیوەندیداربێت بە هەموو بابەتەکانی ژنانەوە، هەموو ڕێکخستنەکانی ژنانیش لەم بابەتە هاوڕان، بۆ ئەو ژنانەی کۆمەڵکوژییان بەسەردا تێپەڕێوە یان بە دیل کەوتوونەتە دەستی
داعشداعش، کاری هاوبەشی ژنانی کوردی پێویستە، بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردیش، ژنانی کورد ئەرکییان لەسەر شانە، لە ئاستی نێودەوڵەتیش پێویستە خەبات و تێکۆشانی هاوبەش بکرێت، لە هەموو بابەتەکان پێویستیمان بە کاری هاوبەش هەیە، لە کوێ داگیرکاری یان هەڕەشەیەک هەبێت، زیانە گەورەکەی بەر ژنانی کورد دەکەوێت
[1].
2019-10-03