بە پاڵپشتی ئیدارەی #کەرکووک#، زیاتر لە 400 خێزانی چەکدارانی #داعش# لە کەمپەکانی #موسڵ#ەوە هێنراونەتە کەرکووک، ئەو خێزانانە ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن کە لە شەڕەکاندا کوژراون و هێنراونەتە کەرکووک و لەنێو کەمپەکاندا نیشتەجێ کراون، ئەمانە بەو بیانوە هێنراون کە هاوسەرە کوژراوەکانیان خەڵکی #حەویجە#ن.
گەیشتن بە کەمپی #لەیلان# و چاوپێکەوتن بەو خێزانەکانی داعش کارێکی وائاسان نییە، چونکە زیاتر لە سێ بازگەی هێزەکانی عێراق هەن و ڕێگە نادەن کە هیچ میدیاکارێک بچێتە نێو کەمپەکەوە، تیمی کوردستان24 لە کەرکووک، توانیویەتی بازگەکان ببڕێت و بچێتە نێو کەمپی لەیلانەوە، هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ هاوژینی چەکدارێکی داعش ئەنجامداوە.
خێزانی چەکدارانی داعش لە موسڵەوە بۆ نێو کەمپی لەیلانی خۆرهەڵاتی کەرکووک گوازراونەتەوە.
سەرەتا 150 خێزان هێنراونەتە نێو کەمپی ئاوارەکان، بەڵام دواتر ڕێژەکە زیادی کردووە تاکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 400 خێزان و بەردەوامیش ژمارەکە لە زیاد بووندایە.
ئیدارەی کەرکووکیش ڕازی بووە بە وەرگرتنی ژن و منداڵانی چەکدارانی داعش، تەنانەت ئاسانکاریشیان بۆ کراوە، بۆیە ئەندامانی ئەنجوومەن توڕەن و مەترسییەکەی دەخەنەڕوو.
حکوومەتی عێراق ڕێگەی داوە بە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، بەڵام وەک ئەو هێزانەی کە لەناوچە سوننە نشینەکان ڕێگە بەگەڕانەوەی ژن و منداڵی چەکدارانی داعش نادەن بۆ سنوورەکە، بۆیە ئەم خێزانانە ئێستا لە کەرکووکن و لەنێو کەمپەکانن.[1]