راوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت کە ئاماژەکان بەره و ئەوەدەچن کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کۆتایی بێت و #بەرهەم ساڵح# بۆ ماوەی دوو مانگ دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیرانی پێبدرێت، تا کۆمسیۆنێک دادەمەزرێت و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت.
کوردستان سێوکانی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بە هاوڵاتی وت ئەم ئەگەرە لەئێستادا لەلایەن بەشێک لەکوتلەکانەوە باس دەکرێت.
لەگەڵ تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکان، مەترسی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و کەوتنی کابینەکەی زیاتر بووە، کوردیش کە بە بەهێزی پشتیوانی لەکابینەکەی دەکات پێیوایە بەدیلی نییه و ترسی لە قۆناغی دواتر هەیە.
سەبارەت بەکاریگەریی کەوتنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر کورد، کوردستان سێوکانی پێیوایە، کاریگەرییەکە نەرێنی دەبێت، وتی عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانێکی باش بووە بۆ هەرێم، سەرەڕای ئه و فشارانەی کراونەتە سەری بۆ ئەوەی بودجە بۆ هەرێم نەنێرێت.
وتیشی باشترین بژاردە بۆ کورد ئەوەیە نەچێتە ناو ململانێکانەوه و لەڕێگەی فراکسیۆنە کوردییەکانەوە بەیەکدەنگ کاربکات.
سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عێراق هاوکاتن لەگەڵ دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بەچارەسەر لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، کە تائێستا نەگەیشتوون بەئەنجام.
عادل عەبدولمەهدی لەبەغدا ڕوبەڕووی چەندین فشار بووەتەوە لەبارەی ناردنی پارەوە بۆ هەرێم لەکاتێکدا نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا نەکردووە، بەڵام ئه و جەختیکردووەتەوە کەکێشەکان کاریگەرییان لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران نابێت.
کوردستان سێوکانی وتی (خۆپیشاندەران وشەی شۆڕشیان بەکارهێناوە، زۆربەی ئه و ناوچانەی خۆپیشاندان تێیدا کراوە لەشیعەنشینن و لەناوچەی سوننە مەزهەب نین، یەکێک لەداواکارییە سەرەکییەکانیان گۆڕینی ڕژێمە(.
وتیشی ئەم خۆپیشاندانە جیاوازە لەخۆپیشاندانەکانی ڕابردوو، به و پێیەی هیچ لایەنێک پشتیوانی و ڕابەرایەتی ناکات، داواکارییەکانیشیان جیاوازن لەوانەی پێشوو.
ماوەی شەش ڕۆژە ئاگری خۆپیشاندانەکانی عێراق تاودەسەنێت، لەکاتێکدا ژمارەی ئه و کەسانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە کوژراون زیاتر لە 110 کەسه و نزیکەی چوار هەزار کەسیش برینداربوون[1].