جوان ئیحسان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ هاوڵاتی.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دڵەڕاوکێی زۆر هەیە لەلای هێزە سیاسییەکانی عێراق، کە ئەگەر حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بڕوخێت کێ دەبێتە بەدیل.
جوان ئیحسان لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەوەدەکات، ئێستا دوو ئەگەر هەیە، یەکێکیان ئەوەیە گۆرانکاریەکی زۆر لە هەموو وەزارەتەکان بکرێت، ئەگەرەکەی دیکە پرسی هەڵوەشاندنەوەیە، بەڵام ئەمە ئیجماعی زۆربەی لایەنەکانی دەوێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، هێشتا قسە لەسەر ئەوە نەکراوە کە کامە بژاردە بۆ کورد باشە، بەڵام کاری حکومەتی هەرێم و حزبە سیاسییە کوردییەکان، ئەوەنییە کە حکومەتێک بڕوخێنن و حکومەتێکی دیکە دروست بکەن.
هاوڵاتی: کۆبونەوەکەتان لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران چ ئەنجامێکی هەبوو؟
جوان ئیحسان: کۆبونەوەکە لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەراندا بوو، لەناو ئەوەشدا هەستمان پێکرد کە خەڵکی تێدایە لەناو خۆپیشاندەرانیشدا نەبوو، نوێنەری کۆمەڵە خەڵکێک بون کە داواکاریان هەبوو، داوکاریەکانیان زۆر زۆر بون، هەلی کارو دامەزراندن و خزمەتگوزاری و خوێندن و تەندروستی و گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنردراوەتەوە و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆو زۆر زۆر بون، ڕێگەی بە هەمویان داو بەشێکی پەیوەست بوو بەداواکاری کە پەیوەستە بەژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە، گوزەرانی خۆیان و بەشێکی ترشیان دورتر ڕۆیشتون لەوانە داوای گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی دەکەن، داواکاری سیاسی قورس کە ئاسان نیە بەشێکیان داوای هەموارکردنەوەی دەستور دەکەن کە ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەین کە کۆمەڵێک شتێکی تێدایە جۆرێک لەمەرجی تەعجیزیە، داوادەکرێت لەحکومەت و ئیشی ئەم حکومەتەش نییە.
هاوڵاتی: نوێنەری خۆپیشاندەران باسی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتیان کرد؟
جوان ئیحسان: بەڵی بەشێکیان داوای ئەوەیان کرد کەبێئومێد بوون لەم حکومەتە و بڕوایان پێنەماوه و سەرۆکی پەرلەمان پەیمانی چارەسەرکردنی بەشێکی باشی کێشەکانیداو وەک گەڕانەوەی ئەوانەی کەگرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە، نزیکەی چەند هەزار کەسێک دەبن.
هاوڵاتی: پەیمانی یەکەی نیشتەجێبونیان پێدرا؟
جوان ئیحسان: سەرۆکی پەرلەمان پەیمانی یەکەی نیشتەجێبونی پێدان بەمەرجێک زەوی وەرگرن و قیست وەرگرن، بۆ ئەوەی بیکەن بە خانوو، نەک زەوی وەرگرن و کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت و دوای ببێتەوە بەکێشە، لە مەبەستێکی خزمەتەوە ببێتە بە مەلەفێکی تر، کاری هەموو وەزارەتەکان له و کۆبونەوە باس کراوە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تاچەند دەتوانێت ئەمانە جێبەجێبکات.
هاوڵاتی: لە پرۆژە بودجەی 2020دا ئەمە هەمووی جێی دەبێتەوە؟
جوان ئیحسان: لەبودجە بەشێکی باشی جێی دەکرێتەوە، چونکە نیازەکە هەیه و ڕێککەوتنی سیاسیش هەیە، چونکە هیچ لایەک ناڕەزایی لەسەر ئەوە نییە، کەخزمەت پێشکەشبکرێت بەخەڵکانێک کە پێویستیان پێیەتی جێبەجێنەکرێت، کە سەرەتایترینیان پرەنسیپی مرۆڤانەیە، لەهیچ لایەنێکی سیاسی قبوڵ ناکرێت کە ئه و مافە نەدات، بەشێکی بە پەیوەندی تایبەتی لەنێوان سەرۆکی پەرلەمان و حکومەت جێبەجێدەبێت و بەشێکی تری بە هەندێک یاسا کەدەتوانرێت بە پەلە بهێنرێتە پێشەوە، بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەردەکات، ئەوەی کە پێویستیانە لەماوەیەکی کەمدا بکرێت و کە نیەتی هێزە سیاسیەکانی لەسەربێت چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.
هاوڵاتی: چ فراکسیۆنێک بەشدارنەبوو لەکۆبوونەوەکەدا؟
جوان ئیحسان: وەک سەرۆکی کوتلە تەنیا ئێمە بەشداربوین و ئەندامانی تریش بەشدار نەبون، سەدر بەهیچ جۆرێک بەشدار نەبوو، میحوەری وەتەنی سوننیش، بەشدارنەبون و ئوسامە نوجێفیش بەشدارنەبوو.
هاوڵاتی: دەتوانین بڵێین پەرلەمان بووەتە دوو بەشەوە؟
جوان ئیحسان: دانیشتنی پەرلەمان نەکراو هەمووی لەگەڵ چاکسازین و بەشێکیش لەوانەی کە ڕیکلام دەکەن، لەوانەیە زۆر جددی نەبن تێیدا بەتایبەت کە لەناو سوننە و شیعە کە لەوانەیە وەک ئیتیقایەک بێت لەیەکتری دەدەن، وەکو زەختێک بەرامبەر یەکتری بەکاریدەهێنن، چونکە ئەمانە ئامادەسازی زۆری تێدایە، ئەمانە بەپرۆسەی ئاسان ناڕۆن تا بەشەوو ڕۆژێک بکرێت.
هاوڵاتی: زۆرجار وتراوە عادل عەبدولمەهدی، وەرەقەی ئیستیقالەکە لەگیرفانیدایە، پێتوایە ئەم حکومەتە دەمێنێتەوە، تاچەند مەترسی هەیە؟
جوان ئیحسان: دوو ئەگەر هەیە، یەکێکیان کە گۆڕانکاریەکی زۆر لە هەموو وەزارەتەکان بکات، هەموو لایەنەکان پشگیری ئەوە دەکەن، بەمەرجێک پشتیوانی لەخۆی بکات و دەستی واڵا بکات، چونکە لەدروستکردنی کابینەکەیدا دەستی واڵانەبوو، ئیستا داوای ئەوەدەکات کەدەستکراوەبێت له و تیمە وەزاریەی کە کاری لەگەڵدا دەکات، بەشەکەی تری ئەوەیە بەهیچ جۆرێک حزبە سیاسییەکان و کوتلەی سیاسی لەسەر ئەمە بڕیاربدەن کە دەبێت ئەمە هەڵوەشێتەوە، ئەوە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەمە ئیجماعی زۆربەی زۆریانی دەوێت.
هاوڵاتی: کامیان لەقازانجی کوردە، ئەم حکومەتە بمێنێتەوە و چاکسازی بکات؟
جوان ئیحسان: وەکو قەراری کوردی هێشتا قسە لەسەرئەوە نەکراوە کەکامە لەقازانجیەتی، بەڵام وەک ڕەهی تایبەتی خۆم کاری حکومەتی هەرێم و کاری حزبە سیاسیە کوردیەکان، ئەوەنیە کە حکومەتێک بڕوخێنن و حکومەتێک دروستبکەن، چونکە ئێمە کەمین و 58 کەسین، بە ڕوئیای جیاوازیشەوە، بەڵام هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی بەرژەوەندی هاوبەشمان هەبێت کەهەرێمی کورستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیەکانیان لەسەروو هەموو شتێکەوەیە، ئێمە پشگیری کەسێک و حکومەتێک دەکەین کە مافە ڕەواکان و بەتایبەتی بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانی بگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی: ئێستا ئێوە لەگەڵ ئەم حکومەتەن کە چاکسازی بکات یان هەڵوەشێتەوە و نەزانین کێ دەبێت بەسەرۆکی حکومەت؟
جوان ئیحسان: ئه و دڵەڕاوکێیە نەک ئێمە وەکو کورد، بەڵکو حزبەکانی تریش هەیانە، حزبە عێراقییەکانیش هەیانه و تەنانەت ئەوانەش کە داوای چارەسەری جوزئی دەکەن خۆشیان دڵەڕاوکێی زۆریان هەیە کەحکومەتەکە بڕوخێت کێ دەبێت بەبەدیل و چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت، ئەوە هەڵبژاردەیەکی ئاسان نییە و تۆزێک زووە بۆ قسەکردن لەسەری.
هاوڵاتی: ئەگەرە بەهێزەکە کامەیە؟
جوان ئیحسان: ئەگەری زیاتر ئەوەیە چاکسازی بکات لەوەزارەتەکان.
هاوڵاتی: لەکاتی دانانی وەازرەتەکاندا خۆ لەپەرلەمان دەنگیان لەسەر درا؟
جوان ئیحسان: بەشێکی باشی بەڕێکەوتن بوو، بەشەکەی تریشی ئەوەی کەدەنگی لەسەر نەدرا، تەحەفوزی خۆی لەسەر داوە کەدەنگی پێ نەداوە، بەڵام کە بەزۆرینە دەڕوات و دەبێت بەوەزیر، ئەوەش مانای ئەوەنیە، هەمووان لەسەری ڕازی بن.
هاوڵاتی: وەک سەرۆکی فراکسیۆن لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆبونەوە؟ پاش ئەم خۆپیشاندانە پێت وایە ئەم ئالۆزیانە گفتوگۆکان دوادەخات؟
جوان ئیحسان: بەدڵنیاییەوە دوایدەخات، چونکە ئێستا زۆربەی زۆری سەرقاڵی ئەوەن ڕەوشەکە هێمن بکرێتەوە و وەزعی ئەمنی بگەڕێنرێتەوە بۆ بەغدا و ناوچەکانی تر، ئەولەویەت زیاتر بۆ ئەمەیە، پێویست بوو ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان بوایە و کۆمەڵێک یاسا هەبوو کەخوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرایه و دووەمی بۆدەکرا و هەمویان وەستاوە، بەدڵنیاییەوە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار پێوەی خەریکن، ئەبێتە هۆی دواکەوتنی زۆر لەکاروبارەکان.
هاوڵاتی: بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار ڕۆڵی چییە؟خەڵک ترسی لەوەهەیە کەموچە نەدرێت؟
جوان ئیحسان: بەردەوام ئه و قەلەقیە هەیە تەنانەت بۆ ناوچەکانی تری عێراقیش، کەکێشە هەبێت هەموو کارەکان دوادەکەوێت، بژێوی خەڵکیش تێکدەچێت و ترس و دڵەڕاوکی دەبێت، ڕۆڵی سەرۆککۆمار ڕۆڵێکی زۆر سەرەکییه و ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکایەتی وەفدێکی ئیتیحادی کرد، بەره و هەرێم ڕۆیشتن و بەردەوامیش له و ناوەندەدایە بۆ نزیککردنەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی، لەحکومەتی هەرێمیشەوه و لەحکومەتی ئێرەشەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتیشەوە نیەتی جددیمان بینی کە خەمخۆری پێوە دیارە، هەم بۆ ئەوەی پرۆسە سیاسییەکە ئیستیقرارێک بەخێویەوە ببینێت و لەلایەکی تریشەوە خەڵک کەمترین زیانی بەرکەوێت[1].
ئارا ئیبراهیم