هاوڵاتی شاناز حەسەن
لەکۆنگرەی گشتی نەوەی نوێدا هیچ کەس ڕکەبەری #شاسوار عەبدولواحید# نەبووە بۆ سەرۆکی جوڵانەوەکە، ناڕازییەکانیش دەڵێن ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی جوڵانەوەکەن.
دوێنێ سێشەممە 5ی تشرینی یەکەمی2019، جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەکەم کۆنگرەی گشتی خۆی ئەنجامداو شاسوار عەبدولواحید بە سەرۆکی جوڵانەوەکە هەڵبژێردرا لەکۆی 277 دەنگ 273دەنگی پێدرا.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەشت کورسی پەرلەمانی کوردستان و چوار کورسی پەرلەمانی عێراقی هەیە.
سیپان ئامێدی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی نەوەی نوێ، باس لەوەدەکات کەمەجالی خۆکاندیدکردن بۆ هەموو کەسێک بەپێی مەرجەکان کراوەبووه و وتی (کەس خۆی کاندید نەکردووە.
کۆنگرەکەی نەوەی نوێ یەکەم کۆنگرەی ئه و جوڵانەوەیە بوو لەدوای ئه و کێشانەی بەرۆکی جوڵانەوەکەی گرت کە بەهۆیەوە دوو پەرلەمانتاریان لەپەرلەمانی عێراق وازیان لەجوڵانەوەکە هێناو چوار پەرلەمانتاریشیان لەکوردستان بەشێوەی سەربەخۆ کاردەکەن.
سیروان بابان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ و یەکێک لەپەرلەمانتارە ناڕازییەکان لەلێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت (ئێمە لەدروستکەری بناغەی نەوەی نوێوە هەبوین و خۆمان دروستمان کردووە، بۆیە ئێمە نەوەی نوێین و ئەوە نیە کەئەوان باسی دەکەن، چونکە لەسنوری خۆیان لایانداوە لەگەڵ یەکێتی و پارتی دانیشتوون، نەوەی نوێ کۆمپانیا نیه و هەمومان خاوەنین نەک خاوەنی کۆمپانیا ببێتە سەرۆکی، ناو گرنگ نیە خۆم داممەزراندووە(.
وتیشی (بەم شێوەیە دەمێنینەوه و دەستی پێوەدەگرین تا ئەوکاتەی کە نەبێت بەعەیبە بەسەرمانەوە، ئێمە نامانەوێت کۆیلایەتی قبوڵ بکەین).
جووڵانەوەی نەوەی نوێ حزبێکی سیاسییە کە لەساڵی 2018دا لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دامەزراوە.
لە 29ی 1ی 2018 جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا هاوپەیمانێتی لەگەڵ تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و کوردستان ڕاگەیاند.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی 2018، نەوەی نوێ توانی 4 کورسی بەدەستبهێنێت. هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان توانی 8 کورسی بەدەستبهێنێت.
دواتر جوڵانەوەکە دووچاری کێشەیەکی ناوخۆیی بوویەوە، لە 21ی نیشانی ئەمساڵدا بەشێک لەپەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکە لە بەغژا جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و شاسواریان تۆمەتبار کرد بە هەوڵی بە بنەماڵەییکردنی حزبەکە. بەڵام شاسوار عەبدولواحید ئەوانی بە (بێ نمەک) ناوهێنا.
دواتر بەشێکی تر لەپەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان هاوشێوەی پەرلەمانتارانی بەغدا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەشاسوار عەبدولواحیدو هەندێکیشان ڕایانگەیاند هەڕەشەی بلاوکردنەوەی گرتەی سێکسیان لێکراوە.
دوای چەند ڕۆژێک ئاسایشی #سلێمانی# 11 خۆبەخشی نەوەی نوێی دەستگیرکرد بەتۆمەتی دەستهەبوون لەو هەڕەشانە بەڵام نەوەی نوێ ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.
رۆژی 16-5-2019 شاسوار عەبدولواحید، دەستگیرکراو دواتر لە مانگی حوزەیران بەکەفالەت ئازادکرا، لەوکاتەوە تائێستا کێشە ناوخۆییەکانی جووڵانەوەکە بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو چارەسەر نەکراوە[1].