ماوەیەکی درێژە دەوڵەتی تورکیا هێزە سەربازییەکانی لە سەر سنووری ڕۆژاوای کوردستان کۆکردۆتەوەو ئامادەکاریی هێرشێکی بەرفروان دەکات. نەک هەر تەنیا کۆکردنەوەی هێز، بەڵکو پەیتا پەیتا هەڕەشەکانی زیاتر ئەکات. هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش لەم بەیانییەوە هەندێک لە هێزەکانی خۆیان لەسەر سنوورەکان کشاندۆتەوە. وا دەرئەکەوێ کە دەوڵەتی تورکیا لە ماوەیەکی کورتدا هێرش بکات.
هەتا ئێستا لەو هەرێمەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر تورکیا. بەڕوەبەرایەتی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ هەڕەشەیەکی لە تورکیا نەکردووە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەر لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە دوژمنایەتی ئەو خۆبەڕێوەبەرێتییە ئەکات. هاوکاری هێزە دژە کوردەکانی وەک #داعش# و ئەلنوسرەو هاوشێوەکانیانی کردو بەریدانە گیانی خەڵکی ڕۆژاوا. کاتێک ئەو هێزانە نەیانتوانی سەربکەون، ئینجا خۆی ڕاستەوخۆ دەستی بەهێرش کرد. ئەو هێرشەی ئێستاش لە ڕۆژەڤدایە، درێژەی هەمان هێرشە بۆ سەر کۆبانێ و جەرابلوس و #عەفرین#.
دەوڵەتی تورکیا دژی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە. لەهەر شوێنێکی جیهان بێت، تورکیا ئەیەوێ دەستکەوتەکانی کوردان لەناو ببات. ئیتر هەموو قسەو بەهانەکانی تر بەتاڵن. نە ئاسایشی تورکیا کەوتۆتە بەر مەترسی و نە گەڕانەوەی ئاوارەکانیش خەمی تورکیایە. ئەو قسانە هەمووی پڕۆپاگەندەو بیانووی بێ بنەمان. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تورکیا دوژمنی بەرژەوەندی کوردەو هێرش ئەکاتە سەر کوردو هاوکارەکانی.
ئێستا ڕۆژاوای کوردستان لەژێر هێڕشێکی گەورەدایە. هێزەکانی ڕۆژاوا وەک بەرخۆدانی کۆبانێ و عەفرین بەرخۆدان دەکەن. پێویستە هەر کوردێک، هەر کوردستانییەک، لەهەرشوێنێکی دنیادا بن، بە ڕۆحی سەفەربەری بە هەموو شێوازێکی چالاکیی، دژی ئەم هێرش وداگیرکارییەی تورکیا بەیەک دەنگ بوەستن. بەرخۆدان بکەن و خاوەندارێتی لە ڕۆژاوای کوردستان بکەن. ئەمڕۆ ڕۆژی بەرخۆدانە. جگە لەبەرخۆدان هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بانگی ئێمە لە گەنجان، لە تەواوی گەلی کوردستانە. لەهەرشوێنیکن هەستنە سەرپێ و بەرخۆدان بکەن.
کشانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لەسەر سنوور، ڕێ لەبەردەم هێرشی توکیا دەکاتەوە. ئەوە بڕیارێکی ئەخلاقیی نییە. هێزەکانی ڕۆژاوا بە هاوکاری هێزە هاوپەیمانەکان، شەڕێکی سەختیان لە دژی داعشی دوژمنی مرۆڤایەتی کرد. قوربانی زۆریان دا. ئەم هەڵوێستەی ئێستای هێزە هاوپەیمانەکان لەگەل پەیوەندی دۆستایەتی و هاوپایمانیی یەکناگرێتەوە. سەرەتا هێزە هاوپەیمانەکان و هەموو هێزە جیهانییەکان، نابێ لەبەرامبەر ئەم هێرشەی تورکیادا بێدەنگ و تەماشاکەر بن. ئێمە بانگ لە هێزە هاوپەیمانەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان. لە دنیای دیموکرات و پێشکەوتوو دەکەین، بەرامبەر ئەم هێرشانە ڕاوەستن و گەلی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەنیا جێنەهێڵن.
هەروەها داوا لەهەموو کوردستانیان دەکەین کە لە نرخە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان خاوەن دەرکەون و بە هەموو توانایان و بە هەموو شێوەیەک درێژە بە بەرخۆدان بدەن.
رۆژ ڕۆژی بەرخۆدانە[1].
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
7ی ئۆکتۆبەری 2019 برۆکسل