بە پێی ئامارێک کە دەست کوردستان24 کەوتووە تەنیا لە سەنتەری شاری #سلێمانی# ڕۆژانە 50% ئاوی خواردنەوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە فیڕۆدەدرێت، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ڕێگری لەو بەفیڕۆدانە بکرێت، ئەوا دەتوانن ڕۆژانە ئاو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانێکە بەشێکی زۆر لە دانیشووانی شاری سلێمانی بە دەست کەمی ئاوی پاکەوە تووشی گرفت و بێزاری بوونەتەوە.
بەهۆی گۆڕانکاریە بەردەوامەکانی کەشوهەواوە بەردەوام مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی ئاو هەیە، ژینگە پارێزێک دەڵێت، بەفیڕۆ نەدانی ئاو خەمی گەورەی ئەوانە، بۆیە لە ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگە حکوومییەکان و لە ڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاری سەرشەقامەکان و ناوبازاڕەکان بەردەوام ڕێنمایی دەدەنە هاووڵاتیان ئاو بەفیڕۆ نەدەن و بۆ ئەم مەبەستەش مانگی 5ی ئەمساڵ پڕۆژەیەکیان داوەتە پەرلەمانی کوردستان.
لە سەنتەری سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو نزیکەی 180 هەزار هاوبەشی هەیە کە ماڵان, کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە خۆ دەگرێت، لە هەمان کاتدا نزیکەی 20 گەڕەکی شارەکەش لە تۆڕی ئاو بێبەشن و لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاوی خواردنەوەیان بەدەست دەگات، بەڕێوەبەرایەتی ئاویش لە هەندێک گەڕەک 2 ڕۆژ جارێک و لە هەندێکی دیکەش 3 ڕۆژ جارێک ئاو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکات. [1]