#محەمەد حیکمەت#
مامۆستایەکی بواری ژینگە و پسپۆڕی کیمیایی لەزانکۆی #سلێمانی#، شێوازی لەناوبردنی مادە هۆشبەرەکان بەشێوەی سوتاندن لەهەرێم و سلێمانی بەهەڕەمەکی و مەترسیدار ناودەبات بەوپێیپەی دوکەڵ و گازی ژەهراوی تێکەڵ بەهەوا دەکەن و پێیوایە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لەدەرئەنجامی مەترسیداری ڕێگاکەیان کەزیانی بۆ هاوڵاتیان دەبێت بەئاگابێنەوە.
دکتۆر ساڵاح نەجیب مەجید مامۆستای بواری ژینگە و پسپۆڕی کیمیایی لەزانکۆی سلێمانی، لەدیالۆگێکیدا لەگەڵ (SNN) دەڵێت: شێوازی لەناوبردنی جۆرەکانی مادە هۆشبەر لەهەرێم و بەدیاریکراوی لەشاری سلێمانی لەڕێگەی سوتاندنەوە زۆر هەڕەمەکی و هەڵەیە، بەجۆرێک لەئەنجامی ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی ژمارەیەک هاوڵاتی بەسوتاندنی کە دوکەڵ و گازەکەی تێکەڵ بەهەوا و ژینگەی هەوا دەبێت دەبێتە مایەی مەترسی بۆ سەر دانیشتوان و هاوڵاتیان نزیک لەوجێگەی سوتاندنەوە و دواجاریش سلێمانی، واتە پانتایی مەترسی مادەکان فراوان دەبێت لەڕووی ژمارەی مرۆڤەوە.
$ئاماری تۆمەتبار و مادەی هۆشبەری 2012$
لەلای خۆشیەوە، عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لەئاسایشی سلێمانی، لەلێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی ئاماری چالاکی ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان لە 2012-01-01 ەوە بۆ #2012-12-21# دەخاتەڕوو:لەوماوەیەدا 140 کێشەمان لەلاتۆمارکراوە و 165 تۆمەتبار دەستگیرکراون، له و 165 تۆمەتبارە 60 کەسیان بەلێبووردنی گشتی یان بەهۆی ساخ نەبوونەوەی تۆمەتەکەیان ئازادکراون بەبڕیاری دادوەر، 15کەسیان حکومدراون، 13کەسیان کێشەکەیان ڕەوانەی پۆلیس کراوە، 40کەسیان کێشەکەیان ڕەوانەی دادگاکراوە، 37کەسیان لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەڕێوەبەری نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لەئاسایشی سلێمانی، وتیشی: هەر لەوماوەیەدا 7 کیلۆگرام لەجۆری مادەی تلیاک و حەشیش و 72 پارچە حەبی هۆشبەر و 90گرام هێرۆین و 65گرام لەجۆری کریستاڵ، دەستی بەسەرداگیراوە.
$بەبڕیاری دادگا لەناودەبرێت$
عەمید جەلال، باسلەوەشدەکات: پاش دەستگیرکردنی کەسەکەکان و تۆمەتبارەکان بەبڕیاری دادوەر و دوای یەکلابوونەوەی کێشەکەیان لەدادگا هەر بەبڕیاری دادگا لەڕێگەی لیژنەیەکەوە بەنوێنەرێتی دادگا و ئاسایش و تەندروستی بەبەرچاوی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، لەنەخۆشخانەی سنگەکەی شاری سلێمانی لەناودەبرێت.
$بەسوتاندنی مادەکان، گازی ژەهراوی دروست دەبێت$
دکتۆر ساڵاح، پسپۆڕی بواری ژینگە و کیمیایی، له و گفتوگۆیەیدا، وتیشی: لەبنەڕەتدا ئه و ماددانە لەکۆمەڵێک پێکهاتەی کیمیایی پێکهاتووە و هەریەکەیان بەجۆرێک کاریگەری خۆی هەیە لەناو پێکهاتەی مادەکەدا، بەڵام کاتێک بەشێوەی سوتاندن لەناودەبرێت و پێکهاتەکەی دەگۆڕیت لەوکاتەدا لەگەڵ پێکهاتەی هەوا کۆمەڵێک پێکهاتەی گازی مەترسیدار دروست دەبێت، کە بەدڵنیاییەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ دەبێت کاتێک ئۆکسجین هەڵدەمژێت، هەرچەندە بەرگی هەوا کراوەیە، بەڵام ئه و بەرگە هەوایە سنورێکی دیاریکراوی هەیە و موڵکی هەموو مرۆڤایەتیە،
$بەسوتاندنی، زیانی زیاتری هەیە$
ئه و پسپۆڕەی بواری ژینگە و کیمیایی، تەئکیدلەوەدەکاتەوە: پێکهاتەی ئه و مادانە کە زیانیان بۆ مرۆڤ هەیە، بەسوتاندنیان و دواتر هەڵمژینی دوکەڵ و گازەکەی لەلایەن مرۆڤەوە دوای ئەوەی تێکەڵی هەوا دەبێت، لەوکاتەدا نەک وەک ئەوە وایە مرۆڤەکان ئه و مادانەیان خواردبێت بەڵکو لەوکاتەدا کەتێکەڵ بەهەوا دەبێت گازی ترسناک و پێکهاتەی کیمیایی تر دروست دەکات و پێموایە مەترسیدارتربێت لەخودی مادەکان، بەتایبەت لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئه و سنورەی سوتاندنەکەی تێدا دەکرێت.
دکتۆر ساڵاح، وتیشی: ڕەوانییە بەشێوەی هەڕەمەکی ئه و مادانە بسوتێنرێت، بەڵکو سوتاندنی ئه و مادانە بنەما و شێوازی زانستی و کۆمەڵێک فلتەری تایبەتی هەیە، تاوەکو پێکهاتە گازیەکانی نەچێتەدەرەوە و تێکەڵ بەبەرگی هەوا نەبێت، بەڵام کردارەکانی سوتاندنی ئه و مادانە لەواقیعی ئێمەدا زۆر زۆر هەڵەیە.
$نەخۆشخانەی سنگ، جێگەی سوتاندن نییە$
سەبارەت بەشوێنی سوتاندنی ئه و مادانە لەهەرێم و سلێمانیدا، ئه و مامۆستایەی زانکۆ پێیوایە: ئایا لەنەخۆشخانەی سنگی سلێمانیدا لەدەرەوەی کورەکە فلتەر هەیە تاوەکو نەهێڵێت پێکهاتە و گازەکەی بڵاو ببێتەوە، یان ڕاستەوخۆ پێکهاتە گازییەکان دەکەن بەقورگی هەوادا، هەروەها سوتاندنی ئه و مادانە لەدەرەوەی شاریش لە کێڵگەکاندا مەترسیی زیاترە، بۆیە دەبێت ئیتر ئه و ڕێگە هەڕەمەکی و نازانستیە بەکارنەهێنرێت.
لەکۆتایی دیالۆگەکەیدا لەگەڵ SNN دکتۆر ساڵاح پێشنیازی ئەوەدەکات کەلایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان، بەڕاوێژ لەگەڵ دەزگا ژینگەیی و پسپۆڕەکان، کار بۆ لەناوبردنی ئه و مادانە بکەن و هەوڵبدەن ئه و ئامێر و کەرەستە و وێستگەی لەناوبردنە لەجیهاندا هەیە بۆ لەناوبردنی مادەی لەوشێوەیە دەستەبەری بکەن[1].