د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم ڕوونکردنەوەیەی دەربارەی لێدوانی لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا:
سەبارەت بەو لێدوانانەی بەڕێز لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەربارەی ئەو تێبینیانەی لە ڕاگەیاندنەکان خستیەڕوو، بە پێویستی دەزانین لە بارەی ئەو خاڵانەی باسیکردن، ڕوونکردنەوەی پێویست لەمبارەیەوە بدەین.
بێگومان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی هاوبەش لە حکومەت، دەتوانێت سەرنج و تێبینیەکانی خۆی کە تایبەتن بە بابەتە سیاسییەکان، لەگەڵ سەرکردایەتی #پارتی دیموکراتی کوردستان# تاوتوێ بکات، بەڵام ئەو تێبینیانەی کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان و پەیوەستن بە حکومەتەوە، پێمانخوشە ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەوە بدەین:
کارنامە و ئەجێندای کابینەی نۆیەمی حکومەت:
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەرنامە و ئەجندایەیە کە پێشکەشی پەرلەمان و خەڵکی کوردستانی کردووە کە ئەجندایەکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتە، بۆیە داواش لە هەموو حیزبەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی حکومەت بن بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئەوە بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بکات.
بەداخەوە مەکتەبی سیاسی هێندێک لە حیزبەکان بە پێچەوانەی دروشمەکانیان، لە کاتێکدا داوادەکەن حیزبەکان دەست لە کاروباری حکومەت وەرنەدەن، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان دێتە بەر باس، بەهەموو شێوەیەک فشار لەسەر حکومەت دروست دەکەن و دەستێوەردان لە ئیشوکاری دەکەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشکردنی حکومەت دادەنێن.
دەربارەی پۆستەکان:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەر هەر هۆکارێک بێت تائێستا تەواوی کاندیدەکانی خۆی بۆ ئەو پۆستانەی تائێستا ماون دیاری نەکردووە تا حکومەت بەپێی ڕێککەوتنەکان دایانبمەزرێنێت. هیوادارین یەکێتی نیشتمانی کوردستان بتوانێت تەواوی کاندیدەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەو پۆستانەی بەریان دەکەوێت.
یاریدەدەرەکانی سەرۆک وەزیران:
سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەکانی سەرۆک وەزیران. ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانە و هیچ دەقێکی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3) لە ساڵی 1992 هەموارکراو یان لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1)ی ساڵی 2006ی هەموارکراو، کە ڕێگری بکات لەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەکان بەهیچ شێوەیەک بەدیلی وەزیرەکان نین، بەپێچەوانەوە یارمەتیدەر و ئاسانکاریی بەڕێوەچوونی کارەکان دەکەن، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک کارێکی نایاسایی نییە و، بەپێچەوانەوەی ئەو پروپاگەندانەیە کە گوایا حکومەتێکی بچووککراو لەناو حکومەتدا دروست کرابێت.
ئەنجومەنی نەوت و گاز :
جێگری سەرۆک وەزیران و وزیری دارایی و وزیری پلاندانان کە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن. لە هەموو وردەکارییەکانی پرۆسەی نەوت و گاز لە هەرێم ئاگادارن. لەلایەکی دیکەوە لە کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەکاتی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و گاز، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو بابەتە پاشگەزبووەتەوە.
گرتنی هاووڵاتییان لەسەر بیروڕای سیاسی:
دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی گرتنی هاووڵاتییانە لە سەر بیروڕای سیاسی و پێویستە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەڵک لەسەر بیروبۆچوونی سیاسی دەستگیرنەگرێت، لەمبارەیەشەوە حکومەت پابەندە بەوەی کە نابێت کەس لەسەر بیروڕای سیاسی بگیرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەگەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات، بێگومان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و، ئەندامبوونیشی لەلایەنێکی سیاسی، پارێزبەندی بەرامبەر بە یاسا پێنابەخشێت.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا:
سەبارەت بەوەی گوایە لە کابینەی نۆیەمدا نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا وەک ناوەندێک لە ئاستی وەزارەت دروستکراوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە ساڵی 2006-ەوە دامەزراوە و، لەو کاتەوەش سەرۆکەکەی بە پلەی وەزیرە. ئەوەی ئێستاش کراوە تەنیا پرکردنەوەی ئەو پۆستە و، چالاککردنەوەی ئەو دەزگایەیە. هەروەها سەبارەت بەوەی گوایە دەبوو وەزیرێکی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بکرێت، بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، هیچ دەقێکی وا نییە لە ڕێکەوتنەکانی پێکهینانی کابینەی نۆیەم، کە وەزیرێکی هەرێم هەبێ بۆ کاروباری بەغدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ڕوانگەی باوەڕبوونی بە تواناکانی بەڕێز خالد شوانی، بەڕێزیانی ڕاسپارد کە وەکو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەکاربێت.
پشکی لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت:
ئەگەر باسی پشکی لایەنە سیاسییەکانیش بکەین لە پۆستەکانی حکومەت کە سەرجەم داتاکان لەبەردەستن، ڕێژەی هەندێک لایەن لە پۆستە کارگێرییەکان (بریکاری وەزیر، ڕاوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی) زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی ئینتخابی و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان.
لەکۆتاییدا دەڵێین:
سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕوحییەتێکی ئیجابی و بنیاتنەرانە و وەک یەک تیم کار دەکەن، و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە کۆی دەنگ دەردەچن، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە هاندەر و پاڵپشتی ئەو کەشە ئیجابیە بکەن کە لە کابینەی نۆیەمدا لە ئارادایە.
#02-11-2019#