لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا دژەژنەکانی ئەو چوارچێوە سیاسییە، بارودۆخی ژنان لە ئاستی تاک و کۆمەڵگادا نەتەنیا بەرەو باشتربوون ناچێت، بەڵکوو هەتا دێت پەت پساوانەتر ڕووی لە وێرانی و خراپی دەبێت و بەبێ ئەوەی خۆمان لێی وشیار بین، بەرەو بە کولتوورکردنی ئەو جۆرە لە ڕوانین بە ژنانمان دەبات.
ئێمە چالاکانی مافی ژنان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بۆ پێشگرتن بە پەرەسەندنی هەرچی زیاتری توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و بەتایبەت کوردستان، بێدەنگ نەبین و بەرانبەر ئەم شێوە سیستماتیکە لە ئاپارتاید هەڵوێست بنوێنین. بە بڕوای ئێمە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێگەکانی نەهێشتنی توندوتیژی، شکانی بێدەنگییە و دەنگهەڵبڕین باشترین چارەسەرە؛ بە واتایەکی دیکە بە هەمان ڕادەی کە دەبێ هەوڵمان بۆ شکانی بێدەنگی چڕتر بکەین، دەتوانین بە هەمان ڕێژەش توندوتیژی کەمڕەنگ بکەین.
هەر بۆیە بە ڕاگەیاندنی کەمپەینی بێدەنگی بشکێنین، هەڵمەتێک دەخەینە گەڕ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو زوڵم و زۆر و ئەشکەنجە و ئازارێک و هەروەها دەنگی کپکراوی ژنان دەبین.
ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات
1398/8/23 هەتاوی
2019/11/14 زایینی
ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات لە لایەن پێنج ڕێکخراوی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە پێک هاتووە کە بریتین لە:
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران