بەناوی خودای گەوره و میهرەبان
کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکان
بنەماڵەی شەهیدان (لوقمان تاهیر نەجم، مەحمود محمد مەعروف، زیاد خەلیفە سوڵتان)
بەداخەوە، جارێکی تر تیرۆریستان و تاریکپەرستان هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوای #خانەقین# و سنووری #گەرمیان#، له و هێرشە نەگریسەیاندا هەوڵیان دا خەونی زڕاویان بێننەدی، بەڵام هەر زوو هێزی نەبەردی پێشمەرگەکانی (لیوای سێی پیادە) لێیان هاتنە دەست و بەتوندی بەرپەرچیان دانەوە.
وێڕای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، توانیان تیرۆریستان ڕاوبنێن و ناوچەکانیان بپارێزن، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و برینداربوون.
لەم بۆنە خەمناکەدا، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بەتەواوی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی ئه و پەلامارە تیرۆریستیە دەگەینین، کە سەریان بەرزە بەوەی ڕۆڵەکانیان لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان گیانیان بەخشی.
هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام سازو ئامادەیە بۆ هەر ڕووبەڕوبونەوەیەک و خەونی گڵاوی تیرۆریستان لەگۆڕ دەنێین و دووپاتی دەکەینەوە گیانی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە.
لەیەزدانی مەزن داواکارم زوو بەزوو شیفای بریندارەکان بدات و لەجەنگی ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆر سەرکەوتوو و سەربەرزمان بکات.
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
05-12-2019