نووسەر: هێرمان هیسە
وەرگێڕ: لە ئەڵمانیەوە: کەریم پەرەنگ
ساڵی چاپکردن: 2017
ئەم ڕۆمانە باسی کەسێک دەکات بەناوی (سید هارتا)، کەسێکە کە لە ڕووی بژێویی ژیان هیچی لێ کەم نییە، بگرە زۆر خۆشیش دەژی، لێ هێشتا پێی وایە کە شتێکی لێ وونبوەو دەگەڕێت بە دوای هەقیقیەتێکدا، ئەوەبوو لەگەڵ (گۆڤیندای) ی هاورێیدا بڕیار دەدەن کە شار جێبهێڵن و دەیانەوێت واز لەژیانی دەوڵەمەندی بهێنن و ببنە سامانا، لە هیندستاندا، بەو کەسانەی دەڵێن کە واز لە خۆشی ژیان دەهێنن و بەدوای خودا پەرستیدا وێڵن کە زیاتر وەکو (سۆفی) لای خۆمان وایە. کاتێک سیدهارتا و گۆڤیندای ژنی نازونیعمەتی باوکی بەجێدە هێڵن و ڕوودەکەنە دارستانەکان، هەرچەندە بۆیان زەحمەتە خۆیان لەگەڵ ئەم ژیانە ڕابێنن، بەڵام پاشتر ڕادێن و دەبنە سامانا.
بینینی بودا
لەم ڕۆمانەدا (بودا) و تێڕوانین و بۆچوونەکانی، تارماییەکی گەورە داگیر دەکەن، تەنانەت ناوی (سید هارتا) ناوی ئەسڵی بودایە، تاڕادەیەکی زۆریش ژیانی سیدهارتا و بوداش لە یەکتری دەچێت زۆرجار هەست دەکەیت کە باسی ژیانی بودا دەکات. جگەلەوەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆش، نوسەر هاتووە بودای خستۆتە ناو ڕۆمانەکەیەوە، ئەوەش لەرێگەی سید هارتاوە.
پاش ئەوەی ماوەی سێ ساڵ سید هارتا و گۆڤیندای هاوسەری لەلای ساماناکان دەمێننەوەو فێری زۆر شت دەبن، ڕۆژێکیان باس لە هاتنی پیاوێکی ئایینی پایە بەرز دەکەن کەئەویش (بودا) یە کە لێرە ناوی (گۆتامایە) ی لێناوە) ئەمەش نازناوی ئەسڵی بودایە). پاشئەوەی خۆیی و گۆڤیندا بەشداری یەکێک لە دانیشتنەکانی دەکەن و گوێ بۆ ئامۆژگارییەکانی دەگرن، دواتر سید هارتا دەکەوێتە گومانەوە و دەچێت بودا بە تەنها دەبینێت و دیالۆگێکی قووڵی فکری و ئایینی پێکەوە دەکەن. لێ سید هارتا هیچ قەناعەت بە قسەکانی بودا ناکات، بەڵام ئەم دیدارە گۆڕانکارییەکی قووڵ و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی دادەنێت، بەشێوەیەک دوای ئەو دیدارە واز لەژیانی سۆفیگەریی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی خۆشیی و کامەرانیی و وازیش لە گۆڤیدا دەهێنێت، چونکە ئەو ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی و دوای بودا دەکەوێت، بەڵام سید هارتا دەگەڕێتەوە ناو شارو و دەچێتە باوەشی خانمێکی ترەوە، کەئەویش کامالای شٶخ و شەنگ و دەوڵەمەندە. [1][2]