ئامارێک نیشانی دەدات، مانگانە لە هەرێمی کوردستان 848 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەرەکان ڕوودەدات، شارەزایانیش هاوسەرگیریی پێشوەختە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە دەستنیشان دەکەن.
بەگوێرەی ئامارێکی لیژنەی داکۆکییکردن لە مافەکانی ژنان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پێنج هەزار و 88 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، بەمەش تەنیا ئاماری ئەم شەش مانگە نزیکەی ژمارەی ئەو جیابوونەوانەیە، کە لە تەواوی ساڵی 2017-دا تۆمار کراوە.
ئامارەکان نیشانی دەدات، کە ساڵانە ڕێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە، بەو پێیەی، کە بەپێی ئاماری دەسەڵاتی دادوەریی، لە ساڵی2017دا لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 729 جیابوونەوە لەنێوان هاوسەرەکاندا هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2018دا ئامارەکە بەرزبووەتەوە و نۆ هەزار و 192 جیابوونەوە، ئەمەش نیشانی دەدات لە ساڵی 2018-دا چوار هەزار و 463 حاڵەت زیادی کردووە..
ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-یش دڵخۆشکەر نییە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە ساڵی ڕابردوو، چونکە لەماوەی ئەو ساڵەدا بە تێکڕایی مانگانە 766 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، بەڵام بە تێکڕایی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 848 حاڵەت هەبووە.
ناپاکیی هاوسەرگیریی، جیاوازیی زۆر لە تەمەنی هاوسەرەکاندا، کۆچکردنی پیاوان بۆ ئەوروپا و بەجێهێشتنی هاوسەرەکانیان، خراپی باری دارایی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە سەرەکییترین هۆکارەکانی جیابوونەوەن لە ئەمساڵدا، ئەمەش بە وتەی دەرون حەمەد ئەمین، پارێزەر لە دادگای #سلێمانی#.
دەروون، ، ڕوونیکردەوە: هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ هەردوو ڕەگەز کاریگەریی خراپی هەیە، چونکە ناتوانن بەرپرسیارێتیی ژیانی خۆیان هەڵگرن، کاتێک تەمەنیان بەرەوە سەرەوە دەڕوات، هەست بە کەموکرتیەکانی ژیان دەکەن، دەپرسن بۆچی هاوسەرگیرییان کرد؟، یان فریای پابەندبوونەکانی ژیانی ناکەوێت یان خوێندکارە، ئەمە ساردبوونەوەیەک لە ژیانی هاوسەرگیریی دروستدەکات، کە ساردبوونەوە ئەنجامەکەی جیابوونەوە یان دروستبوونی کێشە و ناکۆکیی دەبێت.
وەک ئەوە پارێزەرە باسی دەکات، ئەو هاوسەرانەی، کە کێشەکانیان دەبەنە دادگا، زۆربەیان بڕیاری جیابوونەوەیان داوە، بۆیە کەس ناتوانێت دەستوەردان لە ژیانیاندا بکات و بە جیابوونەوە کەیسەکانیان یەکلایی دەبێتەوە.
سەیران عەبدوڵا، توێژەری کۆمەڵایەتیی، هۆکارێکی دیکەی جیابوونەوەی هاوسەرەکان بۆ دەستوەردانی کەسانی دەوروبەر دەگەڕێنێتەوە، وەک ئەو باسی دەکات، ئەویش جارێکی دیکە بەهۆی کەمیی تەمەنی هاوسەرەکانەوەیە، کە ناتوانن خاوەن بڕیار بن و ئەمەش ڕێگا بۆ دەستوەردان دروست دەکات.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جیابوونەوە لەسەر کۆمەڵگا، سەیران، وتی: جیابوونەوە کاریگەیری نەرێنی لەسەر دەروونی تاک و بێ متمانەیی لەنێوان تاکەکان و خێزانەکاندا دروستدەکات، ئەم کەسانە بەتەنیا خۆیان جیانابنەوە، بەڵکو دوو خێزان جیادەبێتەوە، واتە کێشەی کۆمەڵایەتیی لەنێو کۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی توندوتیژیی
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، چەند ڕێگایەک بۆ چارەسەر یانیش کەمکردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکات، ئەوانیش 'گرنگییدان بە پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی تاک، کە هاوسەرگیریی پێشوەختە گونجاو نییە'، وتیشی: پێویستە چاودێریی بخرێتە سەر سۆشیاڵ میدیا بۆ ئەوەی هەموو کەسێک نەتوانێت وا بەئاسانی بەکاریبهێنێت، هاوکات ڕاگەیاندن دەتوانێت لە ڕێی سیمینار، بەرنامەی تایبەت و ڕاپرسییەوە کار بکات، لەسەر ئەوەی تاچەند هاوسەرگیریی پێشوەخت کاریگەریی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا و هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەبێت.
تا ئێستا ئامارێکی ڕوون لەبەردەست نییە سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختە، ئەو ئامارانەشی لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە دەخرێنەڕوو تایبەتن بە ناوچەیەک و ئاماری گشتیی نیین، بەڵام بەردەوام باس لەوە دەکرێت، هاوسەرگیریی پێشوەختە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە و لێکهەڵوەشانی خێزانەکان.[1]
12-12-2019