لە حەوتووی ڕابردوودا هەموو جیهان بۆ جارێکی دیکه، چاوی لە توندوتیژی و تاوانەکانی “کۆماری ئیسلامی”یەوە بوو. دوابەدوای بەرز بوونەوەی نرخی بەنزین، هەموان دیتیان کە ناڕەزایەتییە هێمنانه و ئاشتیخوازانەکانی خەڵک بە باروودۆخی خراپی ژیان و گوشاری ئابووری لە ڕادەبەدەر، بە خێرایی لەگەڵ جەوێکی سەربازی و ئەمنییەتی ڕووبەڕوبوویەوە و لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە سەرکوت کراو بەو پەڕی توندووتیژییەوە وڵام درایەوە. بەداخەوە لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئه و ناڕەزایەتییانه ڕیژەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان گیانی خۆیان لەدەستداو هەر له و پەیوەندییەدا بە هەمان شێواز و ڕێکاری هەمیشەیی ڕژیمە تۆتالیتێر و پاوانخوازەکان، شەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن و بەندکردنی بە کۆمەڵ بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان و لە ئەنجامی پشکنینی ماڵبەماڵ دەستی پێکرد. بە پێی هەو اڵەکان، ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتوەتە هەزاران کەس کە ڕێژەیەکی بەرچاویان
لە مێرمنداڵان، ژنان و برینداران پێکهاتووە. کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاونەگرتنی خواستە ڕەوا و داخوازییە ئاسایی و بەرحەقەکانی چالاکان و پارێزەرانی مافە سیاسی و مەدەنییەکان، بەردەوام بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی سەرکوت و بەکارهێنانی گوشار، هەوڵی لە ناوبردنی ناوەڕۆکی کێشەکانی داوە و تەواوی دەرگا و ڕێگاکانی یاسایی، ئاسایی و ئاشتیخوازانەی ناڕەزایەتی داخستووە.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە هەموو هێز و توانای خۆیان بە مەبەستی ئازادی هەرچی زووتر و بێ مەرجی ناڕازییان بەکار بهێنن و گوشارەکانیان لە ئاراستەی بە یاسایی ناسینی مافی کۆبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتی – وەکوو مافێکی حاشاهەڵنەگری هاووڵاتیبوون و دێمۆکڕاتیک – لەسەر کۆماری ئیسلامی چڕ بکەنەوە. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بەرپرسایەتی پاراستنی گیانی بەندکراوان ڕاستەخۆ لەئەستۆی بەڕێوەبەران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە و پێویستە لەم پێناوەدا لەهەمبەر خەڵک و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی وڵامدەر بن.