لە دایکبووی: ساڵی 1295ی هەتاوی
کاتی شەهید بوون: 11-02-1397ی هەتاوی بەرامبەر بە 01-05-2018ی زاینی
شوێنی شەهیدبوون: بنکەی حیزب لە زەوییەسپی، #کۆیە#
شوێنی گڵکۆ: گۆرستانی شەهیدانی حیزب
چۆنیەتی شەهیدبوون: نەخۆشی
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە 11-02-1397ی هەتاوی، ڕەسوڵ ڕەشید دۆست ناسراو بە مام ڕەسوڵ یەکێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی #حیزبی دێموکرات#، لە تەمەنی 102ساڵەیی ماڵاوایی یەکجاری کرد و بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکان و هاوسەنگەرانی، لە مەزارگەی تێکۆشەرانی دێموکرات بە خاک سپێردرا.
مام ڕەسوڵ جەعفەر مرۆڤێکی ڕووحسووک و دڵپاک و بە ئیرادە و بە هێز بوو، ساڵانێکی دوور و درێژ وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و بە دەست و برد و چاونەترس لە پێشەوەی جەولە سیاسی و نیزامییەکان دا پێشمەرگایەتی کرد و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات بوو. مام ڕەسوڵ لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی #ڕەبەت# دا زۆر بوێرانە بەشداری کرد و یەکێک لە پێشمەرگە دیارەکانی هێزی زمزیران بوو.
مام ڕەسوڵ هەموو ژیانی خۆی تەرخانی خەباتێک کرد کە لەودا بە هەزاران شەهیدی پێشکەش بە بارەگای گەلەکەی کردووە و هەر بۆیەش هەمیشە بە تامەزرۆیی و بە وەفادارییەوە باسی لە شەهیدەکان دەکرد، بە چاوی دڵەوە دەیروانییە خەبات و تێکۆشانی هاوسەنگەرە شەهیدەکانی و زۆرجار بە شێعر و گۆرانی شەهیدەکانی دەلاواندنەوە.
مام ڕەسوڵ هیچ کات بیری لەوە نەکردەوە کە لە گۆشەیەک لەو جیهانەدا بحەسێتەوە، بەڵکوو ژیان و سەرەوەت و سامانی بۆ حەسانەوەی خەڵک لە شۆڕشدا تەرخان کرد و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بە سەخاوەتەوە تەمەنی لاوەتی خۆی بە خزمەتکردن بە نیشتمان تێپەر کرد. شایانی باسە کە مام ڕەسوڵ لە ساڵی 1295ی هەتاوی لە ناوچەی #بانە# لە دایکبووە و پاشان پەڕیوەی ناوچەی ڕەبەت لە #سەردەشت# دەبێ و لە ساڵەکانی 46 و 47ی هەتاویش لە گەڵ حیزبی دێموکرات پێوەندی تەشکیلاتی هەبووە.
ئەو تێکۆشەر ورەبەرزە تا دوایین ساتی ژیانی وازی لەسەنگەری خەبات نەهێنا و، زیاتر لە 50 ساڵ بێ وچان لە سەفی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خزمەتی کرد و لە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دا کەسێکی خۆشەویست و ورەبەخش و دڵفراوان بوو.