خەڵکی: #سەردەشت#
لە دایکبووی: 1942ی زاینی بەرانبەر بە 1321 ی هەتاوی
کاتی شەهید بوون: 01- 06- 2016 بەرانبەر بە 11-03- 1395ی هەتاوی
شوێنی شەهیدبوون: بنکەی ئازادی حدک #کۆیە#
شوێنی گڵکۆ: گۆرستانی شەهیدانی حدک کۆیە
چۆنییەتی شەهیدبوون: نەخۆشی
حەمەڕەسووڵ حەسەنپوور کە خەڵکی شاری سەردەشتە، ساڵی 1321 هەر لەو شارە لە دایک بووە. بنەماڵەی حەسەن پوور لەو بنەماڵە ناسراوانەی شاری سەردەشت بوون کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی خۆیان بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی کوردستان سەلماند. حەمەڕەسووڵ لەژێر کاریگەریی پەروەردەی بنەماڵەکەی و بە تایبەتی حەمەدەمینی مامی دا، هەر لە سەردەمی مێرمنداڵییەوە فێری خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمان و ئازادی بوو. حەمەڕەسوڵ حەسەن پوور دوای ئەوەی قۆناغەکانی خوێندنی سەرکەوتوانە تەواوکرد، بوو بە مامۆستا و لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت خەریکی خوێندەوارکردن و پێگەیاندنی منداڵانی نەتەوەکەی بوو. لەو ساڵانە دا بوو کە بەهۆی بەشداریی کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی خزم و تایفەی خۆی (لە سێ بنەماڵەی بە ناوبانگی سەردەشت حەسەنپوور، حەدداد و حەکیم زادە) لە تێکۆشانی سیاسی و حیزبی دا، هۆگریی کەوتە سەر #حیزبی دێیموکراتی کوردستان#. لە دەیەی چلی هەتاوی و لە کاتێک دا ببووە مامۆستایەکی ناسراوی ناوچەی سەردەشت، زۆر جار دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کادرەکان و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەبوو. سەرئەنجام ساڵی 1342ی هەتاوی دێتە ڕیزی ئەندامانی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستان. کاک حەمە ڕەسوڵ بەهۆی جێگەو پێگەی کۆمەڵایەتی و، بەرزیی پلەی خوێندن و ئاگایی و هۆگریی زۆری بە تێکۆشان، زۆر پتر لە ئەندامێکی نهێنی خۆی بۆ کاری سیاسی و حیزبی و ڕێکخستن تەرخان دەکاو بە کردەوە ڕۆڵی کادرێکی حیزبی دیموکرات لەنێو تەشکیلاتی نهێنیی حیزب دا دەگرێتە ئەستۆ. ساڵی 1347 لە هەلومەرجێک دا کە شۆڕشگێڕانی حیزبی دیموکرات ناوچەی سەردەشت و زۆر ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردبووە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی شایەتی، حەمەڕەسوڵ حەسەن پوور کەوتە بەر شاڵاوی دوورخستنەوە و لەلایەن ساواکەوە بۆ شارەکانی “گورگان ”و “تەفریش” دوور خرایەوە.
هاوڕێ حەمەڕەسوڵ حەسەن پوور بەهۆی باوەڕی پتەوی بە ڕێبازی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەردەوامبوونی لەسەر تێکۆشان لە چوارچێوەی ڕێکخستنە نهێنییەکانی ئەم حیزبەدا، لە کۆنگرەی سێیەمی حیزب کە ساڵی 1352ی هەتاوی پێکهات، بێ ئەوەی بۆ خۆی لە کۆنگرە ئامادەبێ و لە کاتێک دا هەر وا لە دوورخراوەیی دا ژیانی بە سەر دەبرد، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا. کاتێک ماوەی دوور خراوەیی ئەم مامۆستا خەباتکارە کۆتایی پێ هات و گەڕایەوە سەردەشت، بە جۆرێکی شایان لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیی لێ کرا. ئەو مامۆستا دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە بە گەڕانەوە بۆ سەردەشت، گوڕو تینێکی تازەی دایەوە بە تێکۆشانی حیزبیی خۆی و ڕێکخراوی نهینیی حیزب لەو ناوچەیە. ساڵی 1357 لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان بە دژی ڕیژیمی شایەتی، هاوڕێ حەمەڕەسوڵ حەسەن پوور کە هەم لەنێو فەرهەنگیان و هەم لەنێو ئەندامان و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، پێگەیەکی بەرینی هەبوو، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕێکخستنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکان دا گرتە ئەستۆ. بە ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، کاک حەمەڕەسوڵ هەموو کات و توانای خۆی بۆ جێبەجیکردنی ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبی تەرخان کرد. ئەو هەر ئەرک و کارو بەرپرسایەتییەکی پێی سپێردرابا، بە دڵ و گیانەوە خۆی بۆ تەرخان دەکرد. ئەو سەرەرای ڕابردووی زۆری حیزبایەتی و پلەی بەرزی خوێندەواری و ناسراویی بنەماڵە، لە وەرگرتنی بەرپرسایەتیی حیزبی دا، زۆر موتەوازع بوو و هەر بەرپرسایەتییەک ڕێبەڕیی حیزب پێی سپاردبا، بە ڕووخۆشی وەری دەگرت و بەو پەڕی جیددیەتەوە جێبەجێی دەکرد. ئەو وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستان و وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت ساڵانێک خزمەتی کرد. بەهۆی ئەزموونی زۆری لە مامۆستایەتی و کاری پەروەردەو فیرکردن دا چەندین ساڵ وەک ئەندامی کۆڕی پەروەردەو فیرکردنی سەرانسەریی کوردستان، تێکۆشانی هەبوو. بەهۆی ئەمانەتداری و دەسپاکی ماوەی پێنج ساڵ بەرپرسایەتیی تەداروکاتی پێشمەرگەی پێ سپێردراو سەرکەوتوانە بەڕێوەی برد. کاک حەمەڕەسوڵ لە کۆمیسیۆنەکانی کۆمەڵایەتی، ماڵی و سیاسی-نیزامییش وەک ئەندام ئەرک و بەرپرسایەتیی بەڕیوە بردووەو بۆ ماوە زیاتر لە دوو ساڵیش بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب بوو.
هاوڕێ حەمەڕەسوڵ حەسەن پوور، شانبەشانی بەڕێوەبردنی دلسۆزانەی ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبی، لە کاری فەرهەنگییش غافڵ نەبوو. هەمیشە کاتی بۆ خوێندنەوەو وەرگێڕان و نووسین تەرخان دەکرد. لەگەڵ ڕاگەیەنەکانی حیزب، هەر هاوکارییەکی لە دەست هاتبایە درێغی نەدەکرد. بە هەوڵی ماندوویینەناسانەی کۆمەڵێک پەڕتووک بریتی لە نووسین و وەرگێڕانی پێشەکشی پەڕتووکخانەی کوردی کردوون.
ژیان لە سەنگەری فێرکردن و تێکۆشان و خۆ تەرخانکردن بۆ وانەکانی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی، حەمەرەسووڵ حەسەنپووریان کردبوو بە کەسایەتییەکی خۆشەویست لە ناوچەی سەردەشت و لەنێو حیزبی دیموکراتی کوردستاندا. حەمەڕەسووڵ حەسەن پوور، مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی، هێمن، دلسۆز، نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیر بوو. بە کۆچی دوایی ئەو خەباتکارە دێرینە، حیزبی دیموکرات و گەلی کورد، ڕۆڵەیەکی بەوەج و بەنرخی خۆیان لە دەست دا.[1]