کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: #مۆفەق میراودەلی#
لە بارەی کتێبەکەوە:
جەمال عیرفان یەکێکە لە ڕووناکبیرەکانی شاری سلێمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، لەو سەردەمەدا لە بواری ڕۆژنامەوانی و ئیداری و سەربازی ناوی دەبرێت، لەڕوانگەی وتارەکانی یاخود بەشداری لەبواری ئیداری، هەروەها وەرگرتنی پلەی سەربازی.
روون و دیارە لە ڕۆژی شەهیدکردنی تا ئەمڕۆ کۆمەڵێ وتاری لەبارەوە نووسراوە، لە چەند سەرچاوەو کتێبێکی کوردی و بیانی ناوی هاتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کتێبێکی سەربەخۆو تایبەتی لەبارەوە نییە، تەنانەت هیچ لێکۆڵینەوەیەکی وردو گشتگیری لەبارەوە ئەنجام نەدراوە، لایەنە شاراوەو ناڕوونەکانی شەن و کەوی تەواو نەکراوە، ئەوەی هەیە لێرەو لەوێ ژمارەیەک وتارو بابەت و کورتەباسی لەبارەوە نووسراوە.
بەراستی زانیاری و کەرەستەو بابەتی تەواو لەبەردەست نین، تەنها چەند وتارێکی ڕۆژنامەوانی خودی خۆی هەیە، لەگەڵ لایەنی کۆمەڵایەتی کە خۆی لە ڕەگ و ڕەچەڵەک و بنەماڵەکەی دەبینێتەوە، ئەگەر نا زیاترئەوەی لەبارەی نووسراوە بابەتی ڕۆژانەن ناچنە خانەی لێکۆڵینەوەی زانستی و مێژوویی.
ئەوەی لەو کتێبەدا کۆکراوەتەوە بیرەوەری و یاداشت و نووسینی کەسانێکی ئەو ڕۆژگارەن، کە هاوسەردەمی جەمال عیرفان بوون، لەگەڵ ژمارەیەک وتارو بابەتی دیکە، بەڵام من لێرەدا هەوڵم داوە وتارەکانی جەمال عیرفان و ئەوەی لەسەری نووسراوە لە (ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەکان)و کتێب و سەرچاوە کوردی و بیانییەکان کۆبکەمەوە، لە چوارچێوەی ئەو کتێبەدا بیخەمەڕوو.
کاری من لێرەدا تەنها کۆکردنەوەو ئامادەکردنی کتێبەکەیە، نەهاتووم بەوردی لە جەمال عیرفان بکۆڵمەوە، سەرجەم لایەنەکانی شەن و کەو بکەم، پاشان بڕیاری ئەوە بدەم جەمال عیرفان کێ شەهیدی کردو بۆچی شەهید کرا، بۆیە هیچ کام لەم زانیارییانە گوزارشت لە ڕاو بۆچوونی من ناکەن، ڕاو بۆچوونی ئەوانەن کە لە هەریەکەیاندا ئاماژەم بە خاوەنی نووسین و باس و بابەت داوە، بەوردی سەرچاوەو پەراوێزەکانم دیاری کردوون، چونکە بڕیاردان لە بکوژانی جەمال عیرفان لەو ڕۆژگارەدا نەزانراوە، جا چ جای ئەوەی ئەمڕۆ پاش نزیکەی (100) ساڵ حوکمی ئەوە بدەین.
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە کۆمەڵێ زانیاری پەرش و بڵاو و نەزانراون لە چوارچێوەی ئەو کتێبەدا کۆکراونەتەوە، بە ئامانجی تاڕادەیەک ئاشنابوون بە جەمال عیرفان، ئەگەرنا پێم وایە زۆر شتی نەزانراو هێشتا ماون، دەشێ لەداهاتوو کەسانیتر ئەو کارە بکەن. [1]