بەناوی خوای گەوره و میهرەبان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان
پێشمەرگە قارەمانەکان
کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی
بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، لە دۆخێکی یەکجار دژوار و هەستیار، کە کوردستان و عیراق و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێ، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بە سەرکەوتوویی کارەکانی چوارەمین کۆنگرەی ئەنجامداو سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی هەڵبژاردو توانی دەستکەوتێکی تری گەورە بخاتە سەر خەرمانی خەباتی خۆی و درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و هەڤاڵ #مام جەلال# بێ.
بەستنی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای کۆچکردنی مام جەلال کارێکی یەکجار قوڕس بوو، هەموومان لەبەردەم بەرپرسیاریەتی گەورەی مێژووییدا بووین، دەبوو هاوتەریب کار بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی یەکێتییانەی سەرکەوتوو بکەین و دەستکەوتەکانیشمان بپارێزین و لە بەرامبەر خوێنی هاوسەنگەرانمان و کەسوکارە تێکۆشەرو قارەمانەکانیاندا بە ئەمەک بین، دەبوو کۆنگرەی یەکێتی ببێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ نوێبوونەوەی یەکێتی و هێنانە پێشەوەی خوێنی تازه و کارکردن بە فۆڕمێکی نوێی حزبایەتی کە تازەیە بۆ ناوچەکە.
یەکێتییە تێکۆشەرەکان...
زۆر کەس لای وابوو بەستنی کۆنگرە لای یەکێتییەکان بۆتە مۆتەکه و لەدوای جەنابی مام جەلال هیچ کەس ناتوانێ گرەنتی بەستنی کۆنگرەیەکی یەکێتییانەی یەکگرتوو بکات، زۆرکەسیش گرەویان لەسەر لەتبوونی یەکێتی دەکرد، بەڵام دواجار بە هەوڵ و هیمەتی هەموو دڵسۆزان، بە بەشداری سەرجەم یەکێتییەکان چ ئەوانەی لەناو هۆڵی کۆنگرە بوون و نوێنەرایەتی ناوچه و دەڤە ڕە جیاوازەکانیان دەکرد، چ ئەوانەی پەرۆش بوون بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەکە، توانیمان لەژێر دروشمی نوێبوونەوە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سازبکەین فۆڕمێکی تازەی حزبایەتی و سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ یەکێتی هەڵبژێرین و هەموومان پێکەوە دەست لەناو دەست بۆ خزمەتکردنی کوردستانیان و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی یەکێتیمان لەپێناو ئایندەیەکی ڕوون و ئاشکرادا.
کوردستانیانی خۆشەویست...
دوێنی یەکێتی حزبی گەڕاندنەوەی ئومێد و هیوا بوو بۆ کوردستان، یەکێتی بوو دڕی بە تاریکی شەوە زەنگ داو لە کات و ساتە ناخۆشەکاندا، لە ڕۆژانی هێرش و داگیرکاریدا لە چرکەساتەکانی بەرگری کردن لە دەستکەوتەکاندا، بۆ خزمەتکردنی کوردستانیان و بەرگری کردن لە مافەکانیان، بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، بۆ مافی چارەی خۆنووسین و لەپێناو کوردستانێکی سەربەخۆو دیموکراسیدا، هەمیشە یەکێتی بووەتە قەڵغان و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووە، بۆیەشە هەموو هێزو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و لایەنە عیراقییەکان و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانیش بە ئومێدەوە لە یەکێتی دەڕوانن و چاوەڕوانن تەواوبوونی کۆنگره و گۆڕانکارییە نوێکان یەکێتی بباتە قۆناغێکی نوێی خەبات، ئێمەش لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هەمیشە لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی خۆمان لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییە عیراقی و کوردستانییەکان لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینه و هاوبەشی لە بڕیاردان و پاراستنی دەستکەوتەکان و بەدەستهێنانی مافەکانمان بەردەوامی پێدەدەین و فراوانتریان دەکەین.
دووپاتیشی دەکەینەوە کە بە وەفاو ئەمەک دەبین بەرامبەر خوێنی شەهیدانمان و درێژەپێدەری ڕێبازە پیرۆزەکەی سەرۆک مام جەلال دەبین و دەبینە قەڵغانی بەرگری کردن لە کوردستان و یەکێتیش دەکەینەوە به و یەکێتییەی لەپێناوی دامەزراو خەباتی کردو قوربانیدا.
لێرەشەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم هەڤاڵانی سەرکەوتوو دەکەم، ئەوانەی توانیان متمانەی ئەندامانی کۆنگرە بەدەست بێنن و ببنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی و ئەوانەشی نەیانتوانی سەرکەون دەبێ لە جاران زیاتر دڵسۆزانە بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنی حزبەکەمان کاربکەین.
کۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#26-12-2019#