بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم.
پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم و هیوای خێر و خۆشیان بۆ دەخوازم. لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بکەم کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بە ڕووی تەحەددیاتدا وەستاون و سەختی و زەحمەتیی زۆریان بینیوە.
سوپاس بۆ خودای گەورە و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵک، ئێستا هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بووژانەوە و چاکسازی و سەقامگیری هەنگاو دەنێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە لە عێراقدا هەیە ئێمە هەمیشە خوازیاری چارەسەربوونی کێشەکان و ژیانێکی سەربەرزانە بۆ تێکڕای خەڵکی عێراق بووینە و لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار هۆشداریی ئەوەمان داوە کە عێراق بەرەو هەڵدێڕ دەڕوات و جەختمان لەوە کردووەتەوە ئەگەر بنەماکانی حوکمێکی مەدەنی و دەستوور جێبەجێ نەکرێن عێراق تووشی چارەنووسێکی نادیار دەبێت.
ئێستایش بە نیگەرانییەکی زۆرەوە موتابەعەی گرژی و ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەو دواییەی عێراق دەکەین. لەو بڕوایەداین کە نابێ لایەنە عێراقییەکان ڕێگە بدەن وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی گرفت و ململانێ و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی تر.
هەروەها بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی داوا ڕەواکانی خۆپێشاندەران و گەڕانەوەی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەکەین و لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک داین و یارمەتیدەری هەر ڕێگەیەک دەبین کە ببێتە هۆی چارەسەربوونی کێشەکان و بەدیهاتنی دادپەروەری و داواکارییەکانی خەڵک.
لەگەڵ هەموو ئەوەیشدا هەر هەوڵێک ڕەت دەکەینەوە کە ببێتە هۆی پاشەکشەی دیموکراسی یان ئەوەی ماف و دەستکەوتی پێکهاتەکان و گەلی کوردستان بخاتە ژێر هەڕەشەوە. چونکە هۆکاری سەرەکیی گرفتەکانی عێراق پێشێلکردنی دەستوور و ئیدارەدانی هەڵە و تاکڕۆیی بووە نەک ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەکان.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و کاروباری دامودەزگاکانی هەرێم، پشتگیریی بەرنامە و کاری سەرۆکایەتیی هەرێم و پارلەمان و حکوومەتی هەرێم دەکەین بۆ بەڕێوەبردن و، چەسپاندنی چاکسازیی کە داواکاریی خەڵکی کوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانە. هەروەها جەختیش لە پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان و قووڵترکردنی ئەو فەرهەنگە بەرزەی گەلەکەمان دەکەینەوە کە بووەتە هۆی تەبایی و ئاشتی و برایەتی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و ئەم پێکەوەژیانە وەک گلێنەی چاومان دەپارێزین.
لە کۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی کوردستان و عێراق و ئاشتیی گشتگیر لە ناوچەکەمان و جیهاندا بێتە دی.
مسعود بارزانی
#31-12-2019#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!